2020-12-01   1514     
ئا: ئاوێنە
بەهادین نوری، سەركردەی دیاری بزوتنەوەی چەپی كوردستانو عێراق لەتەمەنی ٩٣ ساڵیدا چاوی لێکنا، هەرچەندە لەدوا سی ساڵی تەمەنیدا ئەو بیرە چەپەی سەرسەختانە بۆی تێکۆشاو باوەڕی پێبو بەردەوام لەداکشاندا بو، بەڵام تا دوا هەناسەکانی ژیانی دەیوت "دڵم هەر بۆ چەپ لێئەدات".
بەهادین نوری یەكێكە لەو كەسانەی بەپێشەنگی بانگەشە كردن بۆ بیری چەپو حزبی شیوعی دادەنرێ لەكوردستانو عێراقیشدا، كە لەهەڕەتی هەرزەكارییەوە بەهۆی هەژاریو كوێرەوەری خێزانەكەیەوە لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا کە رۆژگاری هەڵکشانی چەپ بو لەسەرتاسەری جیهاندا، سەرسام بو بەبیری سۆشیالیزمو چوە ناو حزبی شیوعییەوە، هەرچەندە باوكو باپیریشی پیاوی ئایینی ناسراو بونو خۆیشی لەمنداڵیدا قورئانی خەتم كردبو.
بەهادین نوری پاش تێپەڕینی پێنج ساڵ بەسەر ئەندامێتی لەحزبی شیوعی، رەوتی روداوەكان دوای لەسێدارەدانی "فەهد"ی دامەزرێنەرو سكرتێری حزب، ئەوی لەتەمەنی 22 ساڵیدا کرد بەسكرتێری ئەم حزبە لەساڵی 1949دا، كە لەو رۆژگارەدا یەكێك بو لەحزبە هەرە گەورەو كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سیاسی عێراقو کوردستانیش.
بەهادین نوری كە لەو تەمەنەدا بو بەسكرتێری حزبی شیوعی، گەنجێكی دڵگەرم بو، ئەزمونی سیاسی نەبو، بەڵام بەدەم ئیشكردنەوە زۆر شت فێر بو، ئەوکاتەی چوە بەغدا زمانی عەرەبی بەباشی نەدەزانی، بەڵام لەماوەی 6 مانگدا بەتەواوی عەرەبی فێر بو.
بەهادین نوری، سكرتێری هەڵبژێردراوی كۆنگرەی حزبی شیوعی نەبو، بەڵكو لەساڵی 1949ەوە تا 1953 سكرتێری دیفاكتۆی ئەو حزبە بو، كە كوردو مەسیحیو جولەكەو شیعەكان بەشێكی بنەڕەتی رێكخستنو جەماوەرەكەی بون. ئەمیش وەك زۆربەی سەركردە شیوعیەكانی كوردستانو عێراق لەو سەردەمەدا بەباشی ئاشنا بەئەدەبیاتی مارکسیزم نەبو، تەنانەت دوای بون بەسکرتێر، مانیفێستو ئەدەبیاتی ماركسیەتی خوێندەوە.
بەهادین نوری لەو چوار ساڵەی سكرتێری حزبی شیوعی بو، توانی چەند خاڵێك بكات بەبڕیارو بیخاتە بەرنامەی حزبی شیوعییەوە كە جێی سەرنجو بایەخ بون، یەكەم كەس بو دیاریكردنی مافی چارەنوسی بۆ كورد خستە بەرنامەی حزبی شیوعییەوە، دروشمی خۆماڵیكردنی نەوتو دروشمی روخانی پاشایەتیش بەهەمانشێوە.
بەهادین نوری ئەو شانازییەشی پێبڕا كە دوای فەهد ببێت بەسكرتێرو لەقۆناغێكی هەستیارو پڕ مەترسیدا حزبی شیوعی لەقەیران رزگار بكاو لەسایەی سەركردایەتی ئەودا حزب بەرینو زیندو بێتەوەو چەندان خۆپیشاندانی گەورەش رێكبخات.
بەهادین نوری كە وەك زۆربەی سەركردەكانی حزبی شیوعی لەپەنجاكانی سەدەی رابردودا روبەروی زیندان بوەتەوەو لەشەستەكانی سەدەی رابردوشەوە ناچار كراوە وڵات بەجێبهێڵێ، لەكاتی جیابونەوەی عەزیز ئەلحاجو قیادەی مەركەزی لەحزبی شیوعی، سەركردایەتی كۆبونەوەی لیژنەی ناوەندی كردوە بۆ بڕیاردان لەسەر دەركردنی عەزیز ئەلحاجو سەركردەكانی دیكەی قیادەی مەركەزی. لەكاتی چونی حزبیشدا لەگەڵ حزبی بەعس بۆ ناو بەرەی نیشتمانی، بەهادین نوری یەكێك بوە لەوانەی ناڕازی بوە لەو هەنگاوەی عەزیز محەمەدی سكرتێری حزب، بەهادین نوری زۆرجار عەزیز محەمەدی تۆمەتبار دەکرد بەوەی "ئەندازیاری رێككەوتنی نێوان حزبی شیوعیو حزبی بەعسو دروستکردنی بەرەی نیشتمانی بوە".
