بایدن باس لە ڕەوشی ئەفغانستان دەکات، هاوکاتی ئەو ڕەخنانەی کە روبەڕوی دەبنەوە
  2021-08-21       1648       

ئا: ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا

جۆو بایدن، سەرۆكی ئەمریكا بەردەوامە لە روبەڕوبونەوەی ئەو تەوژمە سیاسییەی لە ئەنجامی ڕوخانی حکومەتی ئەفغانستان و کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە لەلایەن تالیبانەوە هاتوەتە ئاراوە.

پاش کۆبونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆک کامڵا هێرس، وەزیری بەرگری لۆید ئۆستن، وەزیری دەرەوە ئەنتۆنی بلینکن و تیمی ئاسایشی نیشتمانی لە کۆشکی سپی، بایدن دوێنێ هەینی لە وتارێکی لەسەر ڕەوشی ئەفغانستان پێشکەش کردو وتی: لە ڕۆژی دوشەممەوە ئێمە پێشوەچونێکی زۆرمان کردوە و فڕۆکەخانەی کابوڵمان کۆنترۆڵ کردوە و گەشتەکانمان دەستپێکردوەتەوە.

بایدن وتیشی: لە ئێستادا نزیکەی شەش هەزار سەربازی ئەمەریکایی لە فڕۆکەخانەی کابوڵن بۆ پارێزگاری کردن لە فڕۆکەخانە و هەوڵەکانی گواستنەوەی ئەمەریکاییەکان و ئەو ئەفغانیانەی ژیانیان لەمەترسیدایە بە پاریزراوی. سەرۆک وتیشی "ئەمە گەورەترین و سەختترین گواستنەوەی ئاسمانییە لە مێژودا، و تەنها وڵاتی کە توانای ئەنجامدانی کارێکی وەها سەختی هەبێت لە بەشێکی تری جیهاندا، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکایە."

بایدن جەختی لەئەوەش کردەوە کەلەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆدا لە نزیکەوە کار دەکات بۆ گواستنەوەی ئەو خەڵکە ئە ئەفغانستانەوە.

ئەو ویشی"ئێمە هەمو شتێکی کە لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی هاوپەیمانانمان لە ئەفغانستان، هاوبەشەکان و ئەو ئەفغانیانەی کە ڕەنگە ببنە ئامانجی هێرشەکانی تاڵیبان لەبەر ئەوەی پەیوەندییان بە ئەمەریکاوە هەبوە بە سەلامەتی لە ئەفغانستان دەربکەین." وتیشی "با ڕون بم هەر ئەمەریکاییەکی کە بخوازێت بێتەوە بۆ وڵات، ئێمە دەتگەڕێنینەوە بۆ وڵات".

هەروەها جەختیشی کردەوە لەوەی ئەم گواستنەوەی خەڵکە بێ مەترسی نییەو لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ئەنجام دەدرێت. بەڵام وتی "بەڵێن دەدەم هەمو سەرچاوەکان بخەمە گەڕ" بۆ ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە.

ئەم لێداونەی بایدن هاوکاتە لەگەڵ ئەو ڕەخنانەی لێیدەگیرێت بەهۆی ئەو ڕەوشەی لە ئەفغانستان ڕویداوە.

مایکڵ ئۆهانلۆن ئەندامی باڵای سیاسەتی دەرەوە لە دامەزراوەی بروکینگز کە مەیلی بە لای لیبرالیەتدا هەیە، وتی ئەوە شکستی سەرکردایەتی بو"زیاتر شکستهێنان بو لە بیرکردنەوە و پلاندانانی گونجاو."

تەنها لەماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا پشتیوانیکردنی بایدن بە ڕێژەی لەسەدا 7 دابەزی بۆ نزمترین ئاستی سەرۆکایەتیەکەی، لە ڕاپرسییەکی رۆیتەرز/ئیپسۆس دا لە ڕۆژی دوشەممەدا سازکرابو دەرکەوت کە تەنیا 46٪ی تەمەنی سەرو 18 ساڵ لە ئەمەریکا ڕەزامەندیان لەسەر ئەدائی دەسەڵاتی بایدن هەیە؛ کە ئەو ڕێژەیە دابەزیوە بەبەراورد بە راپرسییەکی دیکەی هاوشێوە کە ڕۆیتەرز/ ئیپسۆس لە ڕۆژی هەینیدا ئەنجامیداوە کە لە سەدا 53٪ بوە.

