ئا: ئاوێنە
ئه‌زمون یاد" یاداشته‌كانی "پشكۆ نه‌جمه‌دین"ی نوسه‌رو كادێری ناسراوی ئاڵای شۆڕشه. پشكۆ له‌م یاداشتانه‌یدا به‌شێوه‌یه‌كی ناوازه‌و یه‌كجار سه‌رنجڕاكێش وێنه‌ی رۆژگارێكی تژی لهئازارو تژی له‌توندوتیژی شۆڕشی نوێی ئه‌م كوردستانه‌ی ئێمه ده‌نه‌خشێنێت.
پشكۆ نه‌جمه‌دین كه له‌رۆژیكی به‌هاری 1978دا وه‌ك گه‌نجێكی خوێن گه‌رم به‌هه‌ناسه‌یه‌كی پڕ لهخۆشیو بهخۆنازینهوه ده‌چێته پاڵ شۆڕش‌و ناو مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌كانی پێشمه‌رگه‌وه‌و جوانترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی گه‌نجێتی خۆی بهشۆڕشو یه‌كێتی ده‌به‌خشێت، دوای یانزه ساڵ له‌ڕۆژێكی مارسی 1989دا به‌هه‌زار راكهراكو چنگهكڕێ لهچنگاڵی زبری ئه‌و شۆڕشه‌و پێشمه‌رگه‌كانی هاوڕێی هه‌ڵدێت.
ئاوێنه له‌ڕێگه‌ی سه‌رنجدانێكی خێراوه له‌م كتێبه، خوێنه‌رانی ده‌باته‌وه بۆ ده‌یه‌ی هه‌شتای سه‌ده‌ی رابردوو، ده‌یانبات بۆ بینینی ئه‌و وێنانه‌ی كه هه‌رچه‌نده گه‌ردو تۆزیان لێنیشتوووه، به‌ڵام هێشتا تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ن به‌ده‌ستی فه‌رامۆشی نهسپاردون.
"مام جه‌لال"و نه‌وشیروان
یه‌كێك له‌و رووداوه گرنگانه‌ی كه پشكۆ ئاماژه‌ی پێده‌كات، یه‌كه‌م دیداری بووه ساڵی 1979 له‌خڕی نێوزه‌نگ له‌گه‌ڵ دوو سكرتێردا: "مام جه‌لال"و "نه‌وشیروان مسته‌فا". ئه‌و ده‌ڵێت مام جه‌لال "سكرتێری یه‌كێتی نیتشمانیو له‌لوتكه‌ی هه‌ڕه‌می ده‌سه‌ڵاتدا رۆنیشتبوو. چۆنیه‌تی مامه‌ڵكردنی مام جه‌لال له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی ناو یه‌كێتیدا. رۆڵی گرنگی لهپێشهاتو گۆڕانكارییه نێوخۆییه‌كاندا ده‌بینی".
پشكۆ باس له‌وه ده‌كات كه "له‌رۆژگاری دوو كهرتبوونو جهلالیو مه‌لاییدا، من چۆن كاكم جه‌لالی بوو، وه‌كو سیمبولێكی پیرۆز له‌مام جه‌لالم ده‌ڕوانی.. ئێستا من به‌ڕێگاوه‌م بۆ دیداری سه‌ركرده‌یه‌ك كه ساڵانێكه له‌دووتوێی كتێبه‌كانییه‌وه خه‌ونی بینینی بۆ من خه‌ونێكی گه‌وره‌یه!".
پاشان سه‌باره‌ت به‌دیداری "نه‌وشیروان مسته‌فا"ی سكرتێری ئه‌وكاتی كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌ران، ده‌ڵێت "نه‌وشیروان ناوێكه من له‌كۆتایی شهستهكانهوهو له‌گۆڤاری "رزگاری"یه‌وه ده‌یناسم.. پیاوێكی باڵابه‌رزی ئه‌سمه‌ری داڵگۆشت، چوارمشقی له‌پشت مێزێكی زۆر نزم‌و چكۆله‌وه، به‌رانبه‌رمان دانیشته‌وه.. په‌رپووتی ژووره‌كه سه‌رنجی راكێشام.. ئه‌و، پێچه‌وانه‌ی مام جه‌لال، رووگه‌ش‌و ده‌مبه‌بزه نه‌بوو، بگره تا راده‌یه‌كیش مۆن‌و تووڕه به‌دیار ده‌كه‌وت..".
