ئا: ئاوێنە
پەتای كۆرۆناو ململانێی نێوان ئەمەریكاو ئێرانو ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی عێراق، جموجۆڵەكانی داعشی توندتر كردوەتەوە، چەكدارانی داعش لەچیای قەرەچوغ لەخۆرێكخستنەوەدانو هەفتانە لەسنورەکانی کەرکوک، سەرگەڕانو مەخمورو قەراج چالاکی ئەنجام دەدەن.
چیای قەرەچوغ، پەنجا کیلۆمەتر لەشاڕی هەولێرەوە دورەو روبەرەکەی نزیکەی چل کیلۆمەترەو هەزار مەتریش لەئاستی روی دەریاوە بەرزە. چیای قەرەچوغ، دەشتی قەراجو کەندێناوە بەیەکەوە دەبەستێتەوە لەسنوری قەزای مەخمورو گوندەکانی دەوروبەری کوردن.
غازی فەیسەڵ، کە فەرماندەی بیست پێشمەرگەی خۆبەخشە لەگوندی عەلیە ڕەش-ی بناری قەرەچوغ، چەند ساڵێکە هەمو ناوەڕاستی بەهارێک سوتانی گەنمو جۆی جوتیارانی سنورەکەی لەوەرزی دروێنەدا دەبینێت، کە پێیوایە ئەنجامدەرانی چەکدارانی داعشن لەو سنورەداو سوتاندنی دەغڵو دانو دانەوێڵەیان کردوەتە ئامانجێکی ستراتیژی خۆیان.
غازی بەئاوێنەی راگەیاند "رۆژانە چەکداری داعش لەهەوڵی ئەوەدان سەرانە لەجوتیارانی کوردی دەوروبەری چیای قەرەچوغ بەزۆر بسەن، بۆ هەر جوتیارێک پێنجسەد دۆلار زەکات وەردەگرنو لەهەر دەڕاسەیەکیش هەزار دۆلار دەسێننو بۆ هەر سەر مەڕێکیش هەزار دینار سەرانە بەناوی زەکاتەوە وەردەگرن".
غازی ئاماژە بەوە دەکات کە سەر بەرزایی چیای قەرەچوغ پێشمەرگەی پارتی لێیەو سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەنو لیوایەکن، بەڵام نیوەی تری چیاکە چەکدارانی داعشی لێیە کە ژمارەیان نزیکەی حەوت سەد کەس دەبێتو زیاتر لە سی تا چل بارەگاو حەشارگەیان هەیە.
غازی وتی "بەشێک لەدانیشتوانی قەراج سنورەکەیان چۆڵ کردوە لەترسی چەکدارانی داعشو ئەوانەی ماوینەتەوە بەپشتیوانی هێزە عێراقیەکانو ئەو ژمارە پێشمەرگەیە ماونەتەوە".
وتیشی "ئەو چەکدارانەی داعش کە ئێستا بەچیای قەرەچوغەوەن کوردیشیان لەگەڵە، بەپێی زانیاری ئێمە ٣%یان کوردنو ٥%یشیان بیانین، زۆربەی هەرە زۆریشیان عەرەبی سونەنو زیاتر خەڵکی سنوری حەویجەو کەرکوکو شرگاتو گەیارەو تکریتن".
کاتێک پرسیاری ئەوە لەم پێشمەرگە خۆبەخشە دەکرێت کە ئەم چەکدارانەی داعش ئازوقەو کەرەسەی سەربازییان لەکوێوە بەدەست دەگات؟ لەوەڵامدا دەڵێت "بۆ ئازوقەو ئاوی خواردنەوە دەبێ ئەو پرسیارە لەپێشمەرگەکان بکرێت، چونکە لەسنوری گوندەکان کوردنشیننو هاوکاری داعش ناکرێت، گوندە کوردەکاندش لەدیوی دەشتی قەراج هێزەکانی فرقەی چواردەی هێزی عێراقی لێیەو بەهماهەنگی ژمارەیەک پێشمەرگەو جوتیاری خۆبەخش کە خۆم سەرپەرشتیان دەکەم بەرگری لە سنورەکە دەکەین".
غازی بەتوڕەییەوە دەپرسێت "خەڵکمان شەهید دەکرێ بۆچی حکومەتی هەرێم وەڵام ناداتەوە؟ زەویو دەغڵو دانو ماڵمان دەسوتێنرێ بۆ حکومەتی هەرێم بەهانامانەوە نایەت؟ بۆ پەرلەمانی کوردستان، وەزارەتی پێشمەرگە، حزبەکان بۆ چاوپۆشی لەو غەدرە گەورانە دەکەن لەئێمەی کورد دەکرێت لەم سنورەدا؟ بۆ حکومەتی هەرێم وەفدی باڵایان دەچێتە بەغدا جگە لەباسی موچەو پۆستو کێشەی نەوت باسی ئەم سنورانەی مادەی ١٤٠ بەگشتیو چیای قەرەچوغ بەتایبەتی ناکات کە سنوری هەرێمەو گەورەترین تیرۆریستو پیاوکوژی داعش خۆی تیا حەشار داوە؟!".
غازی ئاماژە بەوەش دەکات کە لەساڵی 2017وە دوای کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵو حەویجەو ناوچەکانی تری ژێردەستی داعش، چەکدارانی داعش قەرەچوغیان کردوە بەپەناگەی قایمی خۆیانو تا ئێستا زیاتر لەسەدو حەفتا هێرشی فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیان کراوەتە سەر دەیان کەسیان لێکوژراوە، بەڵام هێشتا لەجموجوڵی بەردەوامدانو چەندین جار بۆمبیان چاندووەو خەڵکی سنورەکەیان شەهید کردوە، ئەو وتی "هەمیشە مەترسی گەورەن لەسەرمانو چوار جاریش هێرشیان کردۆتە سەر ئەو پێشمەرگەو جوتیارە خۆبەخشانەی ئێمە، بەڵام ڕووبەڕوویان بووینەتەوەو تێکمان شکاندون، بۆ بەرگری کردنمان هەماهەنگیمان لەگەڵ حکومەتی مەرکەزی کردوە کە سنورەکەیان بەدەستەوەیەو چەندین ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان بەیەکەوە ئەنجام داوەو تا ئێستاش بەیەکەوە بەرگری لە سنورەکە دەکەینو چەند کەسێکی نیشتمانپەروەریش هاوکاری چەکو تەقەمەنی کردوین".
وتیشی "دور لەئینتمای حزبیو ڕەنگ، لەڕوی مرۆڤایەتیەوە ئێمە لەژێر هەڕەشەی گەورەداین، بەڵام کەس نایەت بەهانامانەوە".
غازی فەیسەڵ