ئەو كوردەی هەوڵیدا بچێتە ژوانی كچێكی ١٤ساڵ، كەوتە داوی ڕاوچیە منداڵبازەكانی بەریتانیاوە
  2020-12-15       8498       

ئا: کاوە رەش

 

کوردێكی دانیشتوی بەریتانیا، دەكەوێتە داوی ئەو گروپانەی كە ئەكاونتی ساختەی فەیسبوكیان دروستكردوە، بۆڕاوكردنی ئەوانەی بەدوایسێكسی منداڵاندا دەگەڕێن. كە ناسراون بە paedophile hunter group.


ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، لەناودادگای شاری(هۆڵ)ی وڵاتی ئینگلتەرا، دادوەر گوێبیستی چیرۆكی كوردێكی تەمەن٣١ ساڵ بوو بەناوی (ك.ع) كەچۆن ڕازی بووە، ژوان لەگەڵ كچێكی تەمەن ١٤ساڵان ببەستێت، دوای ئەوەی ماوەی سێ هەفتە، قسەو گفتۆگۆی  بەئۆنلاین لەگەڵ كردوە.


بەڵام ئەندرو بەیلی، كەدواكاری گشتیە بەدادگای ڕاگەیاندوە کە (ك.ع)ی ٣١ ساڵە، لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەندامێکی گروپی "راوکەری پادۆفیل" قسەی كردوەو، بڕوای وابوە كەئەوە، كچێكی ١٤ساڵە. 


داواكاری گشتی دەڵێ، چەند جارێك لەكاتی گفتۆگۆكاندا ئەو كچە ئەوەی بیرخستۆتەوە،  كە تەنها ١٤ساڵەو ترسی هەیە لەوەی بتوانێت ئەو ببینێت، بەڵام (ك،ع) هێشتا بەردەوام بووەو پەیامی سێکسی و وروژێنەری زیاتری بۆ ناردوە. 


لەو كاتەوەی لەمانگی ١٢ی ٢٠١٨دا،  پەیوەندیەكە دروست بووە، كوردە تەمەن ٣١ساڵەكە، بەكچە١٤ساڵەكەی گوتوە، كەئەو زۆرجوانەو دەیەوێ، وێنەی ڕووتی خۆی بۆ بنێرێت و گفتوگۆی وورژێنەرو سێكسی لەگەڵ كردوەو ،داوای یەكتربینینی لێكردوە.


بەڵام بێڵای تەمەن١٤ساڵ، كەكەسێكی ساختەبووە، بەو پیاوەی ڕاگەیاندوە، كەترسی هەیە لەوەی دووگیان ببێت، ئەویش گوتویەتی كۆندۆم بەكار دەهێنێت.


بەڵام لەدادگا ڕوون بۆتەوە كەلەكاتی گرتنی ئەو پیاوەدا، هیچ كۆندۆمێكی لەگەڵ خۆی نەهێناوە.


داواكاری گشتی دەڵێ،  ك،ع ڕازی دەبێت و بڕوا بەكچەكە دەكات، كەیەكتر ببینن لەقاوخانەیەكی نزیك وێستگەی شەمەندۆفێری شاری هۆڵ، لە٥ی جەنیوەری ٢٠١٩.


ك،ع بەكچەدەڵێ، كەبەدایكی بڵێت ئەو لەگەڵ هاوڕێیەكانیەتی، بۆ ئەوەی نەزانێت كەئەو دەبینێت.


بەڵام كاتێك (ك.ع) گەیشتە ئەو جێ ژوانەی لەخەیاڵی دابوو، لەجیاتی یەكتر بینین لەگەڵ (بێڵا)ی تەمەن١٤ساڵ، لەڕاسیتیدا  ڕووبەڕوو بوویەوە، لەگەڵ ئەو گرووپەی كەڕاوی كەسانی منداڵ باز دەكەن و پیان دەڵێن: (paedophile hunter group). دواتر پۆلیس گەیشت و ئەویان دەستگیركرد.