پاشان پشكۆو هاوڕێكه‌ی به‌دڵشكاوی ماڵئاوایی لهنهوشیروان ده‌كه‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ی نه‌وشیروان سه‌ركۆنه‌یان ده‌كات كه بۆ ماوه‌ی مانگێك دیلێكی "قیاده موه‌قه‌ته"یان لابووه نه‌یانكوشتووه تا له‌ده‌ستیان هه‌ڵاتووه، ئه‌و پێیانده‌ڵێت "ئێوه ترسنۆكن".
پشكۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه "پاش یه‌كه‌م دیدار‌و له‌ماوه‌ی ده ساڵی خه‌باتی شاخدا، ده‌یانجار سكرتێری كۆمه‌ڵم بینی، ده‌یانجار قسه‌و باسمان كرد، له‌سه‌ر سفره‌یه‌ك نانمان خوارد، له‌باره‌گای ئه‌ودا رۆژم كرده‌وه‌و هه‌رگیز به‌و تۆن‌و ریتمه نهیدواندمو رووی لێگرژ نه‌كردم. به‌ڵام یه‌كه‌م دیدار‌و ژوان. زۆر شت لای مرۆڤ به‌جێده‌هێڵێ. ئه‌و وێنانه‌ی له‌یه‌كه‌م په‌یڤیندا ده‌نه‌خشێن سڕینه‌وه‌یان ئاسان نییه.. ئه‌وه‌ی كه من له‌درێژایی بگره‌و به‌رده‌و ململانێكانی هه‌ناوی كۆمه‌ڵه‌دا، له‌سه‌نگه‌ری ئه‌وبه‌ری رێباز‌و نۆڕینی فیكری‌و سیاسی نه‌وشیروان كه‌وتم. ده‌شێت به‌شێكی باریكی ریشه‌كه‌ی له‌كه‌ناری ئه‌و یه‌كه‌م دیداره‌دا چه‌قی بێت"!
سه‌باره‌ت به‌كه‌سایه‌تی نه‌وشیروان مسته‌فاش، ده‌ڵێت "نه‌وشیروان كه‌سێكی بهئهزمونو سیاسییه‌كی مونه‌وه‌ر بوو. ئه‌و سیاسه‌تمه‌دارێك بوو خاوه‌ن فیكر‌و دنیابینی‌و به‌رنامه‌ی كاری سیاسیی تایبه‌ت به‌خۆی، ئه‌و به‌درێژایی ئه‌و ساڵانه‌ی خه‌باتی شاخ بهپشووییهكی درێژه‌وه، كاری بۆ جێكه‌وتنی نۆڕینهكانی خۆی ده‌كرد. نه‌وشیروان مسته‌فا له‌گفتوگۆو دیالۆگدا كه‌سێكی كه‌مدوو، قسه له‌ڕوو، ههندهجاریش توند‌و رووشكێن بوو، ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی خاكی‌و بێ فیزو دهعییه بوو، له‌ژیاندا ساده. لهجلوبهرگو پۆشاكدا له‌ساده سادهترو ئه‌م خهسڵهتانهیشی تا ده‌ورانی دهسهڵاتو ده‌ركه‌وتنی فیرعه‌ونه‌كانیش هه‌ر وه‌ك خۆیانن‌و زۆر نه‌گۆڕاون..".
هه‌رای كۆنفرانسه‌كان
به‌شێكی گرنگی دیكه‌ی ئهزمونو یاد، گێڕانه‌وه‌ی رووداوه‌كانی كۆنفرانسه له‌یه‌ك دوای یه‌كه‌كانی كۆمه‌ڵه‌یه. پشكۆ ئاماژه به‌وه ده‌كات كه له‌كۆنفرانسی یه‌كه‌می كۆمه‌ڵه له‌ئایاری 1981، كاتێك كۆنفرانس پاشگری ئێراقی له‌كوردستان كرده‌وه‌و ناوی كۆمه‌ڵه‌ی كرد به(كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان)، ههڵلای نایه‌وه. "له‌م كۆنفرانسه‌دا، گروپی نهوشیروانو گروپی زیندان جه‌ختیان له‌سه‌ر كوردستانیبوونی ناوی كۆمه‌ڵه دهكردو لایه‌نگری قرتاندنی پاشگری "عێراق" بوون، به‌شێك له‌و گروپه‌ی خۆیان به‌میراتگری "كۆمیته‌ی هه‌رێمه‌كان‌و خه‌تی ئارام" ده‌زانی لایه‌نگری (كۆمه‌ڵه‌ی ره‌نجده‌رانی كوردستان – عێراق) بوون".
