ئا:
ئاوێنە
دەوڵەتی تورکیا وەک پێویست پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا
بۆ هاوڵاتیانی باکوری کوردستان ئەنجام نادات، لە ئامەد کە ژمارەی دانیشتوانی دو ملیۆن کەسە،
تا ئیستا ٥٠٠ تێست ئەنجامدراون. حکومەت قەدەغەی هاتوچۆی لە ٤ پارێزگای گەورەی باکور
ڕاگەیاندوەو ١٦ شاریش لەکەرەنتینەدان.
بەپێی راپۆرتێک کە ئاژانسی هەواڵی
"فورات نیوز" بڵاویکردوەتەوە، لەئامەد ژمارەی ئەو هاوڵاتیانەی توشی ڤایرۆسی
کۆرۆنا دەبن لەزیادبووندایە. لە نەخۆشخانەکان ١٤٨ کەس لەژێر چاودێری پزیشکەکاندانو
دۆخی ٤ کەسیان زۆر خراپەو مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە. لەئامەدیش تا دوو ڕۆژ لەمەوبەر
٩ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدابوو.
بەپێی راپۆرتەکەی فورات نیوز، لەشڕنەخیش ڕۆژ بەڕۆژ
ژمارەی توشبووان بەکۆرۆنا لەزیادبووندایە. ژووری پزیشکانی شڕنەخ رایگەیاندوە
"نزیکەی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ کەس لەکەرەنتینەدان. تەمەنی نەخۆشەکان لە ٢٠ ساڵیەوە دەستپیدەکات.
ژمارەی پزیشک و پەرستیاران لە شرنەخ کەمە. لە ناوەندەکانی تەندروستی دەمامک، دەستکێش،
جلوبەرگ و کەلوپەلی خۆپاراستن و پاککردنەوە کەمن".
ژووری پزیشکانی ڕوحاش ڕایگەیاندوە "١٥٠ کەس
بەگومانی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکاندان و بەڕێوەبەرانی تەندروستی شارەکە هیچ گرنگیەک
بە نەخۆشیەکە نادەن و تا ئێستا ناوەندێک بۆ پشکنین نەکراوەتەوە".
گارۆ پایلان پەرلەمانتاری هەدەپەی ئامەد پرسیاری
لەفەخرەدین کۆجا وەزیری تەندروستی تورک کردوە کە بۆچی لە ماوەی ٢٧ ڕۆژدا لەئامەد بە
تەنها ٥٠٠ پشکنین ئەنجامدراون؟ ئایا لەدابینکردنی ئامێری تێستدا لەنێوان شاری ئامەدو
شارەکانی تردا جیاوازی دەکرێت؟ هاوڵاتیەکانمان کەی دەتوانن بەئاسانیو بەخێرایی
پشکنین بکەن؟