ئا: ئاوێنە
رێككەوتنەكەی دوێنێی میسرو یۆنان لەسەر دیاریكردنی سنوری دەریایی نێوانیان و دیاریكردنی ناوچەیەكی ئابوریی لە رۆژهەڵاتی دەریاری ناوەڕاست، توركیای توڕەكردوە. یۆنان دەڵێت، رێككەوتنەكەیان لەگەڵ میسر، بەكردەوە ئەو رێككەوتنەی نێوان توركیاو حكومەتی لیبیا پوچەڵدەكاتەوە كە ساڵی رابردو ئەنجامیاندا.
سامح شوكری، وەزیری دەرەوەی میسر، لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ هاوتا یۆنانییەكەی لە قاهیرە، دوێنێ پێنجشەممە، رایگەیاند: وڵاتەكەی لەگەڵ یۆنان ئیمزای رێككەوتنێكیان كردوە بۆ دیاریكردنی ناوچەی ئابوری لەنێوانیاندا لە رۆژهەڵاتی دەریاری ناوەڕاست كە ناوچەیەكە ئومێدی لەخۆگرتنی یەدەگێكی زۆریی نەوت و غازی لێدەكرێت.
بەگوێرەی هەواڵێكی رۆیتەرز، دیپلۆماتكاران لە یۆنان دەڵێن، ئەم رێككەوتنەی دوێنێی میسرو یۆنان، رێككەوتنەكەی ساڵی رابردوی نێوان توركیاو حكومەتی لیبیا پوچەڵدەكاتەوە.
ساڵی رابردو، توركیاو حكومەتی لیبیا رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی سنوریی دەریایی نێوانیان، بەڵام میسرو یۆنان ئەو رێككەوتنەیان بە نایاسایی و پێشێلكردنی یاسا نێودەوڵەتییەكان ناوبردو هەروەها یۆنان بە دەستدرێژییەك بۆ سەر سنوریی ئاوی خۆی بەتایبەت لە نزیك دورگەی كریت ناوی برد.
ئاژانسی رۆیتەرز دەڵێت، بەپێی نەخشەی دیاریكردنی سنوریی دەریایی نێوان یۆنان و میسر كە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی میسرەوە بۆیان نێردراوە، دەردەكەوێت كە هیچ دەرفەتێك بۆ بەستنەوەی توركیاو لیبیا ناهێڵێتەوە.
لای خۆیشییەوە نیكۆس دیندیاس، وەزیری دەرەوەی یۆنان لە كۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەكەدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر، وتی"رێككەوتنەكەمان لەگەڵ میسر لەچوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتیدایە."
وتیشی"رێككەوتنەكەمان تەواو پێچەوانەی ئەو یاداشتی لێكتێگەیشتنە نایاسایی و پوچەڵەیە كە لەنێوان توركیاو تەرابلوسدا ئیمزاكرا كە هیچ بنەمایەكی نییە لەڕوی یاساییەوە. دوای ئەم رێككەوتنەی ئێمە كۆتایی بە یاداشتەكەی توركیاو لیبیا دێت كە هیچ بونێكی نییە."
لێدوانەكانی وەزیرە یۆنانییەكە دوای چەند سەعاتێك لە لێدوانی حكومەتی وڵاتەكەی هاتن كە تێیدا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ سەبارەت بە دیاریكردنی ناوچە دەریاییەكان لەگەڵ توركیا لەنزیكترین كاتی ئەم مانگەدا.
پەیوەندییەكانی یۆنان و توركیا لەسەر پرسی گەڕان بەدوای وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست رویان لە گرژی كردوە.
هەروەك توركیاو یۆنان، كە هەردوكیان ئەندامی ناتۆن، لەسەر كۆمەڵێك پرسی دیكە لەوانە: فڕینی فڕۆكە لەسەر دەریای ئیجەو ناوچە دەریاییەكانی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و هەروەها لەسەر قوبرس كێشەیان هەیە.
میسر-یش كە لەڕوی ناوچەییەوە كێبڕكێی توركیا دەكات، پەیوەندی پتەوی لەگەڵ یۆنان و قوبرس هەن.
راگەیاندنی رێككەوتنەكەی دوێنێی نێوان یۆنان و میسر بوە هۆی توڕەبونی توركیاو وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە هەر دوێنێ لە بەیاننامەیەكدا وتی: ئەو ناوچەیەی رێككەوتنەكەی نێوان یۆنان و میسر دەیگرێتەوە دەكەوێتە نێو سنوریی ئاوی توركیاوە.
وەزارەتی دەرەوەی توركیا رایگەیاند: توركیا ئەو رێككەوتنە بە رەتكراوەو پوچەڵ دەزانێت و هەروەك رێككەوتنەكە پێشێلی مافە دەریاییەكانی لیبیاش دەكات.
لەبەرامبەر ئەو كاردانەوەیەی توركیادا لەسەر رێككەوتنەكەیان لەگەڵ یۆنان، ئەحمەد حافیز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لێدوان و دەستدرێژیی لایەنێك كە بەهیچ شێوەیەك رێككەوتنەكەی نەدیوەو وردەكارییەكەی نازانێت، جێی سەرسوڕمانە.
لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، یۆنان و ئیتاڵیا لەسەر دیاریكردنی سنوریی دەریایی و دامەزراندنی ناوچەیەكی ئابوریی لەنێوان هەردو وڵاتدا رێككەوتن.
لەگەڵ گەشەی خێرای بەرهەمی غازی سروشتی لەوڵاتەكەی، میسر چاوی لەوەیە ببێتە ناوەندێكی ئیقلیمی بۆ وزەو لەگەڵ چەند دەوڵەتێكی دیكە "كۆڕبەندی غازی رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست"یان پێكهێناوە بە ئامانجی پەرەپێدانی بازاڕی غاز لە ناوچەكەدا.
توركیا ئەندامی ئەو كۆڕبەندە نییە كە لەپاڵ میسردا، هەریەكە لە یۆنان، قوبرس، ئیسرائیل، ئیتاڵیاو ئوردن لەخۆدەگرێت.