پارتی رەخنە لە بەشێک پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغداد دەگرێت
  2020-08-23       470       
فراكسیۆنی پارتی دیموكرانی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، “دەركەوت كە ژمارەیەك كەس كە هیچ پەیوەندییان بە شاری زاخۆوە نییە و نوێنەرایەتی دانیشتوانەكەی ناكەن، هەوڵ دەدەن بۆ مەرامی سیاسیی و دوور لە واقیع و بە ئامانجی زیان گەیاندنی بە سەقامگیری كوردستان، راستییەكان بۆ رای گشتیی بشێوێنن”.
 
ئاوێنه‌: سێ ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەینن دەركەوت كە ژمارەیەك كەس کە هیچ پەیوەندییان بە شاری زاخۆوە نییە و نوێنەرایەتی دانیشتوانەكەی ناكەن، لەڕێگەی نامەیەكەوە كە ئاراستەی نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، جینین هینیس بلاسخارت-یان كردووە، هەوڵ دەدەن بۆ مەرامی سیاسیی و دوور لە واقیع و بە ئامانجی زیان گەیاندنی بە سەقامگیری كوردستانی عێراق، راستییەكان بۆ رای گشتیی بشێوێنن.

پێشتر هەریەك لە پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید، سەركەوت شەمسەددین، رێبوار كریم محمود، غالب محمد عەلی، رابون مەعروف و موسەننا ئەمین نامەیەكیان ئاراستەی جینین هینیس بلاسخارت كردبوو كە تیایدا رایانگەیاندبوو “ئێمە وەك ژمارەیەك پەرلەمانتار و نوێنەری پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەم نامەیەتان ئاراستە دەكەین سەبارەت بە زیادبوونی پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان و بەكارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە چەكدارە حزبییەكانەوە بەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئاشتییخواز”.

ئەو شەش پەرلەمانتارە كوردە لە نامەكەیاندا بۆ جینین هینیس بلاسخارت ئەوەیان گوتبوو “بەدیاریكراوی سەرنجتان بۆ خۆپیشاندانەكانی زاخۆ لە ۱۸ و ۱۹ ئاب و رۆژانی دوایی كە تیایدا هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستان بە بەكارهێنانی چەك وبە فیشەك رووبەڕووی گەنجانی خۆپیشاندەرانی شاری زاخۆ بوونەوە و زیاتر لە ۱٠ كەس بە سەختی بە فیشەك برینداركراون”.

لە وەڵامی ئەو نامەیەدا، هەر یەك لە ئەندامانی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەسەر پشكی زاخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد سلێمان سەفار، دالیا فەرهاد و وەسفیە محەمەد شێخۆ دەڵێن “لە كاتێكدا ئێمە نوێنەری راستەقینە و هەڵبژێردراوی زاخۆین پەرۆشی ئاسایش و سەقامگیری زاخۆین، رێگە بە هیچ كەسێك نادەین بە ناوی شاری زاخۆ و خەڵكەكەیەوە قسە بكات، ئێمە سوورین لەسەر ئەوەی دەنگی زاخۆ لەلایەن نوێنەرانی هەڵبژێردراوی خەڵكەكەی، بگەیەندرێتە لایەنە پەیوەندیدارەكان، نەوەك لەلایەن كەسانێك كە بەسەدان كیلۆمەتر لە زاخۆوە دوورن و هەوڵ دەدەن لەڕێگەی بانگەشەی بێ بنەما و دوور لە راستیی و بە ئامانجی دەستكەوتی سیاسیی، راستییەكان بۆ رای گشتیی بشێوێنن”.

ئەو سێ ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەكەنەوە كە شاری زاخۆ شاری تێكۆشان و نیشتمانیپەروەرییە و بە هێمای پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتەكانییدا دەمێنێتەوە، هەروەها زاخۆ پەرژینێكی پتەو دەبێت لەبەردەم هێرشی ناحەزان، جگە لەوەیش زاخۆ وەك هەمیشە دژوار دەبێت بەرامبەر هەموو هەولێكی تێكدان و شێواندن.
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×