چیرۆكی ئەو ژنە ئێزدییەی بەرامبەر ئازادكردنی دیلە كوردەكە كوژراوەكەی لای داعش داواكرابوو
  2021-05-29       3533       

ئا: ئاوێنه‌

 

ئەمڕۆ رێكخراوی داعش گرتەی ڤیدیۆیی (جەلال بابان)ی بڵاوكردەوە كە پۆلیسە و دانیشتووی ناحیەی ڕزگاری گەرمیانە، بابان جەلال بابان، لە بنەڕەتدا خەڵكی گوندی نارینی سەر بە ناحیەی قەرەتەپەی پارێزگای دیالەیە، ساڵ و نیوێك لەمەوبەر لەئامۆزایەكیدا بەناوی حەسەن والی لەگوندەكەی خۆیان لەلایەن داعشەوە ڕفێنران، دوای دوومانگ حەسەن ئازاد كرا، بەڵام جەلال لەوكاتەوە چارەنوسی نادیارە.

زیاد فایەق ئامۆزای جەلال بابان، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە، دوای دوو مانگ لە ڕفاندنی جەلال و ئازادكردنی ئامۆزاكەی تریان، داعش لە ڕێگەی ژمارە موبایلی نەناسراوەوە و لە زنجیرە چیای حەمرینەوە تەلەفۆنیان بۆ كردون، پێیانوتون: جەلال پۆلیسەو مەرجیان هەیە بۆ ئازاد كردنی.

مەرجی چەكدارانی داعش بۆ ئازادكردنی جەلال ئەوەبوو، كەسوكاری جەلال هەوڵی ئازادكردنی ژنێكی ئێزدی بدەن، گوایە هاوسەری یەكێك لە ئەمیرەكەیانەو لای دەزگا ئەمنیەكانی هەولێرە.

ئەو ژنەی داعش لەبەرامبەر ئازادكردنی جەلال دا داوایان دەكرد، ناوی ( ح ، م) ەو لەكاتی هێرشی داعشدا بۆ سەر شەنگال كەوتبووە دەست ئەو ڕێكخراوە، دواتر یەكێك لەئەمیرەكان لە خۆی مارەی بڕیووە و پێكەوە چوونەتە سوریا.

دوای شكستهێنانی داعش لە سوریا، ئەمیرەكەی داعش و ژنەكە گەڕاونەتەوە بۆ عێراق و لەیەك دابڕاون، دواتر ژنەكە بەناسنامەی ساختەوە لەهەولێر دەستگیركراوەو زیاتر لە ساڵێك زیندانی بووە.

زیاد فایەق، ڕوونیكردۆتەوە ئەمیرەكەی داعش، ژنە ئێزدیەكەی بە هاوسەری خۆی ناوبردووە و لەبەرامبەر ئازادكردنی جەلالدا، داوایكردووە، وتی "ئێمەش هەوڵەكانمان خستەگەڕ بۆ ئازادكردنی ژنەكە، تا داعش جەلالمان بداتەوە، فرسەت سۆفی پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر زۆر هاوكارمان بوو، ژنەكەمان ئازاد كرد"،  بەڵام بەپێی وتەی زیاد، دواتر ئەمیرەكەی داعش لەبەڵێنەكەی پاشگەز بووەوە، لەبەرامبەر ڕادەستكردنی جەلالدا، داوای دەكرد ژنەكەی ڕادەست بكرێت.

فایەق ئاماژەی بەوەكردووە "دەزگا ئەمنیەكان وتیان: هیچ یاسایەك و تەنانەت ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش ڕازی نابن، لەبەرامبەر ئازادكردنی كەسێكدا، ژنێكی ئێزدی بدرێتەوە داعش، ڕاستیشیان كرد، ئەوە نەدەكرا، بۆیە ژنەكە ڕۆیشتەوە بۆ نێو خانەوادەكەی، گفتووگۆكانمان لەگەڵ داعش سەرینەگرت، چونكە ئەمیرەكە سەرەتا داوای ئازادكردنی ژنەكەی كرد، ئێمە ئازادمان كرد، دواتر پاشگەز بووەو داوای دەكرد ژنەكەی ڕادەست بكرێت"، زیاد وتوشیەتی "داعش ٦ مانگ لەمەوبەر جەلالی كوشتووە، بەڵام ئەمڕۆ ڤیدۆكەی بڵاو كردۆتەوە".


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×