پاشان ده‌ڵێت "كۆنفرانس پانتاییه‌ك بوو بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی موتڵه‌ق بۆ مام جهلالو نهوشیروانو لاوازكردنی ئه‌وگه‌نجانه‌ی خۆیان به‌میراتگری ئارام دهزانیو سالار عهزیزو مه‌لا بهختیارو فازیل كه‌ریم سه‌ركردایه‌تی ده‌كردن".
هه‌روه‌ها له‌م یه‌كه‌م كۆنفرانسه‌ی كۆمه‌ڵه‌دا، دیلكردنی نه‌وشیروان مسته‌فا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سۆشیالیسته‌وه یه‌كێك بوو له‌كێشه سهختهكانو له‌به‌رگی ناكۆكییه شه‌خسییه‌كاندا نیشان ده‌درا، كورتییه‌كه‌ی سالار‌و مه‌لا به‌ختیار كه له‌و سه‌روبه‌نده‌دا لێپرسراوێتی یه‌كێتییان لهشارباژێردا له‌ده‌ستدا بووه به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك كێشه‌و رووداوه‌كاندا كردووه كه بهرهولهناوبردنو ئیعدام كردنی نه‌وشیروان سه‌ربكێشن، بەڵام پشکۆ نەجمەدین وەکو شایەتحاڵیک، هەم لەکۆنفرەنسی یەک و هەم لەکرۆکی کێشەی دیلکردنی نەوشیروان مستەفادا، جەخت لەسەر ئەوە دەکات کە ئەو دوو سەرکردەیە و سەرکردەکانی تریش کە لەوێ بون، چاویان لە خوێنی ئەو پێشمەرگانە پۆشی کە لەو ڕۆژانەدا بە دەستی هێزەکانی حسک کوژران، بۆ ئەوەی ژیانی نەوشیروان مستەفا بپارێزن، پشکۆ دەڵێت "ئەم مەسەلەیە کەسانێکی ماستاوچی دەیانوروژاندو دەچوونە بنکڵیشەی نەوشیروان و پفیان دەدا. ئەم کێشەیە نیوەڕۆژێکی خایاند و وێڕای بوونی چەندین بەڵگەی دژ بەم بۆچونە ناڕاستە، دیسانیش نەوشیروان ئامادە نەبو بیسەلمێنێت!".
گێڕانه‌وه‌ی ورده‌كاری كۆنفرانسی سێی كۆمه‌ڵه، یه‌كێكه له‌سه‌رنجڕاكێشترین به‌شه‌كانی ئه‌م كتێبه. ئه‌م كۆنفرانسه كه له‌كاتی مفاوه‌زاتی یه‌كێتیدا ساڵی 1984 له‌مێرگه‌پان ده‌به‌سترێت، به‌بڕوای پشكۆ نه‌جمه‌دین "ئاڵۆزترین‌و توند‌وتیژترین" كۆنفرانسی كۆمه‌ڵه بووه. ئه‌و ده‌ڵێت "به‌شێكی گرفت‌و كێشه‌كانی ئه‌م رۆژگاره‌ی یه‌كێتی، كه كێشه‌ی گۆڕان ستراكتۆری یه‌كێتی هه‌ژاندووه له‌و كۆنفرانسه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه".
پشكۆ ده‌ڵێت "له‌ڕۆژی دووه‌می كاره‌كانی كۆنفرانسدا. ساباته‌كه بۆنی خوێنی گرتبوو. رووخساره‌كان كینه‌و ركیان لێدهبارین. نه‌وشیروان مستهفاو گروپی زیندان بڕیاریان دابوو كه‌پاش كۆنفرانس ده‌نگی جیاواز‌و ئۆپۆزسیۆنی ناو كۆمه‌ڵه خه‌فه بكه‌ن".
