ئا؛ ئاوێنە
مستەفا سەلیمی دو هەفتە پاش هەڵاتنی لەزیندانی
سەقز، ئەمڕۆ لەهەمان زینداندا لەسێدارە درا، رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت
"مستەفا سەلیمی لەلایەن ئاسایشی هەرێمەوە رادەستی ئێران كراوەتەوەو بەتاوانی دژایەتی كردنی كۆماری ئیسلامی لەسێدارە
دراوە". هەواڵی رادەستکردنەوەو لەسێدارەدانی بەم خێراییە هەرای لەهەرێمی کوردستانو
حزبەکانی رۆژهەڵاتدا ناوەتەوە.
لەهەلومەرجێكدا كە خەڵكی ئێران بەدەست بڵاوبونەوەی
ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێننو رۆژانە سەدان كەس گیان لەدەستدەدەن، هێشتا كۆماری ئیسلامی
لەجێبەجێكردنی حوكمی لەسێدارەدان ناكەوێ. ئەمڕۆ شەممە ١١ / ٤، مستەفا سەلیمی پاش
دو هەفتە لەهەڵاتنی لەزیندانی سەقز، هەر
لەو زیندانەدا لەسێدارە دا.
مستەفا سەلیمی دو هەفتە لەمەوبەر لەئەنجامی سەرهەڵدانی
ناڕەزایی ناو زیندانی سەقزدا لەگەڵ دەیان زیندانیی دیكەدا هەڵاتو پاش چەند رۆژێك وەک رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێن "لەهەرێمی كوردستان دەستگیر كراو رادەستی ئێران كرایەوە".
هەواڵی رادەست كردنەوەی مستەفا سەلیمیو لەسێدارەدانی
بەو خێراییە، هەرایەكی گەورەی لەهەرێمی كوردستانو لەناو حزبەكانی رۆژهەڵاتدا بەرپا
كردوە، رای گشتی بەسەر دو بەرەی دژ بەیەكدا دابەش بون: بەرەیەكیان پێیوایە كە رادەستكردنەوەی
ناوبراو بەئێران خیانەتو ریسواییە بۆ حكومەتو ئاسایشی هەرێمو یەكێتی نیشتمانی
كوردستانو درێژکراوەی ئەو کلتورە سیاسییەیە کە ساڵانێکە یەکێتی کار بۆ جێبەجێکردنی
ئەجنداکانی ئێران دەکاتو پارتیش بۆ تورکیاو لەو چوارچێوەیەدا هەمو بەهایەکی
نیشتمانیو نەتەوەییو مرۆیی پێشێل دەکەن. بەرەیەكیش پێیوایە مستەفا سەلیمی پەنابەری
سیاسیو سەر بەهیچ حزبێکی رۆژهەڵات نەبوەو وەختی خۆی لەسەر "دزیو جەردەییو
تاوانی كوشتن" دەستگیر كراوەو بەپێی ئەو رێكەوتنانەی لەنێوان عێراقو ئێران هەن،
حكومەتی هەرێم پابەندە بەرادەستكردنەوەی بەئێرانو ئەوەی کراوە كارێكی یاساییە، تەنانەت
میدیای فەرمی یەكێتی (puk media)و ئاسایشی سلێمانی لەڕێگەی لێدوانیی بەرپرسی یەیوەندییەكانی حزبی دیموكراتی
كوردستانی ئێرانەوە لەسلێمانی دەیەوی بیسەلمێنێ كە لەبنەڕەتدا "مستەفا سەلیمی
نەلەهەرێم بوەو نەرادەستیشكراوەتەوە لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە". ئاسایشی سلێمانی ئەوە روندەکاتەوە کە بلاوبونەوەی هەواڵی رادەستکردنەوەی "مستەفا سەلیمی"، بەدروستکراوی هەواڵی بێ بنەمای عەلی جەوانمەردی - رۆژنامەنوسی رۆژهەڵاتی کوردستانو نزیک لەپارتی - ناودەبات.
ئەمە لەكاتێكدایە كە رێكخراوی مافی مرۆڤی ئێران
ئاماژە بەوە دەكات مستەفا سەلیمی پاش ئەوەی 28ی ئازاردا بۆ هەرێمی كوردستان هەڵدێت،
لە8ی نیساندا لەلایەن ئاسایشی پێنجوێنەوە دەستگیر كراوەو رادەستی ئێران كراوەتەوە.
