كه‌ركوك/ 2016/ ئۆپه‌راسیۆنێكی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له سنوری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كاروان ساڵحی
ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو
ژماره‌یه‌ك پله‌داری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ ناوه‌ندی كه‌ركوك، بۆ نوێنه‌راتیكردنی هه‌رێمی كوردستان له ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی دیكه‌ی عێراقدا، كه باره‌گاكه‌ی ده‌كه‌وێته سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن.
پێكهێنانی ئه‌و ناوه‌نده هاوبه‌شه دوای چه‌ندین مانگ له گفتوگۆ و دانوستانی نێوان هه‌ردو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و پێشمه‌رگه دێت.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه 23ی ئایاری 2021، ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی سه‌ربازی، یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی له سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن-ی شاری كه‌ركوك ئه‌نجامدا، به به‌شداری نوێنه‌رانی پێشمه‌رگه.
ئه‌وه یه‌كه‌مجاره له ماوه‌ی چوار ساڵی رابردودا پێشمه‌رگه به ره‌سمی بگه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ندی كه‌ركوك و ده‌وامبكات.
لیوا ته‌حسین خه‌فاجی، وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق به (كه‌ركوك ناو)ی وت "ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی نێوان پێشمه‌رگه‌و هێزه عێراقییه‌كان له سه‌ربازگه‌ی كه‌ی ون كراوه‌ته‌وه، هه‌شت ئه‌فسه‌ری لیواكانی یه‌ك و دوی سه‌ر به وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه له‌و ناوه‌نده‌دا ده‌وامی فه‌رمی ده‌كه‌ن."
هه‌ردو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم چه‌ندین كۆبونه‌وه‌یان كردوه له‌سه‌ر پێكهێنانی ژماره‌یه‌ك ژور و ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش كه دوانیان له به‌غدا و هه‌ولێر، ئه‌وانیتر له سنوری كه‌ركوك، مه‌خمور، دیاله و موسڵ دابنرێن.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی ئاگادار كه به‌هۆی نه‌بونی مۆڵه‌تی لێدوانه‌وه داوایكرد ناوی نه‌هێنرێت به (كه‌ركوك ناو)ی وت "یه‌كشه‌ممه 23ی ئایار پێنج ئه‌فسه‌ر له هێزه‌كانی پێشمه‌رگه گه‌ڕانه‌وه بۆ كه‌ركوك و له یه‌كه‌م كۆبونه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن به‌شداربون و گفتوگۆیان ده‌رباره‌ی ئه‌ركه‌كانیان كرد."
هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه له زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه، له ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا كه ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه 24ی ئایار ماڵپه‌ڕی ئه‌مینداریه‌تی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه بڵاویكردۆته‌وه، ئاشكرایده‌كات "رێککەوتن کراوە بۆ پێک‌ھێنانی چوار ژوری چالاکی ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراقی و ھێزەکانی پێشمەرگە لە پارێزگاکانی دیالە و کەرکوک و نەینەوا."
هه‌روه‌ها وتویەتی، ژوری هاوبه‌ش له كه‌ركوك ده‌ستبه‌كاربون، ژوری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شی دیاله له خانه‌قین ده‌بێت و دو ژوریش له موسڵ و مه‌خمور "به‌منزیكانه" ده‌كرێنه‌وه.
به‌وته‌ی ته‌ڵعه‌ت ژوره هاوبه‌شه‌كان ده‌بنه هۆی "بنیاتنانەوەی متمانە و لە داھاتودا پڕۆسەی ھاوبەش ئەنجام دەدەن."
بەپێی دەستوری عێراق، هێزی ئەمنی هەردو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەکانی جێناکۆک بەڕێوەببەن.
ناوەندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌شی دیاله چوارشەممە 19ی ئایار لە خانەقین دەستبەكاربو، لە نێوان هەردو وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق و پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێم، ئەوەش بەپێی وتەی عەمید نەبیل محەمەد، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لەو ناوەندە.