پشكۆ له‌م به‌شه‌دا تیشك ده‌خاته سه‌ر چه‌ند لایه‌نێكی گرنگی كێشه‌كان: ئیعدامكردنی وریای وه‌هاب بێ دادگایی كردن به‌فه‌رمانی نهوشیروانو جێبه‌جێكردنی جه‌بار فه‌رمان له‌لایه‌ن عێراقچییهكانهوه دهورژێندرێت. "نه‌وشیروان زلله‌یه‌ك لهكادێرێك ده‌داو لهكۆنفرانسهكه ده‌یكاته ده‌ر، مه‌لابه‌ختیار دێته دهنگو ده‌ڵێت تۆ مافی ئه‌وه‌ت نییه زلله له‌كادر بدهیتو له‌كۆنفرانسی وهدهرنێیت!
حه‌مه‌تۆفیق ره‌حیم (زاوای نه‌وشیروان) له‌گه‌ڵ مه‌لا به‌ختیار لێیان ده‌بێته هه‌راو په‌لاماری مه‌لا به‌ختیار ده‌دات! ده‌ستیان ناگاته یهكدیو لێك جودا ده‌كرێنه‌وه. مه‌لا به‌ختیار ده‌چێته سه‌ر سه‌کۆی قسهكردنو ده‌ڵێت: هه‌ڕه‌شه‌كردن‌و كادر ده‌ركردن له‌كۆنفرانس له‌كه‌س قبوڵ ناكه‌ین. چاوسووركردنه‌وه‌و تۆقاندن نامانترسێنن، ئێمه كه شۆڕشمان ده‌ستپێكرده‌وه‌و له‌ڕووی به‌عسدا وه‌ستاینه‌وه، به‌عسمان لهپێلاوهكانمان نزمتر ده‌بینی. ئێستاش هه‌ڕه‌شه‌و گوڕه‌شه نهلهتۆو نه‌له‌هیچ كه‌سێك قبوڵ ناكه‌ین!
نه‌وشیروان له‌جێگه‌ی خۆیه‌وه: تۆ تهكتهتولتكردووه.
مه‌لا به‌ختیار: هه‌ر من نا، تۆ‌و ئه‌م كاك فهرهیدونهش تهكهتولتان كردووه‌و تهكهتولتان هه‌یه!
تا ده‌گات به‌وه‌ی نه‌وشیروان له‌به‌رخۆیه‌وه به‌مه‌لا به‌ختیار بڵێت "مه‌رج بێ ئه‌م دڕكهت له‌ژێر پێ ده‌ربهێنم"!
ئاڵای شۆڕش‌و دیل كردنیان
پاشان ساڵی 1984، چوار كه‌س "مه‌لا بهختیارو شێخ عهلیو مامۆستا موحسینو پشكۆ نه‌جمه‌دین" له‌سورداش ده‌ستده‌ده‌نه ناو ده‌ستی یهكو بڕیارێكی ترسناك‌و پڕ لهمهسئولییهت ده‌ده‌ن كه دواتر ده‌بێت بهنههامهتیو كاره‌سات بۆ خۆیان‌و خه‌ڵكی دیكه‌ش (ئاڵای شۆڕش). له‌هاوینی 1985یشدا له‌گوندی سێوسێنان له‌ماڵی عیماد ئه‌حمه‌د ده‌سته‌یه‌كی سه‌رپه‌رشتی كردن بۆ ره‌وته‌كه دیاریده‌كه‌ن. هاوكات سالار عهزیزو م.جه‌عفه‌ریش له‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات جاڕی جیابوونه‌وه له‌یه‌كێتی‌و كۆمه‌ڵه ئه‌ده‌ن. كه هه‌رچی زیاتر په‌یوه‌ندیی نێوان ئه‌م ره‌وته‌و یه‌كێتی ئاڵۆزتر ده‌كات، تا سه‌ره‌نجام به‌پێی رێكه‌وتنێكی زاره‌كی نێوان "مام جهلالو مه‌لا به‌ختیار"، ده‌ره‌فه‌تی ئه‌وه‌یان پێده‌درێت وه‌ك ره‌وتی چواره‌م له‌ناو یه‌كێتیدا كار بكه‌ن. به‌ڵام زۆر ناخایه‌نێت له‌گه‌ڵ گزنگی ده‌مه‌و به‌یانییه‌كدا، مه‌لا بهختیارو پشكۆ نه‌جمه‌دین گوێیان له‌ده‌نگی ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك ده‌بێت: وه‌رنه‌ده‌رێ! بێ چه‌ك وه‌ده‌ركه‌ون! به‌نیازی ده‌ستكردنه‌وه‌و به‌رگری بن باره‌گاتان به‌سه‌ردا ده‌ڕوخێنین!
