كاوه‌ گه‌رمیانی‌، ئه‌و رۆژنامه‌نوسه‌ی‌ له‌سه‌ر‌ خۆپیشاندان 7 جار لێیدراو لەسەر راپۆرتەکانی 10 جار دەستگیر کرا
  2020-12-04       1042       


   ئا: ئاوێنه‌



كاوه‌ گه‌رمیانی‌، كه‌ رۆژنامەنوسی ئاوێنە بو له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان، بەر لەتیرۆر کردنی، بەهۆی رومالکردنی خۆپیشاندانەکانی دوای 17ی شوباتەوە، 7 جار له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ هێرشكرایە‌ سه‌ری‌و لەسەر راپۆرتەکانیشی 10 جار دەستگیر کرا‌‌، بەڵام سەرباەری ئەوەی دەیزانی بارودۆخی‌ رۆژنامه‌گه‌ری‌ له‌ناوچه‌كه‌یاندا "مه‌ترسیداره‌"، ئەو دەیوت "هیچ لێدان‌و دەستگیرکردنێک ساردم ناکاتەوە لەکارکردن".



كاوه‌ ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ناسراو به‌(كاوه‌ گه‌رمیانی‌) کە  شه‌وی‌ 5ی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ 2013 لەتەمەنی 31 ساڵیدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تیرۆر کرا، ماوه‌ی‌ دوانزه‌ ساڵ وه‌ك رۆژنامه‌نووس كار ده‌كرد، سه‌ره‌تا له‌ڕۆژنامه‌ی‌ (شارستانی‌)‌و رۆژنامه‌ی‌ (خه‌ڵك) ده‌ستیپێكردو دواتر له‌ساڵی‌ (2007)ه‌وه‌ له‌ڕۆژنامه‌ی‌ (ئاوێنه‌)‌و رادیۆی‌ (ئازادی‌) سه‌رقاڵی‌ كاركردنه بو له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان.
كاوه‌ له‌دوای‌ رووداوه‌كانی‌ (25)ی‌ شوباتی‌ ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان‌و ده‌ستپێكردنی‌ خۆپیشاندانه‌كان، به‌هۆی‌ رووماڵكردنی‌ رووداوه‌كانه‌وه‌ حه‌وت جار رووبه‌ڕووی‌ ده‌ستگیركردن‌و لێدان‌و هه‌ڕه‌شه‌ بۆوە‌‌و جارێكیش به‌هۆی‌ سه‌ختی‌ برینه‌كه‌یه‌وه‌ ره‌وانه‌ی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ گشتی‌ كه‌لار كراو دوو رۆژ له‌ژێر چاودێری‌ پزیشكیدا بو، كه‌ دواین جار رۆژی‌ (24/4) بو‌ له‌كاتی‌ رووماڵكردنی‌ خۆپیشاندانێكدا له‌سه‌ر شه‌قامی‌ گشتی‌ كه‌لار رائیدێكی ئاسایش بانگی‌ كردووه‌‌و زله‌یه‌كی‌ لێداوه‌‌و مۆبایله‌كه‌ی‌ لێوه‌رگرتووه‌، له‌به‌رامبه‌ریشدا كاوه‌ سكاڵای‌ یاسایی‌ له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری‌ ئاسایشی‌ كه‌لار تۆماركردووه‌.
گه‌رمیانی‌، جگه‌ له‌و سكاڵا یاساییه‌، دوو جاری‌ دیكه‌ش سكاڵای‌ تۆماركردوه‌، به‌ڵام وه‌ك خۆی‌ ئاماژه‌ی‌ پێدابو "تائێستا سیسته‌می‌ دادوه‌ریی‌ سه‌ربه‌خۆ نییه‌‌و به‌رپرسه‌كان ده‌ستگیر ناكرێن".
ئه‌و رایگەیاند بو له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنیدا ئاسایشه‌كان پێیانوتووه‌ "سه‌رپه‌رشتی‌ خۆپیشاندان" ده‌كه‌یت، له‌كاتێكدا ته‌نها رووماڵی‌ رووداوه‌كانی‌ كردوه‌‌و وتبوی‌ "ئه‌و رۆژنامه‌نوسانه‌ی‌ له‌میدیا ئه‌هلییه‌كان ئیش ده‌كه‌ن به‌چاوی‌ دوژمنكارانه‌ سه‌یر ده‌كرێن، چونكه‌ راستی‌ نیشان ده‌ده‌ن، ته‌نانه‌ت له‌كاتی‌ ده‌ستگیركردنمدا به‌دار‌و بۆكس لێیان ده‌دام، هه‌روه‌ها ده‌ستیان خستووه‌ته‌ ناو ده‌مم بۆ ئه‌وه‌ی‌ بمخنكێنن، جگه‌ له‌وه‌ش كامێرا‌و ریكۆرده‌كه‌یان شكاندووم‌و دواتر به‌ ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرد گواسترامه‌وه‌ بۆ گرتوخانه‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی‌ ئاسایشی گه‌رمیان كه‌ به‌بێ فه‌رمانی‌ دادگا ماوه‌ی‌ چوار كاتژمێر زیندانی‌ كرام‌".

