بەریتانیاو دانیمارك بەهاوبەشی پەناخوازان بۆ ئەفریقا ڕەوانە دەكەن
  2021-06-29       2124       

ئا: كاوە ڕەش


دوای چەند ساڵێک باسكردن لەناردنی پەناخوازان بۆ دەرەوەی سنورەكانی ئەوروپا تا ئەو كاتەی كە چاو بەداواكاری كەیسی مانەوەیاندا دەخشێندرێت خەریكە پێشنیارەكان دەبنە یاساو  دەچنە بواری جێبەجێ كردنەوە. شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا، چەند یاسایەكی گەڵاڵەكراو دەخاتە دیبەتی هەفتەی داهاتووی دانیشتنی پارلەمانی وڵاتەكەی.


 بەپێی پڕۆژەیاسای گەڵاڵەكراو، وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، دەست كراوە دەبێت لەگواستنەوەی پەناخوازان بۆ ئەو كامپ و سەنتەرانەی لەدوورگەكانی دەرەوەی ئەوروپا كەسەر بەبەریتانیان، تائەوكاتەی داخوازی كەیسی پەناخواز ەكان یەكلایی دەبێتەوە.

وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، خانمە پریتی پاتێل، ڕایگەیاندوە، هەفتەی داهاتوو ئەو یاسا پێشنیاركراوانە، دەخرێنە دەنگدانەوە كەڕێگا دەدات بەگواستنەوەی پەناخوازان بۆ دەرەوەی سنورەكانی بەریتانیا. دەڵێ بەو هەنگاوەش ئێمە بەرەو پێشەوە دەڕۆین،  بۆچاكسازی بنەڕەتی لەبواری داواكاری پەنابەریدا. بەگوتەی وەزیری ناوخۆ، بەمەش پرۆسەكە خێراتر دەكرێت، لەكاتی وەڵامدانەوەی داوكاری مافی پەناخوازیی. ئەو گۆڕانكاریانەی بواری پەناخوازی لەبەریتانیا،  هاوكاتە لەگەڵ ئەو جووڵانەی بەشێك لەووڵاتانی یەكیەتی ئەوروپا دەستیان پێكردوە، لەنێویاندا ووڵاتی دانمارك، یاسایەكی هاوشێوەی پەسەندكردوە، لەسەرەتای مانگی حوزەیراندا، كەڕێگەی داوە پەناخوازان بنێرێتە دەرەوەی ئەوروپا، لەوكاتەی پێداچوونەوە بەداواکانیاندا دەکرێت.
بەپێی ئەو ڕاپۆڕتانەی لەڕایگەیاندنەكانەوە بڵاوكراونەتەوە، هەریەكە لەبەریتانیاو دانمارك هەم ئاهانگیان كردوە، لەكردنەوەی سەنتەرێكی هاوبەش لەئەفریقا، بۆ ناردنی پەناخوازان هەردوو ووڵات تالەوێ كەیسەكانیان یەكلای بكرێنەوە.
لەسێپتەمەری ساڵی ڕابردووش،  وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، پێشنیارێكی خستبوە بەردەم شارەزایان بۆ دیاری كردنی  دوورگەكانی سەربەووڵاتەكەی، لەكەنارەئاوییەكانی باشوری ئەتڵەسیەوە، یەكێك لەبژاردەكانیش دووگەی (سانت هیلینا) بوو، كەیكێكە لەدوورگە بوركانیاوەكانی سەر بەبەریتانیاو  هەرەوەها ئەو دوورگەی ئیمپڕاتۆری فەرەنسی (ناپلیۆن پۆناپارت) كۆچی بۆكردبوو، دواتر لەوێ ژیان ئاوای لێ كرد.
