مام جەلال: بەمنداڵیش خەریکی شەڕە گەڕەک بوم
  2020-10-01       4824       

ئا: ئاوێنە

 

ئێستا بەرەو یادی سێ ساڵەی  كۆچی دوایی مام جەلال تاڵەبانی دەچین‌، ئەو لەمنداڵیی‌و هەڕەتی گەنجێتیدا چۆن ژیا؟ 

ئاوێنە رانانێك بۆ یاداشتەكانی دەكات كە لەتارانی پایتەختی ئێران بەزمانی فارسی لەلایەن عیرفانی قانعی فەرد-ەوە لەدووتوێی كتێبێكی قەبارە گەورەی 1056 لاپەڕەیدا بەناوی "پاش 60 ساڵ"ەوە بڵاوكراوەتەوە.

 

منداڵێكی هار‌و لاسار
ئامادەكاری ئەم یاداشتانە لەسەرەتای گێڕانەوەی یاداشتەكانی تاڵەبانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە ساڵڕۆژی لەدایكبوونی "جەلال كوڕی حسامەدین نوروڵا" بەروونی دیار نییە، هەرچەندە لەناسنامەكەیدا یەكی ژوئیەی 1933 نووسراوە، بەڵام  لەتۆماری خوێندنگەكەیدا ساڵی لەدایكبوونی 1934 نووسراوە، بەڵام ئەوە روونە كە ناوبراو لەدێی كلكانی نزیك دوكان لەدایكبووە".
تاڵەبانی خۆی دەڵێت "لەهاوینی 1933 لەدایكبووم.. كە لەقوتابخانە داغڵ كرام لەكۆیە، لەبەرئەوەی شێوەی قسەكردنم گوندییانە بوو، قوتابیەكان گاڵەتەیان پێدەكردم‌و ئەمەش زۆر كاری تێدەكردم، بۆیە هەمیشە لەشەڕدا بووم تا وردە وردە مامۆستاكان رایانهێنام‌و شێوەی قسە كردنم بوو بەشاریی".
هەروەها سەبارەت بەقۆناغی منداڵی خۆی دەڵێت "منداڵێكی زۆر هار‌و لاسار بووم، خەریكی شەڕە گەڕەك‌و لەكوتەك وەشاندن‌و كوتەك خواردنیشدا ئامادەو بەشدار بووم".
یەكێك لەو رووداوانەی كە لەیادەوەری تاڵەبانیدا ماوەتەوە وەك خۆی دەڵێت ئەوەیە كە "جارێكیان حەنا ئەفەندی مامۆستام لەسەر رادەربڕینی سیاسی دوو داری لەدەستم دا، ئەمە بوو بەدەرسێك كە دواتر منی وادار بەگوێگرتن لەرای جیاواز كرد".

 

