قەشەی كەنیسەی سلێمانی: تا تروسكاییەكی هیوا بۆ مانەوە شك بەرم کوردستان بەجێناهێڵم
  2020-11-30       1630       

ئا: ئاوێنە



قەشەی كەنیسەی مار یوسف لەسلێمانی ئاماژە بەوە دەكات كە هەرچەندە بەشێك لەخێزان‌و كەسوكارەكەی ئەم وڵاتەیان بەجێهێشتوەو بەرەو ئەوروپا‌و ئەمەریكا كۆچیان كردووە، بەڵام ئەم هیوای بەوەیە تا ماوە كوردستان بەجێنەهێڵێ‌و ئارام بگرێت.



قەشە ئەیمەن هرمز عەزیز، قەشەی كەنیسەی مار یوسف هەموو رۆژی یەكشەممانێك خۆی ئامادە دەكات بۆ پێشوازی كردن لەو مەسیحیانەی هێشتا لەم وڵاتەدا ماون‌و ئامۆژگاریان دەكات كە هیواو حەوسەڵەیان بەدواڕۆژێكی ئارام‌و روناك بێت، هەرچەندە باش دەزانێت ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع رودەدات بەرگە گرتنی سەخت‌و قورسە.


ئەو بەئاوێنەی راگەیاند كە ماوەی چەند مانگێكە كۆچی مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی وڵات بەتەواوی كەمی كردوە‌و بونی نییە، بەهۆی ئەو دۆخەی لەئەنجامی بڵاوبونەوەی كۆرۆنادا ناوچەكەو جیهانی گرتوەتەوە، مەسیحییەکان كۆچكردنیان لەبەرنامەی ژیانی خۆیان دواخستوە، بەڵام هێشتا خەمی ئەوەیەتی كە مەسیحییەكان هەر بیر لەكۆچكردن بەرەو دەرەوەی وڵات دەكەنەوە.
ئەو وتی "ناجێگیریی‌و ناسەقامگیریی دۆخی ئەم وڵاتە، لەڕوی سیاسی‌و ئابوری‌و جڤاكییەوە وایكردوە كە خەڵكی بیر لەرۆشتن بۆ دەرەوەی وڵات بكەنەوە".


ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرباری ئەوەی پێشتر بە بەرنامە كار لەسەر ئەوە كراوە عێراق لەكەمینە ئایینییەكان بەتاڵ بكرێتەوە، بەڵام هێشتا خوازیاری ئەوەیە هاوڵاتیانی مەسیحی كوردستان‌و عێراق بەجێنەهێڵن، ئەو وتی "من وەك مەسیحی‌و كلدانییەك زۆربەی كەسوكارو خێزانەكەم وڵاتیان بەجێهێشتوە، بەڵام من هەرگیز بەتەما نیم بڕۆم‌و بچم بۆ ئەوروپا‌و ئەمەریكاو ئوستورالیا، تا تروسكاییەكی هیوا لەم كوردستانەدا بۆ مانەوە شك بەرم".


هاوکات ناوبراو باس لەو مەترسیانەش دەكات كە بونی مەسیحیەكانی لەرۆژهەلاتی ناوەڕاستدا كردوەتە ئامانج‌و دەیەوێت ئەم ناوچەیە لەمەسیحی بەتاڵ بكاتەوەو نیشانەكانیشی بەرونی لەعێراق‌و سوریا‌و لوبنان‌و میسردا دەبینرێت، كە بەردەوام تەنگیان پێهەڵدەچنرێت بۆ ئەوەی بڕۆن‌و چۆڵیكەن، ئەو "یەکێک لەسیما جوانەکانی ئەم وڵاتانە فرە رەنگی ئایینییانە".


لەماوەی سی ساڵی رابردودا بەهۆی هەڵكشانی هێزە ئیسلامییە توندڕەوەكانەوە، ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی مەسیحی‌و ئێزیدیی‌و كاكەیی‌و سابیئەو بەهایی‌و شەبەك لەكوردستان‌و عێراقەوە بەرەو دەرەوەی عێراق كۆچیان كردوە، چونكە هەست بەمەترسی گۆڕانكارییەكانی ناوچەکە دەكەن. تەنانەت لەشاری سلێمانیشدا كە بەشاری لێبوردەیی‌و پێكەوە ژیانی ئاشتیانە ناسراوە‌و نزیكەی 300 خێزانی مەسیحی تیا نیشتەجێیە، جارو بار گوێیان لەو دەنگانە دەبێت کە قسەی رەق‌و نەشیاو بەرامبەر بەمەسیحی‌و ئێزیدییەكان دەكەن‌و ئەمەش جێی نیگەرانی‌و دڵەڕاوكێی ئەوانە.


قەشە ئەیمەن کە لەدایکبوی موسڵەو بەکوردییەکی پاراو دەدوێت، سەبارەت بەو نیگەرانی‌و دڵەڕاوكێیانە وتی "ئێمە دڵمان گەورەیە‌و باش دەزانین زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی كوردستان باوەڕی تەواویان بەلێبوردەیی‌و یەكتر قبوڵ كردن‌و پێكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایینەكانە‌و رێز لەهەموو ئاین‌و ئاینزاكان دەگرن، ئەو دەنگانە زۆر دەگمەنن كە دەیانەوێ‌ دوژمنایەتی لەنێوان ئاینەكاندا دروستبكەن‌و قسەی خێر بەزاریاندا نایەت".


ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد كە ئێستا دۆخی مەسیحییەكان لەناوچەكانی دیكەی عێراقیش بەرەو ئاسایی بونەوە دەچێت هەرچەندە تا ئەندازەیەك كێشەو گرفتیان هەیە، تەنها ناو شاری موسڵ نەبێت كە ژمارەیەكی زۆر زۆر كەم مەسیحی گەڕاونەتەوە.


قەشە ئەیمەن پێشبینی دەكات كە مەسیحییەكانی ئێستای كوردستان لەوڵات بمێننەوەو كۆچ نەكەن، ئەو وتی "ئێمە هەمیشە هیوامان هەیە كە ژیان‌و ئایندەمان باشتر بێت نەك خراپتر، چونكە خوا ئەمانپارێزێت".


زۆربەی مەسیحییەكانی عێراق‌و كوردستان سەر بەكەنیسەی كلدانی كاسۆلیكیین، كە لەناوەڕاستی سەدەی شانزەهەمدا بەهۆی ململانێی پاتریاركایەتی‌و دەستێوەردانی حەرەكە تەبشیرییەكانی فەرەنساوە، لەهەناوی كەنیسەی ئاسوری نەستوریی هاتنەدەر‌و بوون بەكاسۆلیك‌و باوەڕیان بەیەك سروشتی مەسیح هێنا‌و بۆ جیاكردنەوەشیان لەنەستۆرییەكان لەلایەن ڤاتیكانەوە بە"كلدان" ناوبران.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×