ئا: ئاوێنە
تەیف سامی پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان دەبێت هەموو داهاتێکی نەوتی یان نانەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی ناوەندی، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بکرێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لەکابینەکەی سودانی دەکات بەهۆی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە.
دوای پەسەندکردنی بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024و 2025 لەعێراق، ئێستا وەزیری دارایی عێراق بڕیاریداوە ژمارەیەک چاکسازی لەبودجەدا بکات، گەورەترین فۆکسی ئەم چاکسازیانەش لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت.
چاکسازییەکان کە دەوترێت لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێن، چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانی عێراق (دهۆک، هەولێر، سلێمانی، هەڵەبجە) وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق مافو ئەرکیان لەئەستۆدایەو پێویستە هەرێم لەبەرامبەر ناردنی مووچەدا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، هەموو داهاتەکانی نەوتیو نانەوتییەکانی بگەڕێندرێتەوە بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، کە لەسەردەمی رژێمی بەعسەوە لە وەزارەتی دارایی عێراق کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات بەهۆی شکستهێنانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڕاندنەوەی داهاتی فرۆشی نەوت، هەوڵی چاکسازی لەبودجەی عێراقدا دەدات.
لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەمانگی یەکی ساڵی 2023ەوە بەهۆی داخستنی بۆری جەیهانەوە نەوتی هەناردە نەکردووە.
هاوکات کۆمپانیای سۆمۆ، کە تاکە کۆمپانیایە دەسەڵاتی فرۆشی نەوتی عێراقی هەیە، لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە بەڵگەی لەئۆپێکەوە دەستکەوتووە دەریدەخات رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بەقاچاخ لەهەرێمی کوردستانەوە هەناردەی دەرەوە دەکرێت، حکومەتی هەرێم ئامادە نییە ئەو بەڵگانە قبوڵ بکات.
کێشەی سەرەکی نێوان هەرێمو بەغدا لەسەر مووچەی فەرمانبەرانە. بەغدا پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەبێت هەر داهاتێکی نەوتی یان نانەوتی بگەڕێنێتەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی ناوەندی، بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خەرج بکرێت.
تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بەجێبەجێکردنی چاکسازییەکانی بودجەو هۆکارەکانی پشت کورتهێنانی بودجەی ساڵی ڕابردوو (2024)، رایگەیاند "سەرجەم مووچەی فەرمانبەرانی لەساڵی ڕابردوودا داوە بەهەرێمی کوردستان، بەڵام تا ئێستا هەرێمی کوردستان داهاتی فرۆشتنی نەوتو داهاتی نانەوتی نەخستۆتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق، لەکاتێکدا 11 ترلیۆن دینار کە بەرامبەرە بە 7.3 ملیار دۆلار دانراوە بۆ مووچەدان بەفەرمانبەرانی هەرێم".
راشیگەیاند "گرنگترین فاکتەری کورتهێنانی بودجەی عێراق لەساڵی 2024دا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان داهاتی نەوتیو نانەوتی نەگەڕاندوەتەوە بۆ گەنجینەی حکومەتی ناوەندی".
بەهۆی کێشەی مووچەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە لەحکومەتی سودانی دەکات، دوو وەزیری پارتی (فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەو بەنگین ڕێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن) لەئێستادا لەحکومەتی سودانیدان.
دوای ئەوەی پارتی هەڕەشەی کشانەوەی لەکابینەکەی سودانی کرد، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی گەیشتن بەلێکتێگەیشتنو نزیککردنەوەی بۆچوونی هەولێرو بەغدا گەیشتە بەغدا. بارزانی لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سوننەو شیعەکان کۆبۆوەو ڕایگەیاند "نابێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەسیاسی بکرێت".
تا ئێستا بەغداو هەولێر لەسەر پرسە داراییەکانو دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاو بودجەی ساڵی ٢٠٢٥ نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هیچ ئاسۆیەک بۆ چارەسەری ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەدیناکرێتو کێشەی دواکەوتنی مووچە ئەمساڵی 2025یش بەردەوام دەبێت.