سۆفییەكی هەرزەكار
تاڵەبانی سەبارەت بەبڕینی قۆناغەكانی خوێندنی دەڵێت "لەیەكی ناوەندییەوە تا پۆلی چواری ئامادەیی هەمووساڵێك لەبەرئەوەی یەكەم‌و مەعفو بووم نەدەچوومە تاقیكردنەوەكانی كۆتاییەوە".
هەروەها ئاماژە بەوەش دەكات كە "ئەوەندە حەزم لەسروشت‌و وەرزش كردن بوو، بەتایبەتی تێنس‌و مەلە كردن هەرگیز لێخوڕینی ئوتومبێل فێر نەبووم، چونكە خولیا‌و ئارەزووم بەپی رۆشتن بوو"
لەگۆرانی بێژانی عەرەب زیاتر گوێم لەعەبدولوەهاب‌و نازم غەزالی‌و ئوم كەلسوم‌و زوهرە حسێن‌و سەباح دەگرت، جارێكیان لەبیرمە دەجار بەدیار سەیر كردنی فلیمێكەوە دانیشتم كە سەباح گۆرانی تیا دەوت.. لەكوردەكانیشدا حەزم لەدەنگی یوسف كاوس‌و تایەر تۆفیق‌و مەحمەد ساڵح دیلان‌و سەید عەلی كوردستانی بوو، هەندێكجاریش لەبەر خۆمەوە گۆرانیم دەگوت، لەبیرمە لەقۆناغی ناوەندی لەكۆیە كاتی باران بارین بەچەترەوە پیاسەم دەكرد، زۆر حەزم لەپیاسە كردن بوو لەژێر باراندا.. دواتریش عاشقانە حەزم لەشیعرەكانی شێركۆ بێكەس بوو بەهۆی جوانی وێنەسازی‌و فراوانی خەیاڵ‌و ماناوە".
تاڵەبانی لەیاداشتەكانیدا ئاماژە بەوە دەكات كە هەر لەتەمەنی 13 ساڵییەوە تێكەل بەكاری سیاسی‌و جموجۆڵی قوتابیان بووە‌و هەر لەسەرەتای كاری سیاسیشییەوە نەچووەتە پاڵ شیوعییەكان‌و لە1946ەوە بووە بەئەندامی پارتی‌و ئیتر "سوێندی بەسەری بارزانی خواردووە".
ئەو دەڵێت "وەكو سۆفی‌و دەروێش گەورە بووم‌و تەسورم وا بوو كە پێویستە مرۆڤی سیاسی راستگۆو داوێن پاك‌و خانەدان‌و بەئەخلاق بێت، زۆر ئەهلی نوكتە گێڕانەوەش بووم، بەڵام خۆم لەمەشروب خواردنەوەو قوماركردن‌و عەشقبازی بەدوور دەگرت، تەنها جارێكیان نەبێ‌ بۆ ماوەیەكی كەم هەستی خۆشەویستیم بەرامبەر بەكچێكی سلێمانی بزوا‌و بەس!".
 هەروەها سەبارەت بەم قۆناغە یەكێ‌ لەهاوڕێكانی ناوبراو دەڵێت "زۆربەی كات لەماڵی مام جەلال كۆبوونەوەمان دەكرد، ئەگەر ئێمە رۆمانمان بخوێندایەتەوە ئەو تووڕە دەبوو، پێدەوتین زیاتر دەربارەی كورد‌و سیاسەت‌و مێژوو بخوێنینەوە".

 

