2020-04-14   2193     
ئا: كاوە ڕەش، بەریتانیا
بەپێی بەشێك لەبەدواداچونەكان دەرەكەوێ كە ڤایرۆسی كۆڕۆنا زیاتر كاریگەری كردۆتە سەر كەمەنەتەوەكانی بەریتانیا، لەنێویاندا خەڵكی ڕەشپێستو ئاسییاییو ئەوانەی بەشێكن لەكەمینەكانی ئەو وڵاتە.
بەپێی ئەو توژێنەوەیهی لەتۆڕی BBC بڵاوبۆتەوە، سێیەكی ئەوانەی بەسەختی توشی پەتاكە بونو كەتونەتە نەخۆشخانە، بەڕەچەڵەك بەریتانی نین.
سەبارەت بەهۆكاری ئەو كاریگەریە زۆرەی كە بۆ سەر كەمینەكان هەیە، پارتی كاری بەریتانیا داوای پشكینو بەدواداچون لەحوكمەتو وەزارەتی تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا دەكات.
لەبەرمبەردا حوكمەت دەڵێت: هیچ جیاوازییەك ناكرێت لەپێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانو هەوڵدەدەن ڕێژەی قوربانیان بۆ كەمترین ئاست بهێنە خوارەوە.
بەپێی ئاماری سەرژمێری ساڵی ٢٠١١ تەنها لەسەدا چواردەی دانیشتوانی ئینگلتەراو وێڵس، لەكەمینە نەتەوەكانن. لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی بەدواداچونی سەنتەری لێكۆڵینەوەی نیشتیمانی بەریتانیا، دەردەكەوێ كە لەسەدا ٣٤ی ئەوانەی لەنەخۆشخانەكانو لەژێر چاودێری چڕی پزیشكیدان بەهۆكاری كۆڤید١٩ كە دەكاتە زیاتر لە ٣هەزار كەس، لەباكگراوندی ڕەش پێستو ئاسیاییو كەمەنەتەوەكانن.
دكتۆر جۆن چینێگووندۆ تەمەن پەنجا ساڵ كە لەنهخۆشخانەی Kingston لەبەشی ڕۆژئاوای لەندەن وەك دكتۆری یاریدەر لەبەشی هەناسەدان كار دەكات دەڵێت: هاوكارێكی خۆمو هەروەها باوكم كە تەمەنی ٩٣ ساڵ بو، لەو قاوشەی من تێدا كار دەكەم بەهۆی پەتای كڕۆناوە گیانیان لەدەستداوە. سەرباری ئەوەش برایەكی لەخۆم بەتەمەنتر، ئەنجامی پۆزەتیڤی كڕۆنای هەبو.
بەوتەی ئەو دكتۆرە بەڕەچەڵك نەیجریه، تەنها ئەوە باش بوە كە لەكاتی گیانلەدەستدانی باوكی دەستی لەناو دەستی بوە، چونكە خۆی لەوێ كاریكردوە، بەپێچەوانەی ئەو خێزانانەی دیكە، كەناتوانن بۆ دواجار ماڵئاوای لەخۆشەویستانیان بكەن.
دكتۆر جۆن دەڵێت: بەڵام ئەوەی زیاتر خەمبارم دەكات دەبێ بەردەوام بم لەبینینی كەسانی دیكە كە لێرە گیانلەدەستدەدەن.
بەوتەی ئەو دكتۆرە، گرنگە حكومەت بەشوێن ئەو داتاو زانیاریانەوە بچێت كە بۆچی ئەو پەتایە، زیاتر كاریگەری لەسەر نەژادی كەمەنەتەوەكاندا هەیە، تا بتواندرێت هاوكاری پێویست لەبواری تەندروستی پێشكەش بەكەمینەكان بكرێت.
پارتی كاری بەریتانیا دەڵێ، گیان لەدەستدانی ژمارەیەك دكتۆر لەنەژادی كەمینەكانی ئەم وڵاتە بەهۆی ڤایرۆسەكەوە، بەقوڵی خەمباری كردوین.
ئەمیر ئەوەن تەمەن 44 ساڵو دانیشتوی شاری بێرمینگهام لەبەریتانیا، ئەویش دوایەك ڕۆژ مانەوە لەبەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانە (نەزیر)ی باوكی، بەهۆی پەتای كۆڕۆناوە گیانی لەدەستداوە. دەڵێ، باوكی باپیرەی شەش نەوە بوە، بەڕاستی سەخت بو كە نەتوانی لەكاتی سەرەمەرگدا ماڵئاوای لەئازیزترین كەست بكەی. ئەو كەسێكی بازرگان و خۆشەویست و بەخشندەی ناو خەڵك بوە، هەموو شتێكی كردوە لەپێناو خۆشەویستی شارو خەڵكەكەی.
بەهۆی ئەوەی باوكی بەكاریگەری ڤایرۆسی كۆڕۆنا گیانیلەدەستداوە دەڵێت، هێندە سەختە تەنانەت نەمتوانیوە باوەش بەدایكشم دابكەم لەو كۆستە گەورەدا. بەڕاستی گەلێك بەئازارە دەڵێ، تكایە ئەگەر خۆتو خێزانو هاوڕێكانت خۆش دەوێ، لەماڵ بمێنەوە بۆئەوەی پارێزراوبن.