پێشیوابو هەڵەیەكی گەورەی دیكەی عەزیز محەمەد ئەوە بوە كە تەنها سكرتێری حیزبی شیوعی بوە "شوێن پێی سەركردەكانی حیزبی تودەی ئێرانی هەڵگرتوەو لەكاتی تەنگانەدا وڵاتی بەجێهێشتوە، كە وەك ئەوان كردبوی بەنەریت لەكاتی تەنگەژەدا وڵات بەجیبهێڵنو بچنە یەكێتی سۆڤیەت یان ئەڵمانیای رۆژهەڵاتو بولغاریا".
بەهادین نوری كە 11ی شوباتی 1927دا لەگوندی تەكیەی سەر بەناوچەی قەراغ لەدایكبوە، هەمیشە مانەوە لەوڵاتو نیشتمانی بەگرنگترو پێویستر زانیوە تا پەنابردنە وڵاتان، هەرچەندە وەك خۆی ئەڵێت تۆزقاڵێك هەستی نەتەوەپەرستی لەخۆیدا بەدینەكردوە، بەڵكو بەلایەوە مرۆڤ گرنگ بوە نەك نەتەوەو ئایینەكەی، تەنانەت هاوسەری یەكەمیشی (مادلین) جولەكە بو.
بەهادین نوری یەکێک بو لەو سەرکردانەی حزبی شیوعی کە لەهەشتاکانی سەدەی رابردودا هەوڵێکی زۆری دا تا حزبەکەیان لەشەڕی ناوخۆی شاخەوە تێوەنەگلێو دوای پارتی یان یەکێتی نەکەونو حزبی شیوعی بێلایەنی خۆی بپارێزێت.
بەهادین نوری پاش راپەڕینی١٩٩١، بزوتنەوەی دیموکراسیخوازانی دامەزراند، بەڵام ئەم بزوتنەوەیە نەیتوانی ببێتە خاوەنی پێگەیەکی جەماوەرییو هەرزو شکستی هێنا، بەهادین نوریش وەک کەسایەتییکی سەربەخۆ درێژەی باکاری سیاسی دەدا، کە پێیوابو ئەرکی هەر هاوڵاتییەکە چالاکی سیاسی بکات لەپێناو باشتر کردنی ژیانی گشتیدا نەک لەپیناو ژیانی تایبەتیدا.
سەرباری ئەوەی بەهادین نوری بەهۆی توشبونیەوە لەكاتی منداڵیو هەرزەكاریدا بەنەخۆشی سیلی باڵندە، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێك لەسییەكانی بڕا بو، هەناسەدانی قورسو زەحمەت بو، پیریو هەڵكشانی تەمەنیش بەجەستەو روخسارییەوە دیار بو، بەڵام یادەوەری زۆر بەهێز.
ئەم سەركردە بەئەزمونە شیوعییە كە لەچەند کتێبێکدا بیرەوەرییەکانی نوسیوەتەوەو تا چەند رۆژێک بەر لەمردنیشی توانای نوسینی بەهێزو بیرتیژ بو، رای خۆی سەبارەت بەزۆرێک لەروداوە گرنگەکان دەردەبڕی، ئەو حزبی كۆمۆمنیستی كرێكاریو حزبی شیوعی كوردستانو عێراقیشی بە"چەپی سەرلێشێواو" ناودەبرد.
هەرچەندە ئەم سیاسەتمەدارە بەئەزمونە ساڵانێکی زۆر بو وەک زۆرێک لەسیاسەتمەدارانی بەساڵاچو ببو بە بەشێک لەو نەوە کۆنەی وەک میراتی جەنگی سارد سەیر دەکرانو ئەو بیرە چەپەی سەرسەختانە بۆی تێکۆشانو باوەڕیان پێبو بەردەوام لەداکشاندا بو، بەڵام بەهادین نوری لەتەمەنی ٩٣ ساڵیشداو تا دواڕۆژەکانی ژیانی وەک خۆی دەیوت "دڵی هەر بۆ چەپ لێدەدات"، هەرچەندە هەمو ئەوانەی خەونی پێوە دەبینی بەدینەهاتن، بەڵام پێیوابو ئایندە هەر بۆ سۆشیالیزمە.