دۆمەكان، خزمەتیان بەگۆرانی كوردی کردو جیاکارییان لەگەڵ کرا
  2020-12-28       2029       

ئا: ئاوێنە


دۆمەكان پێكهاتەیەكی سەرەكی كۆمەڵگەی كوردستانن، ئەگەرچی خزمەتێكی گەورەیان بەهونەرو ئاوازو مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی كردوە، بەڵام زۆرجار روبەڕوی هەڵاواردن‌و جیاكاریی بونەتەوە.


دۆم، تیرە یان توێژێكی كۆمەڵایەتی ناسراوی كوردستانن، كە سەدان ساڵە لەكوردستاندا دەژین، خاوەنی هەندێ‌ تایبەتمەندی خۆیانن كە پێی دەناسرێنەوە‌و لەگەڵ سەرجەم چین‌و تیرەو هۆزو توێژەكان‌و پێكهاتە ئایینی‌و كۆمەڵایەتی‌و ئتنییەكانی دی جیادەكرێنەوە.


دۆمەكان رەنگی پێستیان رەشتاڵەیە‌و بۆ دابین كردنی بژێویی ژیانیان، ژیانێكی كۆچەری‌و گەڕۆكیان هەیە کە بەپێی وەرزەكانی ساڵ بۆ شوێنی جیا جیا دەگوازنەوە.


دۆمەكان سەرباری گەڕۆكییان، بەڵام هێشتا لەگەڕان‌و سوڕانەوەیاندا لەسنوری كوردستان ناچنە دەرەوە‌و بەشێوەیەكی دیاریكراو كوێستان‌و گەرمیانیان لەسنوری سێ‌ میرنشینە ناودارەكەی كورد (ئەردەڵان‌و بابان‌و سۆران)دایە، لەرۆژهەڵات‌و باشوری كوردستان، كە دەكەوێتە هەردو دیوی سنوری عێراق‌و ئێرانەوە.


لەدوای داگرتنی گوندەكانی كوردستانەوە لەسەردەمی بەعسدا، دۆمەكان روبەڕوی كێشە بونەوە‌و بەناچار لەچەند شارو شارۆچكەیەك نیشتەجێ‌ بون.


پیشەی سەرەكی دۆمەكانی كوردستان گۆرانی وتن بوە، گۆرانی وتن لەبەرامبەر پارەو یارمەتی مادی، كە لەڕێگەی ئەم پیشەیەوە توانیویانە هونەرو ئاوازو مۆسیقا‌و گۆرانی كوردی بپارێزن‌، بەشێك لەلێكۆڵەران پێیانوایە ئەوە دۆمەكانن ناوی "دومبەك"‌و "تەمبور"یان هێناوەتە ناو زمانی كوردییەوە‌و لەدروستكردن‌و ژەنینی دەفیشدا دەستڕەنگین بون‌و لەناو زۆرینەی خەڵكدا بەوە دەناسرێنەوە كە كەم‌و زۆر سەرقاڵی سەرگەرم كردنی خەڵك بون بەدەنگ‌و ئاوازە خۆشەكانیان بەتایبەتی لەكاتی ئاهەنگ‌و شایی‌و هەڵپەڕكێدا.


لەپاڵ ئەمەشدا، دۆمەكان لەپیشەی دەستیدا كارامە بون وەك دروستكردنی قەفەزو تیرۆك‌و كەوچكی تەختەو دروستكردنی بنێشتی كوردی‌و كڵاش چنین‌و هاوكات خەریكی فاڵ گرتنەوەو بەخت خوێندنەوەش بون.


لەبەرئەوەی دۆمەكان لەپەراوێزی كۆمەڵگەدا ژیاون، وەك مارتین ڤان برۆنسەن باسی دەكات كە لەناو كوردا بەچاوی كەم سەیر كراون‌و تەنانەت بچوكترین جوتیاریش ئامادە نەبوە لەگەڵ ئەو لانەوازانەدا ژن‌و ژنخوازی بكات.


ئەم پێكهاتەیە بەئەندازەیەك یەراوێزخراون كە تێكەڵ بەكاروچالاكی سیاسی‌و كۆمەلایەتی‌و ئایینی نەبون‌و بواری بەشداریكردنیان بۆ نەڕەخسێنراوە، هەرچەندە لەبواری هونەرییدا رۆڵێكی گرنگ‌و بەرچاویان بینیوە.


دۆمەكان ئاستی خوێندەوارییان بەگشتی نزمە، لەناو ئەواندا هەر چەند ماڵێك كە پێكەوەن لەشوێنێكدا سەرۆكێكی دەستڕۆشتویان هەیەو لەوانی تر دەوڵەمەندترە‌و كێشەكانیان چارەسەر دەكات‌و لەكاتی تەنگانەدا بەدەمیانەوە دەچێت‌و فریایان دەكەوێت.


