وەرگێڕانی لە ئینگیلیزییەوە:
شاهین کەریمی
پێشەکی وەرگێڕ
ئەم وتارە بەشێکی کورت و سەرەتاییە لە وتارێکی
ئاکادیمی و تێروتەسەلی دۆکتۆر « تۆد لەندمەن »1بە
ناوی، دیمۆکراسی ڕوولەگەشە، چەمک، پێوانە و ڕایەڵە ئەزموونیەکان. (Developing Democracy: Concepts, Measures, and Empirical
Relationships)2. هەڵبژاردنی ئەم بەشە بە مەبەستی، دەرخستن و داکۆکی کردن بوو لە
چەمک و فۆڕمەکانی دیمۆکراسی و ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتی کورد لەو پێناسانە. لە
بەراورد بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەمڕۆی کوردستان، دیمۆکراسیەت هێشتا
گاگۆڵکێ دەکات و هەنگاوی لەرزۆک دەنێ. دەتوانین بڵێین کەمترین ڕێژە لە دیمۆکراسی،
واتە دیمۆکراسی لانیکەمی(ڕۆتین) دەستەبەر بووە و هێشتا گەیشتن بە شێوازەکانی تر
دیمۆکراسی وەک سۆشیال دیمۆکراسی و لیبڕال دیمۆکراسی، زۆری ماوە.
پێناسە
دیمۆکراسی چەمکێکی کلاسیکی ورووژێنەری بنەڕەتیە،
چونکە ڕەنگە نە ئێستە و نە لە داهاتووشدا ڕێکەوتنێکی گشتی لە سەر پێکهاتە و ناوەۆرکی
نەبێت. بەڵام سەرەڕای ئەمە، دیمۆکراسیەت خاوەن تایبەتمەندییەگەلێکە، کە تێگەیشتن و
ڕێککەوتنی گشتی سەبارەت بەوان هەن، هەروەها لە جیهانیشدا شێوازی دیمۆکراسی جیاوازی
بە خۆووە بینیوە، کە لە ماوەیەکی زۆردا لە جوگرافیایەکی بەریندا دەرویان گێڕاوە.
چەمکی، دیمۆکراسی بریتیە لە: جۆرێک دەسەڵات کە لە سەر بنەمای دەسەڵاتدارێتی خەڵکی
و بڕیاردانی گشتی دامەزراوە، و جێی پەسەندی زۆرینەیە. بەڵام نیگەرانی سەبارەت بە
پێکهاتەی سەرەتایی و تایبەتمەندییەکانی تری دیمۆکراسی، بۆتە هۆی سەرهەڵدانی
دەمەتەقێ سەبارەت بە پێناسەی جیاواز بۆ دیمۆکراسی. ئەم وتارە چڕ دەبێتەوە لە سەر
دیمۆکراسی لانیکەم (ڕۆتینی)، لیبڕال دیمۆکراسی، و سۆسیال دیمۆکراسی، کە هەنووکە
جێی باس و تێڕامانن.