پشتیوانی جەماوەری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە پاشەکشێدایە؛ کە زۆرجار لەلایەن بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتیەکەوە وەک بنەمای بڕیاری کشانەوە لەئەفغانستان ناودەبرێت، لەکاتێکدا بە رێژەی لە 49٪ ی راپرسییەکە پشتگیری لەکشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا دەکەن، کە لەمانگی چوارەوە 20 خاڵ دابەزیوە، ئەمەش بەپێی ئەو راپرسییەی کە Morning Consult / Politico دوابەدوای کشانەوە شڵەژاوەکە ئەنجامدراوە.

وەڵامدانەوەی توندی کۆنگرێس

کاردانەوەکەی کۆنگرێس خێراو لەسەر بنەمای حزبیش بو. سەرۆکی کەمینەکانی ئەنجومەنی سینات میچ مککانەڵ بە کارەساتێک ناوی برد کە پەڵەی شەرمەزاری لەسەر ئەمەریکا کەم ناکاتەوە.

میچ مککانەڵ وتیشی"هەمو تیرۆریستێک لە سەرتاسەری جیهان، لە سوریا، عێراق، یەمەن و ئافریکا، شاگەشکەبون بە شکستی لەشکری ئەمەریکا بەدەستی رێکخراوێکی تیرۆریستی لە ئەفغانستان."

دیموکراتەکان ڕەخنەیان لە نەبونی ڕێکخستنی کشانەوەکە گرت؛ هەرچەندە ئاماژەیان بەوەدا کە بایدن ئەو خشتە کاتیەی جێبەجێکردوە کە لەلایەن سەرۆکی پێشو دانۆڵد ترامپەوە دیاریکرابو کە دەیویست تا 1ی مانگی پێنج بکشێنەوە.

سیناتۆر باب مەنێندز سەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات کە دیموکراتە لە لێدوانێکدا گوتی "من نائومێدم لەوەی کە بەڕێوبەرایەتیەکەی بایدن بە وردی لێکەوتەکانی کشانەوەی خێرای وڵایەتە یەکگرتوەکانی هەڵنەسەنگاندوە." هەروەها گوتیشی"ئێمە ئێستا گەواهی دەرئەنجامە ترسناکەکانی چەندین ساڵەی شکستی سیاسەت و شکستی هەواڵگیریین."

یاسادانەرەکان بەڵێنیاندا کە لێکۆڵینەوە لە کشانەوەی شکستخواردوی بەڕێوبەرایەتیەکە بکەن.

ئەفغانستان گەورەترین قەیرانی سیاسەتی دەرەوەیی سەرەتاکانی سەرۆکایەتی بایدن بو، بەڵام هەندێک لە شیکەرەوەکان ڕایانگەیاندوە کە دەتوانێت بەسەریدا زاڵ بێت.

لە ماوەیەکی نزیکدا، سیاسەتی بایدن سەنگدەخاتە سەر سەلامەتی و ڕێکوپێکی دەرکردنی ئەمەریکییەکان و ئەفغانییەکان و هاوڵاتیانی وڵاتانی سێهەم، ئەمە بێجگەلەوەی کە بەڕێوبەرایەتیەکە روبەڕو دەبێتەوە لەگەڵ لێشاوی پەنابەرانی ئەفغانی. تەنانەت پێش هاتنە سەرکاری تاڵیبانیش زانیارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ساڵی 2020 ئەوە دەدردەخەن کە 2.6 ملیۆن پەنابەری ئەفغانی هەیە کە سێیەم گەورەترین گروپی پەنابەرانن لەجیهاندا.

ئیرڵ ئەنتۆنی واین، جێگری پێشوی باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئەفغانستان کە ئێستا لە سەنتەری ویلسن کاردەکات، ڕێکخراوێکی جیهانیە بۆ لێکۆڵینەوەی سیاسی لە واشنتن وتی:"مامەڵەکردن لەگۆڕەپانەکەدا لە ڕۆژانی داهاتو و هەفتەکانی داهتودا سەنگی مەحەکن بۆ بنیاتنانەوەی متمانە."

قۆناغی داهاتو ئەوەیە کە ئەفغانستان نەبێتە روبەری سەرزەمینێکی بەپیت بۆ گەشەی تیرۆرو؛ پشتگیری هەندێک ڕێوشوێنی بنەڕەتی مافی مرۆڤ بکات، لەوانە چۆنیەتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ ژنان و کەمینەکانی دیکەدا.

هەروەها واین وتیشی"پێویستە ئەمەریکا و ئەندامانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر کۆمەڵێک پەیام و پەیامی ڕون بۆ تاڵیبان ڕێکبکەون سەبارەت بەوەی کە دەبێت حکومەتی نوێی ئەوان چی بکات."

بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەمەریکا ڕۆژی یەکشەممە نزیکەی 9.5 ملیار دۆلار لە یەدەگی حکومەتی ئەفغانستان کە لە هەژمارە بانکیەکانی ئەمەریکادا راگیراوە سڕ بکات. ئەم سەرمایانە دەبنە هێزێکی فشاری گرنگ لەکاتی دانوستان لەگەڵ تاڵیباندا.

