دوێچەڤیلە: خۆپیشاندانەكان بپەڕنەوە بۆ سنوری پارتی، مەترسی زیاتر دروست دەكەن
  2020-12-12       2033       

ئا: ئاوێنە

 

كەناڵی "دوێچەڤیلە"ی ئەڵمانی ئاماژە بە جیاوازی خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان دەداو دەڵێت: چیتر دەسەڵاتداران ناتوانن سود لەئایدۆلۆژیای كوردایەتی و حیزبی وەربگرن بۆیە پەنادەبەربەر سەركوتكردن و ناشتوانن لەڕێگەی دامەزراندنەوە ئینتمای خەڵك بكڕن و لە ئەگەری پەڕێنەوەی خۆپیشاندانەكانیش بۆ ژێر دەسەڵاتی پارتی، مەترسی زۆر لەسەر دەسەڵات دروست دەكەن و دەشپرسێت، ئایا دەكرێت خۆپیشاندانەكان ببنە سەرەتای "بەهارێكی كوردی" لە هەرێمی كوردستان؟

 ماڵپەڕی كەناڵی دوێچەڤیلەی ئەڵمانی، لە راپۆرتێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردوی پارێزگای سلێمانی كە سوتاندنی چەندین بارەگای حزبی و بارەگای حكومەتی لێكەوتۆتەوەو خۆپیشاندەران جیاوازییان نەكردوە لەنێوان حزبەكانداو بارەگای بەشێك لەو حزبانەشیان سوتاندون كە لە حكومەتدا بەشدار نین.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە لەبەرامبەردا هێزە ئەمنییەكان غازی فرمێسكڕێژ و گوللـەی پلاستیكی و زیندویشیان بەكارهێناوە بۆ سەركەوتكردنی خۆپیشاندانەكان و دەیان كەسیشیان دەستگیركردون و لەمیانی خۆپیشاندانەكانیشدا "10 كەس كوژراون و نزیكەی 65 كەسی دیكەش بریندار بون."و هەروەك هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان فیلتەر كراون و قەدەغەی هاتوچۆ لەنێوان شارەكانی پارێزگای سلێمانیدا سەپێنراوە.

كەناڵەكە لەزاری چەند شیكەرەوەیەك و چاودێرانەوە باسی لەوە كردوە كە خۆپیشاندانەكانی ئەمجارەی هەرێمی كوردستان جیاوازن لەوانەی پێشو.

هەروەها نوسیویەتی: نەوەیەكی نوێی گەنج لە هەرێمی كوردستان هەن كە دەیانەوێت كاریان هەبێت و بەڵام بێكارن و ئەو نەوە نوێیەی گەنجانیشن كە بەشدارن لە ناڕەزایەتییەكانی ئەمجارەدا كە زۆربەی ئەوانەی هاتونەتە سەر شەقام گەنجن و زۆربەیشیان فەرمانبەر نین.

هەروەك ئاماژەی بەوەشداوە كە هاوشێوەییەك لەنێوان خۆپیشاندانەكانی بەغداو شارەكانی خوارو هەرێمی كوردستاندا هەیە و هۆكارەكانیشیان تاڕادەیەك هاوشێوەن.

راپۆرتەكەی دوێچەڤیلە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە راپرسییەكی پەیمانگای "چاتام هاوس"ی بەریتانیش پشتیوانی ئەم بۆچونە دەكات.

ریناد مەنسور، بەڕێوەبەری دەستپێشخەری عێراق لە پەیمانگاكە وتویەتی، تەنانەت لە سلێمانی هاوسۆزییەكی زۆر بۆ خۆپیشاندەرانی باشوری عێراق هەیە.

هەروەها ریناد مەنسور ئاماژەی بەوەشداوە كە دابەزینی نرخی نەوت لە ساڵی 2014ەوە وایكردوە حكومەتی هەرێم نەتوانێت گۆڕانكاری بكات و بڵاوبونەوەی كۆرۆناش كاریگەری زۆری هەبوە لەسەر ئابوری ناوخۆی هەرێم و ئەوەش بە مانای ئەوەیە چیدی ناتوانرێت ئینتمای هاوڵاتیان لەڕێگەی دامەزراندنیانەوە لە حكومەت، بكڕدرێت و دەسەڵاتدارانیش چیدی ناتوانن سود لە ئایدۆلۆژیا كۆنەكانی وەك ئایدلۆژیای كوردایەتی و حیزبی وەربگرن بۆیە پەنادەبەنە بەر جۆرێك لە جۆرەكانی سەركوتكاری.

زمكان عەلی سەلیم، گەورە راوێژكار لە پەیمانگای لێكۆڵینەوە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان لە سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە كە خۆپیشاندەران متمانەیان بە سیستمەكە نەماوە.

دوێچەڤیلە نوسیویەتی، دەكرێت ئەم خۆپیشاندانانە بە سەرەتای "بەهارێكی كوردی" ناوببرێت؟و ئاماژەی بەوەداوە كە خۆپیشاندانەكان تاوەكو ئێستا لە سنوری سلێمانی قەتیس ماون و بانگەواز بۆ پەڕینەوەیان هەیە بەرەو سنورەكانی ژێر دەسەڵاتی پارتی لە هەولێرو دهۆك، ئەگەر ئەوەش روبدات ئەوا كاریگەرییان زۆر زیاترەو مەترسی زیاتر لەسەر دەسەڵات دروست دەكەن.

زمكان عەلی وتویەتی "ئەم جوڵەیە یا دەبێت بەرفراوان ببن یاخود دەمرێت."و وتوشیەتی"پێموایە ئێستا پرسەكە لە پرسی موچەی دەرچوە. خەڵك لێرە پێداگرتن لەسەر ناڕەزایەتییەكان."


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×