هەرچەندە ساڵی ڕابردوو، دەستەو ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆچبەران، زۆر بەتوندی دژی  ئەو پێشنیارە وەستانەوە، بەڵام بەهۆی گوشارەكانی سەرحوكمەتی بۆریس جۆنسن، دەربارەی لێشاوی هاتنی كۆچبەرانی نایاسایی، بەبەلەمی بچوك و چوپ، لەڕێگای چەناڵی ئینگلیزی، نێوان بەریتانیاو فەڕەنسا،  كەتەنها لەم ساڵدا ٥٧٠٠ پەناخوازی نایاسایی گەیشتون، پێدەچێت پارتی پارێزگاران كەزۆرینەی پارلەمانی هەیە، هەفتەی داهاتوو پرۆژە یاساكانی چاكسازی كەكۆت و بەندی زەحمەتری بۆ پەناخوازان و باندەكانی بازرگانی كردن بەگیانی كۆچبەرانی تێدایە، پەسەند بكات و بیخەنە بواری جێبەجێ كردنەوە. 
بەپێی ئەو یاساش، ئاژانسی نیشتیمانی سنورپارێزو وەزارەتی ناوخۆ دەتوانن پەناخوازان، تاكاتی یەكلای كردنەوەی كەیسەكانیان، بنێرنە سەنتەرو كامپەكانی ناو دوورگەو كەنارەئاوییەكانی دەرەوەی بەریتانیا.
بەمەش بەریتانیا دەبێتە هاوشێوەی ئۆسترالیا، لەشێوازی ماڵەكردن لەگەڵ كەیسی پەناخوازان لەدەرەوە سنورەكانی و هاوشێوەی دانیماركیش یاسای نوێی پەناخوازان پەسەند دەكات.
هەرچەندە یاساكەی ووڵاتی دانمارك لەلایەن پارتی سۆسیال دێموکراتی دانمارکەوە پشتگیری کراوە، کەسەرۆکایەتی حکومەت دەکات و بەپارتێكی دژە كۆچبەر دەناسرێت،  بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیسیۆنی ئەوروپا ، ئیدانەیان کرد .
ئادبێرت جەنز، وتەبێژی کۆمسیۆنی ئەوروپا ڕایگەیاندوە، کە یاساکە مەترسی ئەوەی هەیە، کەبنەماکانی سیستمی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەرانی جیهان بنپێ بخات. هەرەوەهادەڵێ، لەگەڵ یاساو  ڕێساكانی یەكییەتی ئەوروپا، یەك ناگرێتەوە.
لە بەهاری ئەم ساڵدا، دانمارک بوو بەیەکەم وڵاتی ئەوروپا، کەبڕیاری پێدانی مافی مانەوەی بەپەنابەرە سوریەکان هەڵوەشاندەوە، باسی لەوە كردوە کەنزیکەی 200 داواکاری سوریەكان ڕەتكراونەتەوەو پێویستە بگەڕێنەوە بۆ ووڵاتەكەیان، چونكە سوریا سەلامەتە بۆ ژیان. سەرەڕای ئیدانەکردنی بەرفراوانی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوان و ڕێكخراواكانی بواری پەناخوازان و مافی مرۆڤ، دەربارەی ئەو بڕیارەی دانمارك، بۆگەڕاندنەوەی بەزۆرە ملێی پەناخوازان بۆوڵاتە شەڕاوییەكان، بەڵام  هێشتا دانیمارک، لەهەڵوێستی توند خۆی، دژی کۆچبەران بەردەوامە.
ڕۆژنامەی تایمزی لەندەنی ڕایگەیاندوە، دەسەڵاتدارانی بینای ژمارە١٠ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا، لەشەقامی دۆنین، هەڵسەنگاندن و لێكۆڵینەوە دەكەن، بۆدۆزینەوەی سەنتەرێکی  داڵدەدانی پەناخوازان لە ئەفریقا، تا لەگەڵ وڵاتی دانیمارکدا، بەهاوبەشی  پەناخوازانی هەردوو ووڵاتی لێ نیشتەجێی بكەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×