لەكاتی دەستگیركرنی لەلایەن پۆلیسەوە گوتویەتی، من دڵنیا نەبووم كە كچێكی تەمەن١٤ساڵ بێت، بەڵكو بڕوام وابوە كە ئەو كەسەی قسەی لەگەڵ دەكەم، ژنێكی پێگەیشتوو بێت، بەڵام دواكاری گشتی دەڵێ، لەكاتی پەیام گۆڕینەوەدا، بەردەوام كچەكە، بیری خستۆتەوە كەئەو تەمەنی ١٤ساڵە.


بەڵام لەكۆتایدا دادگا ئەوی تاوانبار كردوە، بەوەی هەوڵی داوە مندڵێك بخەڵەتێنێت و چاوی پێبكەوێت، تاچالاكی سێكسی لەگەڵ ئەنجام بدات. 


Paul Genney، پارێزەری بەرگریكاری ئەو كوردە، بەدادگای ڕاگەیاندوە، (ك.ع)  كوردێكی لەدایك بووی ئێرانەو بەهۆی چەوسانەوەی سیاسی و نەتەوەی، ١١ساڵ لەمەبەر، ڕووی لەبەریتانیا كردوە، هیچ پێشینەیەكی تاوانكاری نیە.


ئەو پارێزەرەی كوردەكە دەڵێ، ئەو لەخێزانێكی هەژاری كورد، پەروەردە كراوە، لەدەستی ڕژێمی ستەمكاری ئێران، هەڵهاتوە بۆ بەریتانیا.


ئەو بەهیوای ژیانێكی سەلامەت و باشتر هاتووە بۆ بەریتانیا، بەڵام لێرەش توشی كاری پڕزەحمەت و تاقەت پڕوكێن بۆتەوە، لەكاركردن لە شۆردنگەی ئۆتۆمبیل و كارگەكان بەكرێیەكی كەم.
پارێزەرەكەی، داوای لەدادگا كردوە، كەڕەچاوی ڕەوشی بێ خێزانیی و نالەباری ئەو كوردە بكرێت، لەكاتی سزادانیدا.


هەروەها دادگا گوێبیستی ئەوەش بوو كە (ك.ع) هیچ كەسێكی نیە لەبەریتانیاو كەسێكی تەنیا ماوە بەبێ خێزانەكەی.


ئەو ئێستا ڕووبەڕووی مەترسیەكی زۆر ڕاستەقینە بۆتەوە لەدوورخستنەوەی لەبەریتانیا. بەپێی یاساو ڕێساكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەوانەی تاوانی سێكسیی و كوشتن و دزی و تیرۆر، یاخود كەسانی مەترسیدارن لەو ووڵاتە، دیپۆرتی ووڵاتەكەی خۆیان دەكرێنەوە.


جێگای سەرنجە تائێستا ئەو گرووپانە، كەبەڕاوكەڕی منداڵ بازەكان ناسروان، جگە لەخەڵكانی ئینگلیزو غەیرە ئینگلیز، كەكەوتونەتە داویانەوەو لەچەندین ناوچەی جیاوازی بەریتانیا هەن، چەندین گەنج و پیاوی كوردیان ڕاوكردوەو،  ڕاستەوخۆ لەتۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاویان كردۆتەوە.


گرینگە ڕەوەندی كوردی، لەهەر وڵاتێكی ئەوروپی بێت، بەهۆشیارو ووریایەوە، مامەڵ لەگەڵ كەسانی خوار تەمەن ١٦ساڵ بكات و بەهیچ شێوەیەك پەیوەندی جنسی و هاوڕێیەتیان لەگەڵ نەبەستن. چونكە دواجار تووشی كێشەی یاسایی و زیندانی كردن و هەتا دیپۆرتكردنەوەشی لەگەڵدایە. 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×