دایکی سەردەشت: خودایه‌، ئه‌وه‌ی‌ وای‌ لێكردم، كوڕی‌ به‌كوڕم بێت
  2021-05-05       2276       

 ئا: كامه‌ران محه‌مه‌د


ژنێكی‌ لاوازی‌ ڕه‌نگ به‌فرینی‌، له‌ناو جلێكی‌ سه‌رتاپا ڕه‌شی‌ قه‌ترانی‌، هه‌میشه‌ قوڕگ پڕ له‌گریان، هه‌میشه‌ ڕو له‌ئاسمان، خه‌ڵكی‌ ڕۆژانه‌ پێنج فه‌رز نوێژ ده‌كه‌ن، ئه‌و كردویه‌تی‌ به‌شه‌ش‌و چێشته‌نگاویشی‌ بۆ زیادكردوه‌، له‌هه‌مو نوێژه‌كان له‌خودای‌ خۆی‌ ده‌پاڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت " خودایه‌، ئه‌وه‌ی‌ وای‌ لێكردم، كوڕی‌ به‌كوڕم بێت، كچی‌ به‌كچم بێت".


سێوێ‌ حه‌مه‌ده‌مین ئه‌حمه‌د دایكی‌ سه‌رده‌شت عوسمان، ئه‌و ژنه‌ی‌ له‌دوای‌ تیرۆركردنی‌ كوڕه‌كه‌یه‌وه‌ خه‌وی‌ زڕاوه‌و ته‌نیا سه‌ر له‌ئێواران تۆزێك ده‌خه‌وێت، دواتر تا به‌یانی‌ به‌بێداری‌ ده‌مێنێته‌وه‌. سێوێ‌ له‌باره‌ی‌ هه‌ڵسوكه‌وتی‌ سه‌رده‌شتی‌ كوڕی‌، كه‌ ئه‌و به‌ده‌شتی‌ ناوی‌ ده‌برد، ده‌ڵێت " هه‌ر له‌منداڵیه‌وه‌ له‌قوتابخانه‌ زۆر زیره‌ك بو، كوڕێكی‌ زۆر زۆر بێده‌نگبو، ئه‌وه‌ی‌ نازبو له‌م ماڵه‌ نه‌یده‌كرد، بێگرفتترین كوڕی‌ ماڵه‌وه‌ بو، خه‌وو خۆراكی‌ كتێب خوێندنه‌وه‌ بو، كه‌س نه‌یده‌بینی‌، هه‌ر كه‌ ده‌هاته‌وه‌، ده‌چوه‌ ژوره‌كه‌ی‌ خۆی‌ ئیتر له‌وێ‌ ده‌مایه‌وه‌، بۆ به‌خێرهاتنی‌ میوانیش نه‌ده‌هاته‌ خواره‌وه‌".

له‌باره‌ی‌ هاوڕێیه‌تیه‌وه‌ دایكی‌ سه‌رده‌شت، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ زۆر به‌وه‌فابوه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كانی‌‌و ته‌نانه‌ت هاوڕێی‌ هه‌بوه‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ خۆی‌ بردویه‌تی‌ بۆ سلێمانی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌ ئه‌ژنۆی‌ بۆ كردوه‌، وتیشی‌ " كه‌سێكی‌ ده‌ستبڵاو نه‌بو، ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ تیرۆریان كرد 12000 دیناری‌ له‌گیرفان بو".

یه‌كه‌مجاره‌ دیدارێك ئه‌نجامبده‌م، كه‌ به‌رامبه‌رم  گریانی‌ زۆرتربێت له‌قسه‌كردن، سێوێ‌ له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ ڕۆژه‌كانی‌ سه‌رده‌شتی‌ كوڕی‌ زۆر گریا، ماوه‌ ماوه‌ ده‌وه‌ستاو ده‌یگوت " ئاخر پێمگوت كه‌ چاوه‌كانت له‌سه‌ر ئه‌و كاغه‌زانه‌ داده‌نێی‌، وتی‌ دایه‌ ئاخر نوسین‌و خوێندنه‌وه‌ ئه‌وهای‌ ده‌وێت".  وتیشی‌ " نه‌مزانی‌ بو هه‌ڕه‌شه‌ی‌ له‌سه‌ره‌، خۆزگه‌ ده‌مزانی‌،  وه‌ڵڵا ئه‌گه‌ر به‌كۆڵه‌ پشته‌ی‌ خۆم بمبردبایه‌ ده‌ره‌وه‌ له‌م وڵاته‌م نه‌ده‌هێشت".

