2021-01-27   2449     
سالار باسیره
به‌نده‌و د. هه‌ژار مه‌عروف له هه‌شتاكانه‌وه ئاشناین به یه‌ك به‌لام كاتێك به‌ته‌واوی له كارهكتهرو جیهانبینی ئه‌م مرۆڤه تێگه‌یشتم كە كتیبی بیرهوهریهكانیم (ڕه‌نجی فهرهادهكان) خوێنده‌وه. . ئه‌م مرۆڤه هه‌ر له قۆناغی هه‌رزه‌كاریه‌وه هوشیاری خۆی دروست ئه‌كات و به قۆناغه جیاوازه‌كانی ژیانی خۆیدا تێده‌په‌رێت و ده‌بێته كه‌سێكی خاوه‌ن هه‌ڵوێست و هه‌لگری فه‌لسه‌فه‌ی مرۆڤدۆستی و ئاشتیخوازیی و بەرەنگاربونەوەی دیکتاتۆریەت و زوڵم بە هەمو جورەکانیەوە. وەک پزیشك و پێشمه‌رگه و مامۆستای زانکۆ، لە ئه‌زمونه‌كانی ژیانی خۆیدا ڕاستگۆیانە هەمو ئەو بنەما فەلسەفیانەی بڕوای پێیان هەبوە پیادەیان دەکات. د.هەژار لە ژیانی پێشمەرگایەتیدا زۆر دژی شەڕی براکوژی بوە و ئازاری پێوە کێشاوە ، ئەو لە شوێن و کاتی خۆیدا ڕەخنەی بوێرانەی گرتوە لەم شەڕە و لە هەڵە و دیاردە ی ناشیرین و خراپ لە شۆڕش دا و هەر وەها لە هەندێ ڕوداودا ڕەخنەی لە هەندێ هەڵوێستی خۆیشی گرتوە ناوبراو یاده‌وه‌ریه‌كانی به زمانێكی ئەدەبیی ساده‌و جوان داڕشتوه كه هه‌موو كه‌س لێی تێبگات. گێڕانه‌وه‌کانی د.هەژار ته‌نیا بیره‌وه‌ریه كه‌سیه‌كانی خۆی نیه به‌لكو باس له بابەتە سیاسی و سایكۆلۆجی و كۆمه‌لایه‌تی و كهلتوریەکانیش ئه‌كات، له‌م رێگایه‌وه له چیرۆكی ژیان و ناخی زۆریك له مرۆڤه‌كانی تر تێئه‌گه‌یت. ڕه‌نجی فهرهادهكان باس له ژیانێك له نیوان غوربه‌ت و نیشتیمانیشدا ئه‌كات، ئەوکاتانەی د.هەژار لە ئێران و سوریا و ئەڵمانیا ژیانی بەسەربردوە. دیاره هەندێ لە ئه‌زمونه ئینسانیه تاڵه‌كانی قۆناغه‌كانی ژیانی ئه‌م مرۆڤه دەگاته ئه‌وه‌ی بنوسیت "ئایا ئیمه‌ی مرۆڤی ئێسته هه‌ر به راستی مرۆڤین ، یا قۆناغیكین له پرۆسه‌ی گه‌شه‌سه‌ندن بۆ دره‌ستبوونی مرۆڤی راسته‌قینه ، له ئایندهیهكدا كه وادیاره هیشتا زۆر دووره؟" . بەڵام د.هەژار لە کتێبەکەیدا باسی دەیان هەڵوێستی شیرین و جوان و پڕواتا و ئینسانیی باڵاش دەکات کە لە خەباتی نیشتمانی و چینایەتیی خۆێدا لە ئینسانەکان بینیویەتی. یه‌كێك له جوانیه‌كانی نوسه‌ر وه‌فایه‌تی به ناوهێنان و باسکردنی هەمو ئه‌و کەسانه‌ی خەباتی دڵسۆزانەیان کردوە و قوربانیی گەورەیان داوە و هاوكاریان کردوە له ڕۆژانی ته‌نگانه‌دا. نوسه‌ری كتێب له تاراوگه‌ش به ڕۆح هه‌ر له نیشتیمان بووه هه‌ربۆیه دوای 24 ساڵی له ژیانی تاراوگه به خۆی و ئەزمون و زانستهكهیەوە له بواری ده‌رونناسی نیشتیمان دوباره بۆلای خۆی ڕایكێشایهوهو گه‌ڕایه‌وه بۆ درێژەدانی ژیان‌و خەبات لە ئامێزی گەرمی گەلەکەیدا . کتێبی ڕەنجی فەرهادەکان بێدودڵی شایەنی خوێندنەوە یە، دیمەنی زۆر و بەسەرهاتە ڕەنگاوڕەنگەکانی ناوی بەشی چەند فلیمێکی سینەمایی دەکات، لە خوێندنەوەی بێزار نابیت چونکە دەتخاتە دۆخێکی دەرونیی وا کە حەزبکەیت بزانی بەسەرهات و ڕوداو و کەسی دواتر کێیە و چۆن بوە ، چیی کردوە؟