کەمبونەوەی متمانە بە ئەمەریکا

ڕەخنەگران بە کێڤن مێککارتی رێبەری کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشەوە دەڵێن پاشەکشێی نارێکخراوی بایدن دەبێتە هۆی "زیانی درێژخایەن بە متمانەی ئەمەریکا"، وەک ئەوان دەڵێن پوچەڵکردنەوەی ئەو شتانەی کە دەیانوت قوربانیی خوێن و پارەی ئەمەریکایە کە لە ماوەی 20 ساڵی شەڕ و پێکدادانی ڕابردودا خەرجکراون.

مککارتی وتی"حوکمە خراپەکەی سەرۆک بایدن تەنها لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بوەهۆی خراپترین دەرئەنجام لە ئەفغانستان."

پنتاگۆن رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەئەفغانستان لە ساڵی 2001ەوە 824.9 ملیار دۆلار تێچوە. توێژەرانی زانکۆی بڕاون کۆی تێچونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەفغانستان و پاکستانیان بە نزیکەیی 2.3 تریلیۆن دۆلار مەزەندە کردوە. لە شەڕەکەدا 2442 سەربازی ئەمەریکایی و 3846 بەڵێندەری ئەمەریکایی کوژراون.

شیکەرەوەکان دەڵێن کشانەوەکە کاریگەری دەبێت لەسەر متمانەبەخشین بە ئەمەریکا، رێک هەروەک چۆن ڤێتنامی باشور لە ساڵی 1975دا روخا، بەڵام دەتوانرێت زیانەکان قەرەبو بکرێتەوە.

دانیال فراید، یەکێک لە شارەزاکانی ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک، کە سەنتەرێکی توێژینەوەیە سەبارەت بە پرسە جیهانییەکان لە واشنتۆن دەڵێت:"بە دڵنیاییەوە ڕوسییەکان و چینییەکان ژەمێک دەخۆن لەو ئاژاوەیەی ئەفغانستان."

لەدرێژەی پەیڤەکانیدا وتیشی "بەڵام وەکچۆن لە ڤێتنامیش داڕمانی سیاسەتی ئەمەریکا لە ئەفغانستان مانای ئەوە نییە کە پەیوەستبون و پشتگیری ئاسایشی ئەمەریکا بۆ ناتۆ و هاوپەیمانانی ئاسیا یان ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێ بەهان."

هاوپەیمانان، بە بەریتانیشەوە کە دوەم گەورەترین دابینکەری سەربازیی بو لە ئەفغانستان، بێهیوایی خۆیان راگەیاند دەرحەق بە شێوازی مامەڵکردن لەگەڵ کشانەوەکەدا.

ئارۆن دەیڤد میلەر، ئەندامی باڵای دامەزراوەی کارینگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی وتی"پرسیاری ڕاستەقینە ئەوەیە کە ئایا ئەوان لەم دەرئەنجامە دەکێشنەوە کە ئێستا ئێمە بێ متمانە و ناڕێکخراو و دوڕوین و ناتوانین پابەندبین بە بەڵێنەکانمانەوە."

میللەر وتیشی"پێموانییە بەو شێوەیە وەربگێڕێت" میلەر پێشبینی ئەوەدەکات کە ئەزمونی ئەفغانستان بە شێوەیەکی بنەڕەتی هاوپەیمانیە سەرەکییەکانی ئەمەریکا ناگۆڕێت.

شیکەرەوەکانی دیکە جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە مێژو حوکم لەسەر بڕیارەکەی بایدن دەدات کە ئەو بڕیارە لەکۆتاییدا دەتوانێت متمانەی ئەمەریکا بەرز بکاتەوە.

چارلس كۆپچان؛ ئەندامێکی باڵای ئەنجومەنی پەیوەندیە دەرەکییەکان، کە سەنتەرێکی توێژینەوەیە بۆ پرسەکانی سیاسەتی دەرەکی کە بنکەکایان لە نیۆرکە دەڵێت:"واشنتن لە کۆتاییدا هەستێکی وا دروستی هەبو بۆئەوەی لەکۆتاییدا بڕیارە سەختەکە بدات."

کۆپچان وتیشی "ئەم کۆششە بۆ بنیاتنانەوەی وڵاتەکە دەرئەنجامێکی نەبو." " کاتی ئەوە هاتوە کە کۆتایی پێ بێت سەرەڕای ئەو زیانە کورتخایەنەی کە بە متمانەی ئەمەریکاش گەیشتوە."

*جیسەسمین ئۆنی و کیدا کۆسترچی بەشداریان کردوە لەئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×