گەنجێكی گەڕۆك
كاتێك لە14ی ئەوریلی 1948دا ڤیستیڤاڵی لاوان‌و قوتابیان لەمەیدانی سەباعی بەغدا رێكدەخرێت، "تاڵەبانی گەنجترین‌و چالاكترین ئەندامی فیستیڤاڵەكە دەبێت"، بەپێی قسەی كەریم ئەحمەدی مامۆستای. لەكاتێكیشدا كە تاڵەبانی تەمەنی 18 ساڵ دەبێت، لەكۆنگرەی دووەمی پارتیدا ساڵی 1951 لەبەغدا بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت، بەڵام بەخواستی خۆی وازی لێدەهێنێت بۆ جەلیل هوشیار. لەكۆنگرەی سێهەمی پارتیشدا كە ساڵی 1953 لەكەركوك دەبەسترێت دیسان بەئەندامی كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێتەوە‌و پاشان دەبێتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و بەرپرسی لقی بەغدای پارتی‌و لەئاهەنگینەورۆزی هەمان ساڵیشدا كە لەشاری هەولێر ساز دەكرێت بۆ ماوەی دوو كاتژمێر خوتبە دەدات".
ساڵی 1955 كە تەمەنی 22 ساڵ دەبێت، بەپەساپۆرتێكی ساختەوە لەبەندەری لازقیەی سوریاوە بەڕێگەی دەریا دەچێتە رۆمانیاو لەوێشەوە روو دەكاتە وارشۆی پایتەختی پۆلۆنیا بەمەبەستی بەشداری كردن لەفیستیڤاڵی قوتابیان‌و لاواندا، ئەو باس لەوە دەكات كە "رووداوێكی سەرنجڕاكێش ئەوە بوو دیدەنی نازم حیكمەت شاعیری ناوداری توركمان كرد، كەئەو تازە لەزیندان ئازاد ببوو، چووینە لای‌و روخساریمان ماچ باران كردو لەباوەشمان گرت".
تاڵەبانی پاش كۆتایهاتنی فیستیڤاڵەكە، لەوارشۆوە بەرەو چین دەڕوات كە تا دەگاتە پەكین گەشتەكەی 14 رۆژ دەخایەنێت‌و بەشەمەندەفەر ئەمسەرو ئەوسەری خاكی روسیا تەی دەكات، ئەو دەڵێت "من بەبیروڕاكانی ماوتسی تۆنگ سەرسام بووم". دوای كۆتایهاتنی ڤیستیڤاڵی چین، ناگەڕێتەوە بۆ عێراق‌و لەمۆسكۆ دەمێنێتەوە بەهیوای بینینی مەلا مستەفا بارزانی، بێ‌ ئەوەی ئەدرێسی بزانێ‌، هەرچەندە بەمەبەستی یارمەتیدان بۆ گەیشتن بەدیداری بارزانی پەنا دەباتە بەر بارەگای كۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی سۆڤیەت، بەڵام بێهوودە دەبێت، تا دوای دە رۆژ مانەوە لەمۆسكۆ بەڕێكەوت لەناو بازاڕ دوو كەس دەبی، كە بەعەرەبی قسە دەكەن‌و یەكێكیان بێژەری رادیۆی مۆسكۆ محەمەد هاشمی نەجەف دەبێت كە رازی دڵی لایان دەدركێنێ‌ بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن بۆ گەیشتنە لای بارزانی، بۆ رۆژی دواتر محەمەد هاشمی دەچێتە لای تاڵەبانی لەئوتێل‌و پێیدەڵێ‌ دەسەڵاتدارانی روسیا رێگەنادەن بگەیتە لای، چ پەیامێكت هەیە بمدەرێ‌ دەیگەیەنم، "نامەیەكم بۆ نووسی‌و وێنەی مەسعود‌و ئیدریسیشم لەگەل هاوپێچ كرد‌و ناردم".
ساڵی 1957یش كاتێك دەیەوێ‌ بەڕێگەی قاچاخ بچێتە سوریاوە بەمەبەستی بەشداری كردن لەڤیستیڤاڵی لاوانی مۆسكۆ، لەلایەن پۆلیسی سوریاوە لەسەر سنوور دەستگیر دەكرێ‌، بەڵام رۆشەن بەدرخان بەهۆی ئەفسەرێكی دەستڕۆشتی كوردی ئەو وڵاتەوە ئازادی دەكات. كە دەگاتە مۆسكۆ بەر لەهەر شتێك وەك خۆی دەڵێت "سۆراغی دۆزینەوەی بارزانی دەكات"، تا رۆژێكبان مەلا مستەفا ئەسعەد خۆشەوی‌و شێخ عەلی بارزانی دەنێرێت بەشوێنیدا، "كە ئەوانم بینی لەخۆشیدا خەریك بوو تووشی جەڵتە بم، لەگەڵیان سواری میترۆ بووم‌و دوای تێپەڕین بەچەند ویستگەیەكدا‌و كەمێك بەپێ‌ رۆشتن گەیشتمە بەردەم ئەپارتمانێك، بەئەسانسۆر سەركەوتین‌و زەنگی دەرگامان لێدا، لەناكاو مەلا مستەفا بارزانی خۆی دەرگای كردەوە كە سمێڵی تاشی بوو، من توند باوەشم پیا كردو لەخۆشیدا لەهۆش خۆم چووم، من دەروشێكی دڵسۆزو موخلیسی بارزانی بووم، منیان لەسەر قەنەفەیەك دانیشاندو ئاویان كرد بەسەر‌و رووما تا كەمێك حاڵم باشتر بوو، وەك ئەوەی سۆفییەك بەتاسەی بینینی شێخەكەیەوە بێت، تا چەند دەقەیەك لەزمان كەوتم".
دوای گەڕانەوەشی، لەدیمەشق چاوی بە"میشێل عەفلەق"ی دامەزرێنەری حیزبی بەعس دەكەوێت‌و دوو كەسی دیار كە لەم قۆناغەدا هاوڕێی تاڵەبانی بوون بریتین لە"عەبدولرەحمانی زەبیحی‌و هەژاری موكریانی".

