"مۆرمۆن" لەکوردستانە
  2020-12-30       1840       

 ئا: نیاز محەمەد

كەنیسەی مۆرمۆنی یاخود كەنیسەی یەسوعی مەسیح بۆ قەدیسانی رۆژی كۆتایی، لەهەرێمی كوردستان بەڕەسمی كاردەكەن. هەرچەندە هاتنی ئەوان بۆ هەرێم كاردانەوەی كەنیسەكانی دیكەی مەسیحی لێكەوتەوە، بەڵام نوێنەری كەنیسەكە لەسلێمانی دەڵێت كە كاری ئەوان راكێشانی مەسیحییەكانی كەنیسەكانی دیكە نییە بەلای خۆیاندا.


سالار جاف كە نوێنەری كەنیسەكەیە لەسلێمانی باس لەوە دەكات ساڵی 2016 بەرپرسانی كەنیسەی مۆرمۆن لەئەمریكاوە هاتونەتە هەرێم‌و قسەیان لەگەڵ بەرپرسان كردوەو لێرە دەستیان بەكاركردوە. 


سالار جاف كە خۆی وەك میشنەر بەمۆڵەتی لقی كەنیسەی مۆرمۆن لەسكۆتلاندا لەساڵی 2003ەوە گەڕاوەتەوە هەرێم‌و كاری میشنەری دەكات، باس لەوە دەكات كە تاوەكو ئێستا لەهەرێم بەشێوەیەكی ئاشكرا بانگەشە بۆ رێبازە مەسیحییەكەیان ناكەن بەڵكو زیاتر لەڕێگەی رێكخراوی خێرخوازی قەدیسانی رۆژی كۆتایی (Latter-Day Saints)ەوە LDS كاردەكەن كە زیاتر كارەكانیان خێرخوازییە.


هەرچەندە ناوی رێكخراوەكەش لەناوی كەنیسەكەوە وەرگیراوە بەڵام سالار جاف دەڵێت كە كاری رێكخراوەكەیان هیچ پەیوەندییەكی بەكاری میشنەرییەوە نییەو تەنیا كارێكی خێرخوازی پەتییەو لای ئەوان قەدەغەیە ئەو كارە تێكەڵ بەكاری میشنەری‌و مژدەدەری بكرێت، ئەو وتی "خەڵك لەمڕۆژەدا پێویستی بەئایین نییە هێندەی پێویستی بەهاوكارییە".


لەبارەی ئەوەی كە كاری میشنەری لەڕێگەی چییەوە ئەنجام دەدەن سالار جاف ئاماژە بەوە دەكات كە لەم قۆناغەدا تەنیا لەڕێگەی پەیوەندییە كەسییەكانەوە ئەو كارە ئەنجام دەدەن‌و هیچ بانگەشەیەكی ئاشكرایان بۆ كاری مژدەدەری و میشنەری نییە. 


دەشڵێت كە هەمو كارەكانیان لەچوارچێوەی یاساكانی هەرێمی كوردستاندا دەكەن‌و پابەندن بەهەمو یاسا بەركارەكانی كوردستانەوەو لەهەمو وڵاتێكی دیكەش بەو جۆرە كارەكانیان دەكەن. گلەیی ئەوەش دەكات كە هەندێك كەنیسە هەن بەبێ هیچ مۆڵەتێك لێرە كاردەكەن. 


چیرۆكی دروستبونی ئەم كەنیسەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی1830 كاتێك جۆزیف سمیس لەنێو هەمو ئەو كەنیسە مەسیحیانەی هەیە بەدوای كەنیسەیەكی ئەسڵدا دەگەڕێت. سمیس بەدامەزرێنەری كەنیسەكەو لەنێو پەیڕەوكارانی كەنیسەكەشدا وەك پێغەمبەر سەیر دەكرێت. "ئەو سەیری دەكرد ئەو هەمو كەنیسانە هەیە، دەیوت خوایە روبكەمە كامیان كە هەریەكەیان دەیوت من راستم، پاشان سمیس دەچێتە پاركێك‌و دوعا دەكات‌و لەوكاتەدا وەحی بۆ دێت‌و پاش چوار ساڵ كتێبی مۆرمۆن كە ئەوان پەیڕەوی دەكەن‌و شاردرابوەوە پیشانی سمیس دەدرێت".  


