عێراق لەكەمكردنەوەی نەوت بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس روبەڕوی كۆسپ دەبێتەوە
  2020-05-01       1177       

ئاژانسی رۆیتەرز لەزاری چەند سەرچاوەیەك لە كەرتی نەوتی عێراق بڵاویكردۆتەوە كە بەغدا روبەڕوی كۆسپ دەبێتەوە لە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەو رێژە پێوانەییەی كە بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس دەبێت لەم مانگەوە زیاتر لە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا كەم بكاتەوە.

ئاوێنە: گەورە كۆمپانیاكانی نەوتی وەك پی بی و ئیكسن مۆبیل و لۆك ئۆیڵ و ئینی، پشكی شێریان لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراقدا بەردەكەوێت و بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز تا ئێستا داواكاریی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانیان رەتكردۆتەوە.

ئاژانسەكە هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەگەری هەیە پابەندنەبونی عێراق بە كەمكردنەوەی ئەو رێژە نەوتەی بۆی دیاریكراوە زیان بە هەوڵەكانی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی 9.7 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەمەبەستی بەرزكردنەوەی نرخی نەوت، بگەیەنێت كە بەهۆی داڕمانی خواست لەسایەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نرخەكەی هاڕەی كردوە.

بەرپرسێكی باڵا لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە رایگەیاندوە: گفتوگۆكانیان لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان بەردەوامەو هەوڵدەدەن بگەنە رێككەوتن لەگەڵیان بۆ كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەبێ ئەوەی هیچ پابەندییەكی دارایی بكەوێتە سەر عێراق.

ئەو بەرپرسە باڵایە ئاماژەی بەوەداوە كە گفتوگۆكان سەرنجیان لەسەر ئەو بڕە نەوتەیە كە لەلایەن هەر كۆمپانیایەكی بیانییەوە كەمدەكرێتەوە لەگەڵ بونی خشتەیەكی زەمەنیدا.

هەروەها وتوشیەتی"خشتەیەكی زەمەنی دادەنێین كە رێگە بە كۆمپانیاكان بدات سیانەی كێڵگەكانی نەوت بكەن لەكاتی كەمكردنەوەی بەرهەمهێناندا."

لەگەڵ ئەوەش دو بەرپرسی كۆمپانیای نەوتی بەسرە وتویانە: لەوبارەیەوە لانیكەم وەڵامی ئەرێنیان لە دو كۆمپانیای جیهانی وەرگرتوە كە لە بەسرە كاردەكەن.

بەگوێرەی قسەی ئەو بەرپرسانە، وەزارەتی نەوتی عێراق فەرمانی بە كۆمپانیای نەوتی بەسرە داوە لانیكەم 700 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە لە كێڵگەكانی ئەو پارێزگایە كەمبكاتەوە.بەڵام تا ئێستا دیار نییە چۆن پكشی كەمكردنەوەكە لەنێوان ئەو كۆمپانیا بیانیانەدا دابەش دەكرێت كە لە كێڵگە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایە كاردەكەن.

ئەو بەرپرسانە ئاماژەیان بەوەشداوە كە بڕەكەی دیكەی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت رەنگە لە كێڵگە نەوتییەكانی میسان و ناسرە بكرێت.

بەڕێوەبەرێكی باڵا لە كۆمپانیای نەوتی بەسرە هێمای بۆ ئەوە كردوە كە یەكێك لە پێشنیارەكان ئەوەیە داوا لە كۆمپانیا بیانییەكان بكەن بەشێوەی نۆرە بەرهەمهێنان كەم بكەنەوە بۆ مسۆگەركردنی بەشداری سەرجەم بەڵێندەران لە كەمكردنەوەكەدا.

ئەوەشی وتوە"زۆربەی بەرهەمی نەوتی عێراق لەو كێڵگانەوەیە كە كۆمپانیا بیانییەكان كاریان تێدادەكەن بۆیە پێویستمان بە هاوكارییانە بۆ پابەندبون بە رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس بۆ كەمكردنەوەی نەوت."

بەگوێرەی رێككەوتنی ئۆپیك پڵەس عێراق دەبێت رۆژانە یەك ملیۆن 61 هەزار بەرمیل لە بەرهەمی نەوت كەمبكاتەوە.

بەپێی قسەی بەرپرسانی كەرتەكە، زۆربەی پشكی كەمكردنەوەكە لە بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بەر كێڵگەكانی بەسرە دەكەوێت كە لەلایەن كۆمپانیا بیانییەكانەوە پەرەیان پێدراوە لەوانە كێڵگەی رومەیلە كە كۆمپانیای پی بی كاری تێدادەكات و رۆژانە نزیكەی 1.45 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، كێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە-1 كە ئیكسۆن مۆبیل كاری تێدادەكات و بەرهەمی رۆژانەی زیاتر لە 450 هەزار بەرمیل نەوت، لەگەڵ كێڵگەی رۆژئاوای قوڕنە-2 كە لەلایەن كۆمپانیای لۆك ئۆیڵەوە بەڕێوەدەبرێت و بەرهەمی رۆژانەی نزیكەی 400 هەزار بەرمیل نەوتەو هەروەها كێڵگەی زوبێر  كە بەرهەمی رۆژانەی 250 هەزار بەرمیل نەوتەو لەلایەن كۆمپانیای "ئینی"یەوە بەڕێوەدەبرێت.

هەروەها ئەو بەرپرسانەی كەرتی نەوتی عێراق هێمایان بۆ ئەوە كردوە كە پێشبینی ناكەن هیچ كەمكردنەوەیەك لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكدا بكرێت كە بەرهەمی رۆژانەی نزیكەی 320 هەزار بەرمیلە نەوتە، چونكە زۆربەی بەرهەمی كێڵگەكانی كەركوك بۆ دابینكردنی پێویستی پاڵاوتگە ناوخۆییەكانی باكوری وڵات بەكاردەهێنرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×