دكتۆرە چیدێرا ئۆتا، گەنجێكی تەمەن ٢٥ساڵە، كە لەبەشی چاودێری چڕی نەخۆشخانەی Ealingی لەندەن كاردەكات دەڵێت: لەندەنی پایتەخت یەكێكە لەو شوێنانەی ئینگلتەرا، كەزۆر بەسەختیو چڕی ڤایرۆسكە كاریگەری لەسەر خەڵكەكەی هەیە، بەگشتی كەمەنەتەواكانیش، لەسەدا چلی دانیشتوانی لەندەن پێكدەهێنن.
بەوتەی ئەو دكتۆرە، بەهۆی بەردەستنەبونی پێداویستی و ئامرازەكانی خۆپارێزی لەناو نەخۆشخانەكان، بەشێك لەدكتۆرو هاوكارەكانی، خۆیان دەبێ چاویلكەو ماسك و دەستكێشی خۆپارێزی دابین بكەن. هەرەوەها ئەویش دەڵێ، بەشێكی زۆر لەهەڵگرانی ڤایرۆسەكە لەنەژادی كەمینەكانی لەندەنن كە دێنەلایان.
دكتۆرە ئۆتا دەڵێت، كاركردن لەهێڵی پێشەوە لەگەڵ بەركەوتوان، ڕیسكێكی زۆری لەسەرە، بەتایبەت كە دەگەڕێیەوە ناو خێزان و دەوروبەرەكەت.
ئەركێكی دیكەش كەقورسە بۆ ئەو كەسانەی ناتوانن بەئینگلیزی قسە بكەن، چونكە كاتێك تۆ پرسیاری لێ دەكەی دەربارەی هەبونی ئازارو پشو هەناسەدانو نیشانەكانی نەخۆشیەكە، بەتایبەت كەلەو ڕەوشەدا، بۆت نیە كەسێكی هاوڕێ، یاخود خێزانەكەت، بهێنی بۆئەوەی هاوكاربێت و وەرگێڕانت بۆ بكات.
دكتۆرە زوبێدە هەقیو، جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی نەژادییو یەكسانی تینك تانك دەڵێت، كەمەنەتەوەكانی نێو كۆمەڵگەی بەریتانیا، بەهۆی باری هەژاری و دەستكورتی و بونی قەڕەباڵغی زۆر لەنێو یەك خێزاندا، كەلەنێو یەك خانودا دەژین، هۆكارێكن بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بەئاسانی لەنێو ئەندامانی خێزاندا، كەڕەنگە زۆرجار كەسانی بەتەمەن و ئەوانەی نەخۆشی بەردەوامیان لەگەل دایە، لەوێ توشی پاتای كۆڤید١٩ببن.
دكتۆرە زوبێدە، یەكێكی دیكە لەهۆكارەكان، بۆ باری ئابوری دەگێڕێتەوە دەڵێ; كەمینەكان ئەوانەن كەسەرچاوەی داهاتیان كەمە، چونكە زۆربەیان ئێستا لەم ڕەوشەدا كاركەری سەرەكین، هەیانە لەبواری گواستنەوەدا كاردەكات وەیان ئەوانەی لەبواری پزیشكی و لەشوێنی چاودێری كۆمەڵایەتی و پاك ڕاگرتنی نەخۆشخانەو خواردنگا خێراكان كار دەكەن. بۆیە زۆرترین بەركەوتنیان لەئێستادا هەیە لەكاتی كاركردندا، كەئەوەش ڕەنگە هۆكارێكی دیكەی ڕێژەی توشبوانی كەمینەكانی بەریتانیا بێت.
بەشی چاودێری و تەندروستی كۆمەڵایەتی بەریتانیا دەڵێ، مەرگی هەرتاكێك بەهۆی كۆڤید١٩ وە تراژیدیا هێنەرە بۆ ئێمە، هەرەها بەپێی ئەو ئەنجامەنە ئێمە هەوڵ دەدەین لەگەڵ دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیا، بەدواداچون بكەین لەسەر كاریگەری زۆرتری ڤایرۆسەكە لەسەر كەمینەكانو لەماوەیەكی كەمدا ئەنجامەكان بڵاو دەكرێنەوە.
هەرچەندە ئامارێكی پشت ڕاستكراوە نیە لەسەر ژمارەی توشبوانو قوربانییە كوردەكان بەو پەتایە، بەڵام بەوپێیەی ژمارەیەكی بەرچاو كورد لەبەریتانیا هەیە، ئەوانیش بەدەر نەبون لەو ڤایرۆسە. مەزندە دەكرێ تائێستا ١٠ كوردی هەرچوارپارچەی كوردستان، ببوێتنە قوربانی كۆڤید١٩و ژمارەیەكی دیكەش هەڵگری ڤایرۆسەكە بن لەو وڵاتە.