شوێنی سەرهەڵدانی كەنیسەكە ئەمریكایەو تائێستاش لەو وڵاتە زۆرترین پەیڕەوكاری هەیەو زۆرێك لەئەندامانی كۆماریخوازەكان شوێنكەوتوی كەنیسەكەن وەك سالار جاف دەڵێت كە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەپەیڕەوكارانی كەنیسەی ئەوانەو دەشڵێت "هۆکاری ئەوەی ئێمەی كورد سەر بەو كەنیسەیەین ئەوەیە خزمەتی وڵاتی خۆمان بكەین لەڕێگەی بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی ئەو كەنیسەیەوە لەئاستی جیهان". 


رێبازەكەی ئەوان وەك كەنیسەی مۆرمۆن بەوتەی سالار پێشوازی زۆری لێكراوە لەكوردستان‌و باسیش لەوە دەكات كە تائێستا خەڵكێكی زۆر پەیوەندی پێوەكردون بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی كەنیسەكەیان، ئەو وتی "بەڵام ئێمە پەلەمان نییە بۆ پێشوازی لەو كەسانەو پێشمانوتون نابێت پەلە بكەن چونكە رێگەكەی ئێمە سەخت‌و قورسەو رێگەی سەخت‌و قورسیش كەم كەس هەڵیدەبژێرێت".


رونیشیدەكاتەوە كە رێساو پابەندبونەکانی ئەوان قورسەو ئەبێ ئەو كەسەی لەكەنیسەی ئەوان قبوڵ دەكرێت كەسێكی رەوشتبەرز بێت‌و لەكحول‌و جگەرە بەدور بێت‌و تەنانەت لەخواردنەوەی چاو قاوەش بەدور بێت، ئەمە وێڕای ئەوەی ئەو كەسانەی ئەندامی كەنیسەكەن دەبێت زەكات بدەن‌و مانگانە رۆژێك بەڕۆژو بن، ئەو وتی "هەر شتێك زیانی بۆ جەستەی مرۆڤ هەبێت نابێت بەكاربێت چونكە لای ئێمە جەستە شتێكی دیكەیەو بۆئەوەیە بتوانێت پلانە ئیلاهییەكە جێبەجێ بكات". 


سالار ئامادە نەبو ژمارەی ئەو كەسانە بۆ ئاوێنە ئاشكرا بكات كە لەماوەی كاركردنیان لەكوردستان بونەتە مەسیحی‌و پەیوەندییان بەكەنیسەكەی ئەوانەوە كردوە، ئەو وتی "ئەوە تایبەتمەندییەو ناتوانین لەئێستادا بیدركێنین. ئێمە لەپێناو خۆشەویستی لێرە هەین رەنگە دركاندنی ئەوە زیان بەخۆشەویستی بگەیەنێت‌و كێشە ساز بكات بۆیە نابێت ئەو ژمارانە باس بكەین"، تەنیا ئەوەندەی وت كە "هێندە ئەندامیان هەیە بتوانن لقێكی كەنیسەكە لێرە بكەنەوە".


ئەو قسەیەی ئەو لەكاتێكدایە كە بەپێی سیستمی كەنیسەكانی مۆرمۆن، كردنەوەی هەر كەنیسەیەك لەناوچەیەك پێویستی بە4 تاوەكو 5 هەزار شوێنكەوتو هەیە. 


ئەو باس لەوە دەكات تاوەكو ئێستا روبەڕوی هیچ هەڕەشەیەك نەبونەتەوەو جگە لەوەی هەندێ كەنیسە كە لەساڵانی نەوەدەكانەوە هاتونەتە ئێرە كاردانەوەیان هەبوە، بەڵام ئەو وتی "ئێمە پێمانوتون خەمتان نەبێت ئێمە هیچ كەس لەكەنیسەی كەس نابەین". 


هەرچەندە باس لەوە دەكرێت كە ژمارەیەك بەرپرس لەگەڵ ئەو كەنیسەیە كاربكەن لەهەرێم، بەڵام سالار جاف رەتیدەكاتەوەو ئاماژە بەوەشدەدات كە "بەرپرسانی كورد باشن‌و پشتیوانی ئێمەو هەمو هەنگاوێكی باش دەكەن‌". 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×