فاتمە كەریمی، بەڕێوەبەری تۆڕی مافەكانی مرۆڤی
كوردستان لەمبارەوە بە"رادیۆ فەردا"ی راگەیاندوە كە "مستەفا سەلیمی
پاش هەڵاتنی لەئێران، لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستانەوە لەدەوروبەری پێنجوێن
دەستگیر كراوەو لەچەند رۆژی رابردودا رادەستی ئێران كراوەتەوە. پاش رادەست كردنەوەشی
بەئێران، براوەتەوە زیندانی سەقزو دوێنێ كەسوكارەكەی بانگ كراوە بۆ ئەوەی بۆ
دواجار بیبیننو ئەمڕۆ لەسێدارە دراوە".
مەسەلەی رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی، دیسان لەهەرێمی
كوردستاندا لەلایەن پارتە ركەبەرەكانەوە بۆ ململانێی سیاسیو شكاندنو تۆمەتباركردنی
یەكتر بەكاردەهێنرێت، تەنانەت ئەمە بەراگەیاندراوەكەی وتەبێژی حكومەتی هەرێمیشەوە
دیارە كە ئاماژە بەوە كراوە "حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو بابەتە نیە و ئەگەر
شتێکی وا ڕوویدابێت ئەوە بەبێ ئاگاداری حکومەتی هەرێم کراوە". وەك ئەوەی بلێ
"ئەم كارە لەلایەن ئاسایشێكی حزبیەوە لەپێنجوێن كرابێتو ئەو ئاسایشە هی یەکتییە،
نەك ئاسایشی حكومەتی هەرێم!".
لەئاستی حزبەكانی رۆژهەڵاتیشدا تا ئێستا ئەوەی
جێی سەرنجە، هیچ رونكردنەوەیەك لەئاستێكی باڵادا رانەگەیەندراوە، بەتایبەتی لەلایەن
ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتەوە كە هەمو حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەخۆدەگرێتو
دەنگۆی ئەوە لەئارادایە لەسەر دەركردنی بەیاننامەیەكی هاوبەش كۆك نینو رای جیاوازیان
هەیە. هەرچەندە زۆربەی ئەندامو لایەنگرانی ئەم حزبانە لەپەیجە تایبەتەكانی خۆیاندا
لەسۆشیال میدیا، بەرپرسانی یەكێتیو ئاسایش تۆمەتبار دەكەن بەوەی لەڕێگەی ئەم كارەیانەوە
خزمەت بەكۆماری ئیسلامی ئێران دەكەن.
مستەفا سەلیمی تەمەن 53 ساڵ بوەو خەڵكی گوندی ئیلۆی
سەر بەسەقز بوە، لەساڵی 2003ەوە دەستگیر كراوەو بەتۆمەتی "دزی كردنو دژایەتیو
ئەندام بون لەحزبەكانی ئۆپۆزیسیۆنی كورد" حوكمی لەسێدارەدانی بەسەردرا دراوە،
ماوەی 17 ساڵە بە بەردەوامیو بەبێ مۆڵەتپێدان لەناو زیندانەكانی سنەو سەقزدا بوە.
میدیاکانی ئێران ئامژە بەوە دەکەن کە مستەفا سەلیمی پلانداڕێژەری سەرەکی هەڵاتنی بەندکراوانی زیندانی سەقز بوە، کە ساڵی 2003 بەتۆمەتی هێرشی چەکداریی بۆ سەر بنکەی فەرماندەیی سەربازی سەقزو کوژرانی دو سەربازی ئێران، دەستگیر کراوە.
زیندانی سەقز یەكێكە لەو هەشت زیندانەی كە لەماوەی
چەند رۆژی رابردودا لەئێران زیندانیكراوەكانی یاخی بون وەك ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر
بەكەموكورتی تەندروستیو بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرناوە.
شارۆچکەی پێنجوێن کە دەکەوێتە سەر سنوری ئێران،
بەیەکێک لەگرنگترین دەروازەکانی ئیتیلاعاتی ئێران دادەنرێت، کە تا ئێستا چەندین
روداوی کوشتنو دەستگیرکردنو هێرشکردنە سەر ئەندامانی حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانو
نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی تیا ئەنجامدراوە.