عەمید نەبیل محەمەد ئه‌وكات بە (كەركوك ناو)ی وت "بەڕێوەم بۆ ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی دیالە و وەكو یەكەم رۆژ دەستبەكاردەبم و نوێنەرایەتی وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێم دەكەم."
كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش دوابه‌دوای هه‌ڵكشانی ئاڵۆزی و كرده‌وه چه‌كدارییه‌كان دێت له كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری جێناكۆك.
وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی عێراق بۆ (كه‌ركوك ناو)ی رونكرده‌وه كاری ئه‌و ناوه‌ندانه له سه‌ره‌تادا ئاڵوگۆڕی زانیاری هه‌واڵگرییه ده‌رباره‌ی داعش به هه‌ماهه‌نگی هه‌ردولا، "بۆ رێگرییه له به قاچاغبردن و به‌هه‌ده‌ردانی داهاتی وڵاته‌كه‌مان، له ئاینده‌كی نزیكدا ئۆپه‌راسیۆن و كێوماڵكردنی هاوبه‌ش له ناوچه جیاوازه‌كانیش ئه‌نجامده‌ده‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و شوێنانه‌ی بۆشایی ئه‌منییان تێدایه."
لیوا ته‌حسین خه‌فاجی وتی "له‌م هه‌فته‌یه‌دا بڕیاره چه‌ند ناوه‌ندێكی تری هاوبه‌ش بكرێنه‌وه، ئێستا هه‌ر له دیاله و كه‌ركوك كراونه‌ته‌وه، دواتر له ناوچه‌كانی بۆ نمونه موسڵ و شنگال و چه‌ند شوێنێكی دیكه‌ش ده‌كرێنه‌وه."
فه‌رمانده و لێپرسراوانی ئه‌منی و حكومی هه‌رێمی كوردستان زیاد له جارێك داوایان له حكومه‌تی عێراقی كردوه كار بۆ هه‌ماهه‌نگی و نه‌هێشتنی بۆشایی ئه‌منی نێوان هێزه‌كان بكات، به تایبه‌ت دوای هێرشه‌كه‌ی سه‌ره‌تای مانگی ئایاری ناحیه‌ی پردێ دژی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه.
راكان جبوری، پارێزگاری كه‌ركوك به‌وه‌كاله‌ت 2ی ئایار له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا وتی، روداوه‌كانی توندوتیژی و جموجۆڵی داعش له پارێزگاكه زیاتر بون، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بۆشایی زۆری ئه‌منی نێوان هێزه عێراقییه‌كان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا.
دۆسیه‌ی ئه‌منی كه‌ركوك به‌ده‌ست هێزه‌كانی سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، حه‌شدی شه‌عبی، لیوای 61ی تایبه‌ت و پۆلیسی ناوخۆییه‌وه‌یه.
لیوا قارەمان كەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگه ئاماده‌نه‌بو هیچ لێدوانێك بۆ (كه‌ركوك ناو) ده‌رباره‌ی ناوه‌نده هاوبه‌شه‌كان بدات و وتی: ته‌نیا ئه‌و زانیارییانه هه‌یه بۆ میدیا كه بڵاوكراونه‌ته‌وه.
مه‌هدی ته‌قی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا یه‌كشه‌ممه 23ی ئایار له كه‌ركوك رایگه‌یاند ناوه‌ندی سه‌ربازی بۆ ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شه نه‌ك ئه‌وه‌ی شوێنه‌كانی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه یان حه‌شد یاخود هێزه‌كانی تر جیابكرێنه‌وه.
ته‌قی وتی، ئه‌وان پێشتر پێشنیازیان كردوه له‌و ناوچه‌ی بۆشایی ئه‌منی هه‌یه هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كنی حكومه‌تی فیدراڵیدا هه‌بن، "ئێستا پێویسته هه‌ردولا له‌ژێر یه‌ك ئاڵادا لوله‌ی تفه‌نگه‌كانمان رو له دوژمنه‌كانمان بكه‌ین."