ئایا 3 ملیۆن‌و نیو ئێرانی بەهۆی كۆرۆناوە گیان لەدەست ئەدەن؟
  2020-03-19       2342       

ئا: ئاوێنە

 

ئێران لەڕیزی پێشەوەی ئەو وڵاتانەدایە كە ئێستا بەدەست بڵاوبونەوەی خێرای ڤایرۆسی كۆرۆناوە گیرۆدەن، بەردەوام ژمارەی توشبوان بەم ڤایرۆسەو گیان لەدەستدانی هاوڵاتیانی کۆماری ئیسلامی لەهەڵكشاندایە، بەپێی تۆژینەوەیەكی بەناوبانگترین زانكۆی ئەو وڵاتە ئەگەر جڵەوی ئەم پەتاو ڤایرۆسە بەخێرایی نەگیرێ‌، پێشبیتی دەكرێ‌ 3 ملیۆن‌و نیو هاولاتی ببنە قوربانی.


زانکۆی "شەریف"ی ئێران، تۆژینەویەكی ئەنجامداوەو بەپێی ئەم تۆژینەوەیە ئەگەر خەڵكی بۆ رێگرتن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوكاری نەكەن‌و ڤایرۆسی كۆڤید-19 رێگریی لێنەكرێ‌، رەنگە لەچەند هەفتەو مانگی داهاتودا 3 ملیۆن‌و نیو هاوڵاتی لەسەرتاسەری ئێران گیانی خۆیان لەدەست بدەن.


ئەمە لەكاتێكدایە كە بەپێی دوا زانیاریەكانی كاربەدەستێكی وەزارەتی تەندروستی ئێران "کیانوش جهانپور"،  لەهەر كاتژمێرێكدا 50 كەس لەئێران توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەبن‌و لەهەر 10 خولەكێكیشدا كەسێك گیان لەدەست دەدات. 


بەپێی هەواڵی ئاژانسی ئیرنا-ش تا رۆژی پێنجشەممە (18ی مارس)، زیاتر لە 18 هەزار‌و 361 كەس لەئێران توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون‌و هەزار‌و 283 كەسیش گیانیان لەدەستداوە. 


ئەمە ئاماری فەرمی وەزارەتی تەندروستی ئێرانە، كە لەلایەن رێكخراوە جیهانییەكانەوە جێی گومانەو پێیانوایە گوزارشت لەواقیعی رێژەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەو وڵاتەدا ناكات.


رێكخراوی تەندروستی جیهانی جەغت لەوە دەکات ئاماری راستەقینەی توشبوان‌و قوربانیەكانی كۆرۆنا لەئێران، پێنج هێندەی ئەو ئامارە رەسمییەیە كە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئیچرانەوە راگەیەندراوە.

 

رێكخراوی تەندروستی جیهانی هۆكارێكی سەرەكی بڵاوبونەوەی خێرای ئەم ڤایرۆسە لەئێراندا دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لەسەرەتاوە کاربەدەستان زو فریای نەكەوتن‌و بەجددی وەریان نەگرت‌و شاری قومیان كەرەنتینە نەكرد، كە بوە سەرچاوەی بڵاوبونەوەی پەتاكە لەسەرتاسەری ئێراندا. ئەمە جگە لەوەی ئامارە واقیعییەكانیان لەڕای گشتی دەربارەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە شاردەوەو لەمیدیاكانەوە گرنگییان پێنەداو خەڵكیان لەمەترسییەكانی ئاگادارو هوشار نەكردەوە.


ئامارو ژمارەكان ئەوە دەسەلمێنن كە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسەو كاریگەری لەئێراندا جێی نیگەرانییە، بەئەندازەیەك كە ئێستا زیاتر لە 90%ی توشبوان بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێرانییەكانن. زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش كە بۆ یەكەمجار ئەم ڤایرۆسەیان تیا بڵاوبوەتەوە، بەهۆی ئەو كەسانەوە بوە کە لەئێران گەڕاونەتەوە.


 لەكاتێكیشدا كە ئێران لەلایەن رێكخراوە جیهانیەكان‌و دەوڵەتانەوە رەخنەی لێدەگیرێت بەهۆی چۆنیەتی مامەڵە كردنیەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا، بەوتەی جێگری وەزیری تەندروستی ئێران، گوێنەدان بەرێنمایی پزیشكان‌و گەشت‌و گەڕان‌و قەرەباڵغی‌و كۆبونەوەی خەڵكی لەشوێنە گشتی‌و تایبەتییەكان هۆكاری سەرەكی بڵاوبونەوەی كۆرۆنایە‌، کە خێرایی بڵاوبونەوەی ئەم پەتایەی بەگوڕتر كردوە لەئێران


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×