2021-07-27   6067     
ئا: ئاوێنە
نزیكەی سێ هەفتە بەسەر روداوەكانی 8ی تەمموزی ناو یه‌كێتیدا تێده‌په‌ڕێت، له‌دوایین پێشهاتو لێكه‌وته‌كانی ئه‌و ڕوداوانه‌دا دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دو برای لاهور شێخ جەنگی‌و ئەفسەرێکی باڵای ئاسایش ده‌رده‌كات.
هه‌رچه‌نده تائێستا میدیای ڕه‌سمی یهكێتیو میدیاكانی نزیك له‌به‌رپرسانی باڵای ئه‌و حزبه هیچ زانیارییه‌كی ڕه‌سمییان له‌وباره‌یه‌وه بڵاونه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام سه‌رچاوه ناڕه‌سمییه‌كانی ناو یه‌كێتی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه "ئەمڕۆ سێشەممە دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی سلێمانی، لەسەر سکاڵای كه‌سێك فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ هەریەک لەپۆڵاد شێخ جەنگی‌و ئاسۆ شێخ جەنگی‌و ئەفسەرێکی بەشی لیکۆڵینەوەی ئاسایش به‌ناوی (ن، ر) دەرکردوە".
پۆڵاد شێخ جەنگی، سەرۆکی پێشوی دەزگای دژە تیرۆر‌و ئاسۆ شێخ جەنگی، نوێنەری پێشوی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووه لەروسیا.
هاوكات به‌پێی چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌كی سۆشیال میدیای نزیك له‌به‌رپرسێكی باڵای یه‌كێتی ئاماژه بۆ ئه‌وه دەکەن كه هه‌رچه‌نده بافڵ تاڵەبانی سوره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی لاهور شێخ جەنگی هه‌رێمی كوردستان به‌جێبهێڵێت، به‌ڵام تائێستا لاهور شێخ جەنگی له‌شاری سلێمانییه.
له‌دوای روداوەكانی 8ی تەمموزو رۆژانی دواتری ناو یەكێتی كه بووه هۆی لاوازبونی پێگەی لاهور شێخ جەنگی له‌ڕوی سیاسی، ئه‌منی، سه‌ربازی، ئابوری‌و میدیاییه‌وه، بەڵام تائێستا نەتوانراوە لەگۆڕەپانەكەدا به‌ته‌واوی بیسڕنەوە.
له‌دوای ئه‌و ڕوداوانه‌دا كه ماڵباتی تاڵەبانی ناویان لێناوە "چاكسازیی‌و نوێبونەوەی یەکێتی"و لاهور شێخ جەنگی‌و لایەنگرەكانی بە "كودەتا" ناوی دەبەن، بافڵ تاڵەبانی سەركەوتو بووه لەوەی جڵەوی (دەزگای زانیاری، دەزگای دژەتیرۆر) لەدەستی لاهور شێخ جەنگی وەربگرێتەوەو لەپاڵ ئەمەشدا لەڕوی میدیاییەوی گورزێكی گەورەی لێداوه، بەڵام تائێستا سەركەوتوو نەبووە لەوەی بەتەواوەتی لەسەر شانۆی روداوەكانی ناو یەكێتی دوری بخاتەوە.
فەرمانی دەستگیرکردنه‌كه‌ی پۆڵاد شێخ جەنگی‌و ئاسۆ شێخ جەنگی له‌كاتێكدایه كه دوێنێ دوشەممە بافڵ تاڵەبانی بەئامادەبونی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی دەستەی کارگێری مەکتەب سیاسی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سەرجەم لێپرسراوی مەڵبەندەکانی یه‌كێتی كۆبوه‌وه.
له‌باره‌ی ناوه‌رۆكی كۆبونهوهكهوه زوبێر عوسمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی ڕایگەیاندووه، له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا لەسەر ئەو بژاردەیە رێککەوتون کە "هەردو هەڤاڵی هاوسەرۆک لەسەر بەرنامەیەک رێکبکەون لەپێناو بەرژەوەندی باڵای میللەتەکەمانو یەکێتیو لەئەنجومەنی سەرکردایەتی دوا بڕیاری لەسەر بدرێت کە بۆ ئەم قۆناغە گونجاو بێت."
ئه‌م ڕوداوو پێشهاتانه‌ی ناو یه‌كێتی له‌رۆژی 8ی تەمموزه‌وه ده‌ستیانپێكرد، کاتێک بەبڕیاری بافل تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر‌و دەزگای زانیاری گۆردران. ئەمەش ناڕەزایی لاهور شێخ جەنگی لێکەوتەوە، کە بافڵ تاڵەبانی لەمیدیاکانی نزیکییه‌وه چەندین تۆمەتی داوەتە پاڵ‌و بەهۆکاری ناسەقامگیریی سلێمانی‌و هه‌رێمی كوردستان، قاچاخچێتی، سه‌رانه وهرگرتنو دورخستنەوەی یەکێتی لەرێڕەوی راستەقینەی خۆی‌و خزمەتکردن تۆمەتباری ده‌كات.
بەڵام لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان له‌و په‌یامه‌یدا كه به‌بۆنه‌ی جه‌ژنی قوربانه‌وه ئاراسته‌ی كرد، هەنگاوەکانی بافڵ تاڵەبانی بە "کودەتا" ناوبرد‌و جه‌ختی له‌وه‌كرده‌وه كه ئهندامانو لایه‌نگرانی یه‌كێتی بهجێناهێڵتو ده‌ستبه‌رداری ده‌سه‌ڵاته‌كانی هاوسه‌رۆك بووه "به‌شێوه‌یه‌كی كاتی" بۆ "هاوسه‌رۆكی دووه‌م"، هه‌روه‌ها چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی یه‌كێتیشی ڕوبه‌ڕوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كرده‌وه.