هێزێكی گه‌وره‌ی یه‌كێتی به‌فه‌رمانده‌یی شه‌وكه‌تی حاجی موشیر، "مه‌لا بهختیارو پشكۆ" ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌كه‌ن. پشكۆ ده‌ڵێت "سواری ئوتومبێلیكیان كردین‌و به‌ڕێكه‌وتین؟ بۆ كوێ؟ ئیدی ئه‌وه ئێمه نایزانینو مافی ئه‌وه‌شمان نییه بپرسین"!
به‌دیلی بۆ سه‌ركردایه‌تییان ده‌به‌ن له‌یاخسه‌مه‌ر. پشكۆ ده‌ڵێت "چ دۆخێكی سهختو تاڵ بوو! زۆرینه‌ی كورد، شههامهتو پیاوه‌تی لهچهكدا ده‌بینێت. زۆرن ئه‌وانه‌ی له‌نێوان چهكدانانو مه‌رگدا، مه‌رگ هه‌ڵده‌بژێرن! ئێمه وه‌هامان نهكردو زۆر كه‌سیش به‌ترسنۆك ناودێریان كردین"!
زنجیر‌و زیندانه‌كانی یه‌كێتی
سه‌رنجڕاكێشترین به‌شی ئه‌م یاداشتانه، ئه‌و كاته ده‌ستپێده‌كات كه زنجیره‌كان لهدهستو پێیان دهئاڵێنو ئه‌و شۆڕشه‌ی كه له‌پێناو ئازادی‌و رزگاركردنی وڵاتێكدا هه‌ڵگیرسا بوو، له‌سه‌ر بیركردنه‌وه‌ی جیا‌و ئازاد هه‌ڕه‌شه‌ی ئیعدام كردن له‌رۆڵه‌كانی خۆی دهكاو له‌سه‌ر دهسهڵاتو راجیایی ده‌كه‌ونه به‌ر نێزه‌ی هاوڕێكانی خۆیان. پشكۆ كه كارامه‌یه له‌ته‌كنیكی گێڕانه‌وه‌ی حیكایه‌ته‌كانی زیندان‌و ره‌نگكردنی رووداوه‌كاندا بهگهنجینهیهك له‌وشه‌ی پاراو، ئه‌و وێنه ترسناكانه‌ی زیندانی شۆڕشمان پیشانده‌دات كه هاوشێوه‌ی دیمه‌نی فلیمه سامناكه‌كانی "ئه‌لفرێد هیتشۆك"ن: به‌جامانه چاوو ده‌ستیان ده‌به‌سترێ، ده‌خرێنه حه‌شارگه‌ی تاریك‌و كونبڕهوه، ده‌خرێنه زیندانێكه‌وه كه كتومت لهگۆماو ده‌چێت، ژووری سارد‌و بێراخهری پڕ خاشاكو ته‌نگه‌ڵان، له‌و رۆژانه‌شدا كه كوردستان به‌ره‌و "ئه‌نفال" دهچێو شه‌وورۆژ له‌ده‌ره‌وه‌ی زیندانه‌وه زرمه‌ی تۆپ ده‌هات، "له‌كاتی خه‌وتندا دهستو قاچم به‌حورمه‌ته‌وه شه‌ته‌ك دهدرانو مشك‌و خشۆك ده‌كه‌وتنه گازگرتنو به‌رده‌بوونه وێزه‌ی گیانم"!
كه‌م خوێنه‌ر هه‌یه له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م به‌شانه‌دا، كه پشكۆو هاوڕێكانی له‌زینداندا كڵۆلو زه‌لیل ده‌كرێن، هه‌ستی هاوده‌ردی به‌رامبه‌ریان نهببزوێت. به‌تایبه‌تی ئه‌و وێنه‌یه‌ی خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌كات به‌یانیه‌كه "حه‌مه تۆفیق رهحیمو جه‌بار فه‌رمان دێن‌و بڕیاری پلینۆمی كۆمه‌ڵه‌ی پێڕاده‌گه‌یه‌نن: ئێوه وه‌ك ناپاك حوكمتان له‌سه‌ر دراوه‌و ئیعدام ده‌كرێن.. به‌ڵام ئه‌گه‌ر دان به‌تاوانی خۆتانا بنێن ئه‌وا سه‌ركردایه‌تی كۆمه‌ڵه بریاره‌كه ده‌گۆڕێت!