گرینگترین
پێناسەی دیمۆکراسی لانیکەمی(ڕۆتینی)، لەلایەن ڕۆبێرت داهل لە ساڵی ١٩٧١ کراوە، کە
بریتیە لە دوو لایەنی ململانێ و بەشداری. ململانێ، دیاریکەری کێبەرکێی نادیاری
ئاشتیخوازانەیە، کە پێویستیەکی ناچاریی دیمۆکراسیە. بنەمایەکە بۆ سەلماندنی
حەقانیەتی ئۆپۆزیسیۆن، مافی دەربڕینی دژایەتی بەرانبەر بە دەسەڵاتداران، پاراستنی
دووانەی ئازادی بیروڕا و دامەزراوەیی، هەبوونی هەڵبژاردنی دادپەروەرانە و ئازاد، و
چەسپاندن و تۆکمە کردنی سیستەمی حیزبایەتی. فاکتەری بەشداری کردن، نوێنەری بیرۆکەی
هژمۆنی دەسەڵاتی خەڵکیە، کە خۆی پارێزەری مافی دەنگدان و دەنگدانی گشتیە. پێناسەی
دیمۆکراسی لیبڕال، نیگەرانێ سەربارەت بە ململانێ و بەشداری ناڕەوێنێتەوە، بەڵام
داکۆکی تایبەت و زیاتر لە سەر پاراستنی مافی مرۆڤ دەکات. پێناسەی لیبڕالی، ڕووبەری
دامەزراوەیی زیاد دەکات کە نوێنەری دەسەڵاتیدارێتی گەلیە و بریتیە لە چەمکی وەڵام
دانەوە (بەرپرس بوون)، سنورداربوونی سەرۆکەکان، نوێنەرایەتی هاووڵاتیان، و بەشداری
گشتی. ئەمە لایەنی ماف دێنێتە ناو گەمەکەوە، کە لەلایەن یاساوە پارێزگاری لێ
دەکرێ، و بریتیە لە مافی کۆمەڵایەتی، سیاسی، خاوەندارێتی و کەمایەتی. پێناسەی
سۆشیال لە دیمۆکراسی، داکۆکی لە پێناسەی دامەزراوەیی و مافی ی لە پێناسەی لیبرال
دەکات و لە هەمان کاتدا، جۆری مافە پارێزراوەکان، بۆ وێنە مافی کۆمەڵایەتی و
ئابووری، دەوڵەمەندتر دەکات.
کۆی ئەمانە، واتە سێ پێناسەی ئاماژە پێکراو ژبۆ
دیمۆکراسی، هەندێ چەمکی هاوبەشی دیاری کراو یان هەیە، وەکو ململانێی سیاسی ئاشتی
خوازانە، و هەندێ چوارچێوە بۆ بەشداری کردن، بەڵام لە هەمان کاتدا، تایبەتمەندی
تر، واتە پاراستنی مافی تاکەکان و توێژەکان لە ژیانی ئەواندا، بۆ دیمۆکراسی زیاد
کراوە. پێناسەی دیمۆکراسی لانیکەمی (ڕۆتینی)، لانیکەمی پێداویستیەکانی بەشداری
سیاسی دیاری دەکات. پێناسەی لیبڕاڵی، بریتیە لە پاراستنی تەواوەتی مافی
هاووڵاتی(مەدەنی)، مافی سیاسی، مافی خاوەندارێتی، مافی کەمایەتیەکان، کە لە
ڕاستیدا بریتیە لە سنوردار کردنەوەی لایەنە نەرێیەکانی دیمۆکراسی نوێنەرایەتی لە
لایەن زۆرینەوە. پێناسەی سۆشیال، پاراستنی ئابووری و مافە کۆمەڵایەتیەکان
دەرهاویشتەی پێناسەکە دەکات، کە خۆی فاکتەرێکی دیاری کەرە لە مەڕ، بەشداری بە کۆی
هاووڵاتیان لە بڕیار دانی گشتیدا، کە کار دەکاتە سەر ژیانیان. پێناسەی بەرتەسک و
بەرفراوان لە دیمۆکراسیدا هەیە و جیاوازی حاشا هەڵنەگرییان هەیە، بۆیە پسپۆڕان
دەتوانن پێوانە و شیکارییەک بۆ دەرکەوتە، پاراستن و کارامەیی دیمۆکراسی دیاری
بکەن.
پاشکۆ
١. زانیاری
نوسەر
Dr Todd Landman
Centre for
Democratic Governance
Department of
Government
University of Essex
Wivenhoe Park Colchester,
Essex CO4 3SQ
United Kingdom
٢ . سەرچاوە
https://www.idea.int/sites/default/files/speeches/Developing-Democracy-Concepts-Measures-and-Empirical-Relationships-PDF.pdf
٣ . سەردێڕی بابەتەکە بە هەڵبژاردنی وەرگێر بووە