2020-04-11   2596     
ئا: ئاوێنە
ئەمەریکا ١٠ ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ پێدانی زانیاری دەربارەی محەمەد کەوسەرانی سەرکردەی کەتائیبی حزبولای عێراق.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند بۆ بەدەستهێنانی زانیارئی دەربارەی محەمەد کەوسەرانی سەرکردەی حزبولای عێراقو چالاکیو جموجۆڵو هاوکارەکانی، خەڵاتێکی ١٠ ملیۆن دۆلاری دیاریکردوە.
لەبەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا ئاماژە بەوە کراوە محەمەد کەوسەرانی فەرماندەی باڵای کەتائیبی حزبوڵای عێراقە کە لەدیدی ئەمەریکاوە ڕێکخراوێکی تیرۆریستییەو محەمەد کەوسەرانى لەدوای کوژرانی قاسمی سلێمانییەوە ئەرکی هەماهەنگی کردنی لەنێوان میلیشیا شیعییەکانی سەر بەئێران لەعێراقدا لەئەستۆ گرتوە.
محەمەد کەوسەرانی هەڵگری هەردو رەگەزنامەی لوبنانیو عێراقییەو لەدایکبوی شاری نەجەفەو بەرپرسی دۆسیەی عێراقە لەحزبوڵای لوبنانو لەدوای کوژرانی قاسمی سلێمانیو ئەبو مەهدی موهەندیسەوە، بەشێوەیەکی نهێنیو شاراوە زۆربەی کاتی لەعێراق بەسەردەبات.
کەوسەرانی یەکێک بوە لەدامەزرێنەرانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبیو ئەرکی هەماهەنگیو رێکخستنیانی لەئەستۆ گرتوەو کەسێکی زۆر نزیک بوە لەقاسمی سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانو یاریدەدەری ئەو بوە لەسەپاندنی هەژمونی ئێران بەسەر عێراقو لوبنانو سوریادا.
ئەو کە لەرەگەزنامەی لوبنانیدا بە"محەمەد کەوسەرانی"و لەرەگەزنامە عێراقییەکەیدا بە"جەعفەر عەسکەری"و بەدو بەرواری جیاوازی لەدایکبون تۆمار کراوە، تۆمەتبار دەکرێت بەسەرکوت کردنی ناڕەزاییو خۆپیشاندانەکانی ئەمدواییەی عێراق.
کەوسەرانی لەساڵی ٢٠١٣ەوە وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای بەسەردا سەپاندوە بەهۆی ئەنجامدانی کاری وەبەرهێنان بەداراییەکانی حزبوڵاو قاچاخچێتی کردن بەچەک لەبەرژەوەندی ئێرانو گواستنەوەی چەکدارانی شیعەی عێراق بۆ سوریا بەمەبەستی بەرگری کردن لەرژێمی بەشار ئەسەد.
ئەمەریکا پێیوایە محەمەد کەوسەرانی لەپشت ئەو هێرشانەوەیە کە لەماوەی چەند مانگی رابردودا کراونەتە سەر هێزەکانی لەعێراقو ژمارەیەک کوژراوو برینداری لێکەوتوەتەوە.
کەوسەرانی کە لەهەمو کەینو بەینی هێزە گەورەو بچوکەکانی شیعە ئاگادارەو سەری دەردەچێ، پەیوەندییەکی توندو تۆڵی لەگەڵ میلیشیاکان هەیەو لەساڵی ٢٠٠٣ەوە لەهاتوچونێكی بەردەوامدایە لەنێوان لوبنانو عێراقداو مەشقو راهێنانی سەبازیی بەهێزە شیعییەکان دەکات.
کەوسەرانی لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس یەکێک بوە لەدامەزرێنەرانی میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵای عێراق، کە ئێستا ئەم میلیشیایە رۆڵی سەرەکی دەبینێت لەهێرش کردنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق.
سعودیەش لەساڵی ٢٠١٥ەوە سزای بەسەر محەمەد کەوسەرانی سەپاندوەو بەهەمانشێوە تۆمەتباری دەکات بەئەنجامدانی کاری تیرۆریستی دژ بەو وڵاتە.