جه‌بار فه‌رمان مۆڵه‌تی یه‌ك كاتژمێری پێده‌دات: "ئه‌گه‌ر وه‌ها نه‌كه‌یت هه‌ر ئه‌مشه‌و ئیعدامت ده‌كه‌ین".
به‌دوای ئه‌وه‌شدا، ده‌قی پاكانه‌یه‌ك له‌ژێر حوكمی ئیعدامدا ئیمزا ده‌كه‌ن.. كه‌چی هێشتا ئازاد ناكرێن. كاتێكیش مه‌لا به‌ختیار هه‌ڵدێو پاشان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی یه‌كێتییه‌وه ده‌ستگیر ده‌كرێته‌وه، پشكۆ ده‌برێته لای "مام جه‌لال"، ئه‌و به‌تووڕه‌ییه‌وه پێیده‌ڵێت: حه‌ز ده‌كه‌م باش گوێ بگریت، به‌گۆڕی شه‌هید ئارام‌و شه‌هید عه‌لی عه‌سكه‌ری ئه‌وه‌ی ئێوه ماون‌و نه‌كوژراون ته‌نها من‌و به‌شێك له‌مه‌كته‌بی سیاسین كه ژیانی ئێوه‌مان راگرتووه، ده‌نا كاك نهوشیروانو ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه، سوور بوون له‌سه‌ر ئیعدامكردنتان.. ئه‌گه‌ر به‌كرده‌وه نه‌یسه‌لمێنن كه وازتان لهسیاسهتو دژایه‌تیكردنی یه‌كێنی هێناوه، منیش ده‌چمه به‌ره‌ی كاك نهوشیروانو چی ده‌بێت با ببێت!
ئهنفالو سه‌رنجێك
سه‌رنجڕاكێش ئه‌وه‌یه، له‌كۆتایی ئه‌م بگره‌و بێنه‌یه‌دا، "ئه‌نفال" زنجیره‌كانی ده‌ستی پشكۆ نهجمهدینو هاوڕێكانی ده‌كاته‌وه، كاتێك له‌ژێر زه‌بری هه‌ڵمه‌ته‌كانی ئه‌نفالدا سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی چۆڵ دهكرێتو هێزه‌كانیان به‌ره‌و سنووری ئێران پاشه‌كشه ده‌كه‌ن، ئه‌م ده‌درێت بهمهفرهزهیهك پێشمه‌رگه‌و به‌دیلی به‌ره‌و شاری سه‌رده‌شت ده‌برێت، له‌وێ ده‌رفه‌ت دههێنێو له‌ده‌ستیان هه‌ڵدێ كه خۆی ته‌سلیم به "ئیتلاعات" ده‌كات تا رزگاری بێت له‌ده‌ستیان.
سه‌رباری ئه‌وه‌ی پشكۆ نه‌جمه‌دین "به‌دیدی ئه‌مڕۆ كه سه‌یری ئه‌و رۆگاره ده‌كات ره‌خنه لهجیهانبینیو له‌دیدو ئاوه‌زی خۆی ده‌گرێت"، به‌ڵام له‌لابه‌لای ئه‌م یاداشتانهداو له‌گێڕانه‌وه‌ی هه‌ندێك رووداو‌و له‌هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ندێك لهكهسایهتییهكاندا هه‌ستده‌كه‌یت هێشتا له‌سایه‌ی ئه‌و رۆژگاره پڕ له‌ئازاره نههاتووتهدهرو هه‌ندێكجار كاراكته‌ره‌كان وه‌ك "جه‌للادو قوربانی" وێنا ده‌كات. وێڕای ئه‌وه‌ش، پێویسته بوترێت كه "ئهزمونو یاد" گێڕانه‌وه‌ی یادهوهریو ئه‌زمونی شاهێدحاڵێكه كه خوێندنه‌وه‌ی كارێكی به‌سوودو پێویسته.