سێوێ‌ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌رده‌شتی‌ كوڕی‌ زۆر ڕێزی‌ دایك‌و باوكی‌ گرتوه‌و ده‌ڵێت " ئه‌و ڕۆژه‌ی‌ ئاهه‌نگی‌ ده‌رچونی‌ هه‌بو، من نه‌خۆشبوم‌و له‌نه‌خۆشخانه‌ خه‌وتبوم، بۆیه‌ ته‌نیا چه‌ند وێنه‌یه‌كی‌ گرتبوو ئاهه‌نگه‌كه‌ی‌ جێهێشتبو، هه‌ر كه‌ گه‌یشتبۆوه‌ ماڵه‌وه‌ ته‌له‌فۆنی‌ بۆ كردم‌و وتی‌ شه‌و من له‌گه‌ڵت ده‌مێنمه‌وه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌". وتیشی‌ " كاتێك تیرۆریانكرد، وێنه‌یه‌كی‌ له‌گیرفان بو، ده‌ستی‌ خستبوه‌ سه‌ر ملی‌ من".

دایكی‌ سه‌رده‌شت به‌هه‌نسكه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گێڕانه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ كوڕه‌كه‌ی‌‌و وه‌كو فه‌خرێكی‌ گه‌وره‌ وه‌سفی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت " له‌و ڕۆژه‌وه‌ی‌ سكیان سوتاندم، ئاگام له‌خۆم نیه‌".

سێوێ‌ باسی‌ ڕۆژی‌ ڕفاندنی‌ سه‌رده‌شتی‌ كوڕی‌ ده‌كات‌و ده‌ڵێت " به‌یانیه‌كه‌ی‌ كه‌ له‌گه‌ڵ برا گه‌وره‌كه‌ی‌ ڕۆیشت، تا سه‌یاره‌كه‌یان له‌به‌رچاوم ونبو، من هه‌ر سه‌یرم ده‌كردن، دوای‌ ماوه‌یه‌ك ته‌له‌فۆن بۆ ماڵه‌وه‌ كراو قوتابیه‌كی‌ هاوڕێی‌ بو، وتی‌ ئێمه‌ ئیمتیحانمان هه‌یه‌‌و سه‌رده‌شت نه‌هاتوه‌، منیش ته‌له‌فۆنم بۆ براكه‌ی‌ كردو وتم سه‌رده‌شتت له‌كوێ‌ دابه‌زاندوه‌، وتی‌ له‌به‌رده‌م كۆلیژ، به‌ڵام ده‌ڵێن فڕاندویانه‌، نه‌خۆشخانه‌و به‌ندیخانه‌م كردوه‌، شوێنه‌واری‌ نیه‌".

ئه‌و له‌گێڕانه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ تا شه‌و داهات هیچ سۆراغێك نه‌بو، شه‌و دره‌نگ كوڕه‌كه‌ی‌، كه‌ ئه‌فسه‌ری‌ ئاسایش بو پێی‌ وتوه‌ دایه‌ نوێژ بكه‌و له‌خودا بپاڕێوه‌، " ده‌ڵێن دوعای‌ دایك قه‌بوڵ ده‌بێت". سێوێ‌ وتیشی‌ " ئه‌و شه‌وه‌ زۆر پاڕامه‌وه‌ كه‌ خودا به‌م كوڕه‌م شادبكاته‌وه‌، به‌ڵام به‌ره‌به‌ری‌ به‌یان كوڕه‌كه‌ی‌ ده‌ستی‌ به‌گریان كردو وتی‌ خه‌به‌رم هه‌یه‌، كه‌ سه‌رده‌شت كوژراوه‌و ته‌رمه‌كه‌ی‌ له‌موسڵه‌، دیسان هه‌ر باوه‌ڕم نه‌كردو به‌یانی‌ باوكی‌ سه‌رده‌شت‌و چه‌ند كه‌سێك چونه‌ موسڵ، من له‌م ماوه‌یه‌ ده‌ستم به‌نوێژ كرده‌وه‌، وه‌ختێك ته‌له‌فۆنم بۆ كراو باوكی‌ سه‌رده‌شت بو وتی‌ " سێوێ‌ ئه‌وه‌ سه‌رده‌شتم دۆزیه‌وه‌، دڵم زۆر خۆشبو به‌و قسه‌یه‌و وامزانی‌ ماوه‌، به‌ڵام نه‌یهێشت چه‌ند چركه‌یه‌كی‌ پێبچێت‌و وتی‌ سه‌رده‌شتم بۆ دۆزیه‌وه‌، ئێستا جه‌نازه‌كه‌ی‌ دێنمه‌وه‌، من یه‌كسه‌ر له‌هۆش خۆم چوم".


لەژمارە ٣٧٦ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×