كچان‌و پیاوانی دۆمیش شان بەشانی پیاوان كار دەكەن‌و زۆرجار لەكاتی سوڕانەوەو گەڕان بەماڵاندا فریو دەدرێن‌و روبەڕوی دەستدرێژی سێكسی بونەتەوە، بەڵام كەسێك نییە لەمافەكانیان بپێچێتەوە ئەگەر توشی رەفتاری بەدو خراپیش ببنەوە لەلایەن كەسانی تاوانكاری ناو كۆمەڵگەوە، ئەمەش وایكردوە بەشێكیان توشی شێوانی دەرونی‌و ئازاری جەستەیش ببنەوە.


لەڕوی باوەڕ‌و ئایینەوە، زۆربەیان بەموسڵمان دادەنرێن، بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەی كە هەموو ئایینەكان توانیویانە بەسەر دیاردەی رەگەزپەرستی‌و رەنگی پێست‌و زمان‌و نەتەوەو شوێندا زاڵ بن، شێخ‌و مەلاو دەستڕۆشتوانی موسڵمانی كوردستان هەرگیز خۆیان لەكۆمەڵگە بچوكەكانی دۆمەكان نزیك نەكردوەتەوە، لەهەموو شوێنێك دەرگای مزگەوت‌و حوجرەكانی خوێندن بەڕویاندا داخراوە، ئەوان لەڕێورەسمە ئایینییەكانی وەك نوێژی هەیینی‌و جەژن‌و تەنانەت پرسەدانان لەمزگەوت دورخراونەتەوە. بەمجۆرە دۆمەكان بەبێ‌ ئایین جێهێڵدراون، ئەوان بەشێوەیەكی رواڵەتی بەموسڵمان دادەنرێن بەبێ‌ بەجێهێنانی ئەرك‌و سروتە ئایینیەكان.


چەند جارێك لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی کوردستان رایگەیاندوە كە نزیکەی 6 هەزار دۆم لەهەرێمی کوردستان هەن‌و زۆربەشیان لەتۆماری ساڵی 1957 ناویان هەیەو خاوەن رەگەزنامەو فۆڕمی خۆراکن، بەڵام حكومەتی هەرێم پاسپۆرتیان پێنادات، كە مافێکی رەوای خۆیانە، وەک هەر تاکێکی ئەم وڵاتە ببنە خاوەنی پاسپۆرت.


سەڕەرای ئەوەش هەڵوێستی زۆرینەی كۆمەڵگە بەرامبەر بەدۆمەكان دوژمنكارانە نییە، بەڵكو لایان جێی پەسەند بوەو ستایشی كاری جوانی ئەوانیان كردوە لەبواری گۆرانی‌و ئاوازو هونەر‌و پیشەی دەستیدا.


دۆمەكان كۆمەڵگەیەكی جیاوازن لەقەرەجەكان كە زۆرجار بەهۆی نەبونی زانیارییەوە لەسەریان لەگەڵ ئەوان تێكەڵ دەكرێن.


زۆربەی مێژونوسان‌وو لێكۆڵەران ئاماژە بەوە دەكەن كە رەچەڵەكی دۆمەكان دەگەڕێتەوە بۆ هندستان‌و پاكستان‌و لەوێوە كۆچیان كردوە بۆ رۆژئاواو بەشێكیان هەر لەسەدان ساڵ لەمەوبەرەوە لەكوردستان گیرساونەتەوە.


هەندێك لەلێكۆڵەران ئاماژە بەوە دەكەن كە دۆمەكان بەهۆی ئەوەی زۆرینەیان سەر بەئایینی هندۆسی‌و بودایی بون كاریگەرییان لەسەر سۆفیگەریی‌و ئایینی كاكەیی هەبوە لەكوردستان‌و بەشێكیشیان بون بەسۆفی‌و لەدەف ژەنیندا شارەزاو ناودار بون.


كۆمەڵگەی كوردی قەرزاری ماندوبون‌و بەخشینی زێڕینی سەدان ساڵەی دۆمەكانە لەبواری ئاوازو مۆسیقا‌و بەرهەمی میللی دەستكردو نەخش‌و نیگاری جوان‌و رازاوەو دەبێت هەڵاواردن‌و جیاكاریان بەرامبەر نەكرێ‌و پێویستیان بەدەستێكی دڵسۆزانە هەیە تا ئاوڕیان لێبدرێتەوە.

 

تێبینی: بۆ ئەم راپۆرتە بەشێوەیەکی سەرەکی سود لەكتێبی "تەتەڵە، پێداچونەوەو راستكردنەوەی هەڵە لەسەر چەند لایەنێكی مێژوی ئەم گەلە"، لەنوسینی "شاسوار هەرشەمیی" وەرگیراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×