كاوه‌ گه‌رمیانی‌ لەساڵی 2011دا‌ ئەو راپۆرتانەی له‌ماوه‌ی‌ كاركردنیدا له‌باره‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌ له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیاندا ئاماده‌ی‌ كردبوون، له‌دوو توێی‌ كتێبێكدا به‌ناوی‌ (گه‌رمیان له‌نێو به‌ڵگه‌نامه‌ ره‌شه‌كان)دا بڵاویكرده‌وه‌‌و به‌هۆی‌ ئه‌و كتێبه‌شه‌وه‌ چه‌ندین هه‌ڕه‌شه‌ی‌ دیكه‌ی لێكرا، به‌ڵام وەک خۆی دەیوت "هیچ هه‌ڕه‌شه‌‌و ده‌ستگیركردن‌و لێدانێك ساردم ناكاته‌وه‌ له‌كاركردن".
ئه‌م رۆژنامه‌نووسه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ماوه‌ی‌ خۆپیشاندانه‌كانی‌ ساڵی 2011دا حه‌وت جار هێرشی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام له‌ماوه‌ی‌ كاركردنیدا‌و له‌سه‌ر بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ گه‌نده‌ڵی‌، ده‌ جاری‌ دیكه‌ش ده‌ستگیر كراوه‌‌و ئازار دراوه‌.
كاوه‌ گه‌رمیانی‌ كه‌ ئه‌ندامی‌ كارای‌ سه‌ندیكای‌ رۆژنامه‌نوسانی‌ كوردستان‌ بو‌، وەک خۆی دەیوت "هیچ کاتێک سه‌ندیكا هه‌ڵوێستیان نه‌بووه‌ بەرامبەر بەو پێشێلکاریانەی بەرامبەری کراون"، ته‌نانه‌ت "به‌یاننامه‌یه‌كیشیان" له‌باره‌ی‌ ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ی‌ كراوه‌ته‌ سه‌ری‌ ده‌رنه‌كردووه‌‌و ئەو رایگەیاند بو "ئه‌و ده‌ستدرێژییانه‌ بۆ به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ زیاتری‌ ئازادی‌ راده‌ربڕینه‌ له‌ناوچه‌ی‌ گه‌رمیان‌و ره‌وشی‌ رۆژنامه‌گه‌ریی‌ له‌گه‌رمیان زۆر مه‌ترسیداره‌‌و ژیانمان له‌مه‌ترسیدایه‌".
گه‌رمیانی‌ ئەوەی رونکردبوە کە‌ له‌كاتێكدا رۆژنامه‌نووسان سكاڵایان له‌سه‌ر تۆمار ده‌كرێت، به‌ده‌ستبه‌ستراوی‌ ده‌هێنرێنه‌ به‌رده‌م دادگا‌و "به‌بێ‌ فه‌رمانی‌ دادوه‌ر" ده‌ستگیر ده‌كرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژنامه‌نووسان سكاڵا له‌سه‌ر به‌رپرسێك تۆمار بكه‌ن له‌سه‌ر ئه‌و پێشیلكارییانه‌ی‌ رۆژانه‌ رووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك له‌و به‌رپرسه‌ ناپرسرێته‌وه‌.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×