 

تاڵەبانی‌و كڵاوەكەی جەواهیری
تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەكات كە هەر لەمنداڵییەوە حەزی لەفێربوونی زمانی عەرەبی‌و خولیای خوێندنەوەو لەبەركردنی شیعەرەكانی جەواهیری بووەو دواتریش كە بۆ خوێندنی زانكۆ چووەتە بەغدا ئەوی ناسیوەو دەڵێت "دۆستایەتی من‌و جەواهیری تا دەهات قوڵتر دەبوو، رەنگە ئەویش خۆشحاڵ بووبێت بەرامبەر بەوەی گەنجێكی كورد سەرسامە بەو.. ساڵانی 1957‌و 1958 سەڕەرای دەرپەڕاندنی ئەو لەعێراق‌و رۆشتنی بۆ چیك‌و نیشتەجێ‌ بوونی لەشاری پراگ، هێشتا پەیوەندیمان هەر بەردەوام بوو.. ئەو عادەتی وابوو كە كڵاوێكی  بەدەستچنراوی دەكردە سەری‌و منیش چەند كڵاوێكی رەنگاورەنگی بەدەستچنراوی كوردیم بەدیاری بۆ نارد، لەبیرمە لەسەر یەكێكیان نووسرا بوو بژی كوردو كوردستان‌و ئاشتی بۆ جیهان. هەمیشە ئەو ئەوەی لەسەر دەكرد.. ئێمە دۆستی گیانی بەگیانی یەكتر بووین، تەنانەت ساڵی 1964 لەپراگ شیعرێكی دەربارەی من نووسی".


دیسان بارزانی..

تاڵەبانی لەگێڕانەوەی یاداشتەكانیدا دەڵێت "دوای گەڕانەوەم بۆ عێراق لەماڵی قالە تەگەرانی لەسلێمانی ژوورێكم بەكرێگرت، كە فەرش فرۆش بوو بەقاچاغ لەئێرانەوە فەرشی دەهێنا، ئامێرێكی چاپ‌و تایپی رۆنیۆم هێناو رۆژنامەی خەباتم دەردەكرد كە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق بوو، هەر خۆم هەم بابەتەكانیم دەنووسی‌و هەم تایپیشم دەكردو هەم بڵاویشم دەكردەوە تا رۆژی 14ی تەموزی 1958".
دوای شۆڕشی 14ی تەموز، تاڵەبانی دەبێتە سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستان كە لەبەغدا بەفەرمی بەزمانی كوردی بڵاودەبێتەوە، ئەو دەڵێت "كە ساڵی خوێندنی 1958‌و 1959 لەبەغدا درێژەم بەخوێندن دا، هەموو دەمەو عەسرانێك دەچوومە ماڵی بارزانی‌و لای ئەو كارم دەكرد، ئەو منی زۆر خۆشدەویست لەبەرئەوەی ساڵێك دەستم لەخوێندن هەڵگرت لەپێناو بینینی ئەودا كە رووم كردە مۆسكۆ، ئەمە لەیادەوەری ئەودا مابوو، بارزانی وەكو كوڕی خۆی سەیری دەكردم، تەنانەت پێی نەریتی عەشائیریی كوردستان رێگە بەكەسی نامەحرەم نادەن بچێتە ناو خێزانیانەوە، بەڵام من ببووم بەمەحرەمی ماڵی بارزانی‌و حەزم لەهەر خواردنێك بوایە خۆم داوام لێدەكردن بۆم لێبنێن، بۆ نمونە دەمگوت: ئەمڕۆ خۆم داوەت دەكەم بۆ ساوەر! هەزار رەحمەتی خوا لەو بێت، بارزانی قا قا پێدەكەنی‌و دەیوت: خەڵك داوەت دەكرێت، كەچی تۆ خۆت خۆت داوەت ئەكەیت! هاها! دەمگوت: ئەزبەنی من خۆم تەنها لەماڵی ئێوە داوەت ئەكەم".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×