٣ی ئاب ناخۆشترین رۆژی‌ ئێزیدییه‌كان
  2020-08-03       635       

 ئا: ئاوێنه‌


٦ ساڵ به‌سه‌ر شكستێكی‌ ترسناكدا تێپه‌ڕی‌، كه‌وتنی‌ شنگال به‌ده‌ستی‌ داعش ئه‌و ساته‌وه‌خت‌و شكسته‌یه‌ نه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ كورددا به‌گشتی‌‌و نه‌ له‌یاده‌وه‌ری‌ ئێزیدییه‌كاندا به‌تایبه‌تی‌ ده‌سڕێته‌وه‌، شنگالییه‌كان تا ماون ئه‌و رۆژه‌یان هه‌رگیز له‌به‌رچاو ون نابێت كه‌ ئاڵا ره‌شه‌كانی‌ داعش شاره‌كه‌یانی‌ داپۆشی‌‌و داگیركردنی‌ شنگالی راگه‌یاند.



 "خدر میشۆ"ی‌ ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵ‌، كه‌  له‌گه‌ڵ‌ هاوسه‌رو منداڵه‌كانیدا ئەو رۆژەی داعش هاتە سەر شارەکەیان ئاوارە ببو‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ساڵی ٢٠١٤ "خراپترین‌و دڵته‌زێنترین ساڵی‌ شنگال بووه‌ له‌وه‌ته‌ی‌ دروستكراوه‌". 


ئێستاش هزرو بیری‌ له‌و ساته‌وه‌خت‌و به‌ره‌به‌یانه‌ی‌ رۆژی‌ ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ده‌ژی‌، وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ بێت رویدا بێت، به‌یانی‌ زو بو له‌ده‌نگی‌ ته‌په‌ی‌ پێ‌‌و ته‌ق‌و تۆقی‌ پچڕ پچڕ‌و هات‌و هاوار له‌خه‌وڕا بو، وتیان "داعش هات".


میشۆ وتی‌ "هاتنی‌ داعش هاتنی‌ گه‌وره‌ترین ئافات بو بۆ ئێزیدییه‌كان، له‌وه‌ته‌ی‌ هه‌ین رۆژگاری‌ وا ره‌ش‌و تاریكمان به‌خۆمانه‌وه‌ نه‌بینیوه‌".


داعش هات‌و ماڵ وێران‌و ئاواره‌و سه‌رلێشواوی‌ كردن، ئه‌و وتی‌ "ماڵ‌‌و حاڵمان چوو، كوژراین‌و تاڵانكراین، كچ‌و ژنمان رفێندراو ده‌ربه‌ده‌ر كراین".


له‌و رۆژه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی‌ تراژیدیی‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ ئێزیدیه‌كان روه‌و چیای‌ شنگال هه‌ڵاتن، كه‌ رۆژانێكی‌ پڕ له‌مه‌رگه‌ساتیان له‌وێدا به‌سه‌ر برد.


خه‌لیل خودێداد كه‌ كوڕێكی‌ گه‌نجی‌ ته‌مه‌ن ٢٧ ساڵه‌، هه‌ر كه‌ باسی‌ ئه‌و حه‌وت رۆژه‌ ده‌كات له‌چیای‌ شنگال به‌سه‌ریبردوه‌، دڵی‌ پڕ ده‌بێت له‌خه‌م‌و ژان، "حه‌وت رۆژی‌ بڕ له‌ترس‌و شه‌ونخونی‌، له‌برسیه‌تی‌‌و تینویه‌تیمان به‌سه‌ر برد".


ئه‌و باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ چۆن خه‌ڵك له‌تاو برسیه‌تی‌‌و بۆ ئه‌وه‌ی‌ بمێنن‌و ده‌كه‌ونه‌ گه‌ڵا رنینی‌ دره‌خته‌كانی‌ بناری‌ ئه‌و چیایه‌و خواردویانه‌، ئه‌و وتی‌ "چه‌ندین دایكم بینیوه‌ گه‌نمیان ده‌كرده‌ ئاوه‌وه‌و ده‌یاخوساند‌و ده‌یاندا به‌منداڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌مرن".


پاشان به‌نیگه‌رانیه‌وه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ هه‌مو ئێزیدیه‌كان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن به‌درێژایی‌ مێژوی‌ خۆیان دوژمنی‌ دڕنده‌و ناجوامێری‌ وه‌ك داعشیان نه‌بینوه‌، ئه‌و وتی‌ "چی‌ ماوه‌ به‌رامبه‌رمان نه‌كرێت؟ ٣ / ٨ ناخۆشترین رۆژه‌ له‌ژیانی‌ هه‌ر هه‌مو ئێزیدییه‌كاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×