حەشدی شەعبی‌و ئێران لەجموجۆڵی هێزەكانی ئەمەریكا لەعێراق نیگەرانن
  2020-04-01       1658       

ئا: ئاوێنە


حەشدی شەعبی وەك بەشێك لەئامادەسازیی بۆ هێرشكردنە سەریان لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە زۆربەی بنكەكانی چۆل كردوە، كاربەدەستانی ئێرانیش لەكۆكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لەدو بنكەی سەرەكیدا لەعێراق نیگەرانن، كە یەكێك لەپارێزگای هەولێزو نزیك سنوری ئێرانە.


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، عەباسی موسەوی سەبارەت بەجموجۆڵا‌و جێگۆڕكێی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەعێراق هۆشداری دەدات كە بۆ كۆی ناوچەكە كارەسات‌و پشێویی دەنێتەوە، ئەو داوای كرد هێزەكانی ئەمەریكا خاكی عێراق بەجێدەبهێڵن.


موسەوی جەغتی لەوە كردەوە كە جێگۆڕكێی هێزەكانی ئەمەریكا لەناو عێراق‌و هەنگاوی شەڕخوازانە لەم هەلومەرجەدا كە كۆرۆنا بڵاودەبێتەوە، پێچەوانەی خواستی كۆمەڵگەی جیهانیی‌و دەوڵەتی عێراقیشە.


هاوكات لەگەڵ ئەم لێدوانانەدا چەندین كاربەدەستی تاران ئەم جێگۆڕكێیەی هێزەكانی ئەمەریكا بەسەرەتای ئەگەری هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی سەر بەئێران دەزانن‌و ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بەكۆكردنەوەی ئەو هێزانە لەدو بنكەی سەربازیدا لەئەنبار‌و هەولێر.


موحسینی رەزاییو فەرماندەی پێشوی سوپای پاسداران جگە لەدەربڕینی ناڕەزایی هۆشداریی داوە لەوەی هەر هەنگاوێكی دوژمنكارانەی ئەمەریكا بەرامبەر بەحەشدی شەعبی‌و كۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن ئێرانەوە بێ‌ وەڵام نابێت، لەبەرئەوەی "ئاسایشی عێراق بەئاسایشی ئێرانەوە بەستراوە".


ئەمە لەكاتێكدایە كە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"‌و "واشنتۆن پۆست" هەواڵی ئەوەیان بڵاوكردوەتەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا "پنتاگۆن" پلانی تێكشكاندنی میلیشیا شیعییەكانی سەر بەئێرانی لەعێراق لەبەردەستدایە بەتایبەتی "كەتائیبی حزبوڵا".


هاوكات لەگەڵ ئەم جموجۆڵانەشدا، میلیشیا شیعییەكانی سەر بەئێران هێرشەكانیان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەعێراق توندتر كردوەتەوە.


میدیاكانی عێراق ئاماژە بەوە دەكەن وەك خۆئامادەكردن بۆ هێرش كردنە سەریان، زۆربەی میلیشیا عێراقیەكانی سەر بەئێران بنكەو بارەگاكانیان چۆڵ كردوە، كە جگە لە"كەتائیبی حزبوڵای عێراق"، رێكخراوی بەدر (بەسەرۆكایەتی هادی عامری)‌و عەسائیبی ئەهلی حەق (بەسەرۆكایەتی قەیس خزعەلی)‌و بزاڤی نوجەبا (بەسەرۆكایەتی ئەكرەم كەعبی) مەترسی ئەوەیان هەیە هێرشیان بكرێتە سەر لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە.


هەفتەی رابردو ئەمەریكا هێزە پەرتەوازەكانی خۆی لەعێراق لەدو بنكەی گرنگدا كۆكردەوە، یەكێكیان لەقوڵایی ناوچە سوننەنشینەكانی ئەنباردایە كە بنكە "عین الاسد"ە، ئەویتریشیان لەهەرێمی كوردستاندایە كە ینكەی "هەولێر"ە. هاوكات لەگەڵ ئەم جێگۆڕكێ‌ پێكردنەدا، ئەمەریكا سیستەمی دژە موشەكی "پاتروێت"ی لەم دو بنكەیەدا دامەزراند، بەبێ‌ ئەوەی رەزامەندی حكومەتی عێراقی بۆ دامەزراندنیان وەرگیرابێت.


پێشتر ئەمەریكا داوای دامەزراندنی موشەکی پاتروێت-ی كرد بو لەو بنکانە، بەڵام ئەم داواكارییەی لەلایەن كابینەكەی "عادل عەبدولمەهدی"یەوە رەتكرابۆوە.


پێشتر هێزەكانی ئەمەریكا لە"باشوری كەركوك، رۆژهەڵاتی سەلاحەدین، دیالە، رۆژئاوای ئەنبار، باكوری بابل‌و رۆژئاوای كەربلا" جێگبر كرابون، كە بەشێكی زۆری بنكەی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو شوێنانەدان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×