یادێک له‌"عومه‌ری‌ خاوه‌ر" ئه‌و شه‌هیده‌ی‌ بو به‌ڕه‌مزی‌ میلله‌تێك
  2020-03-16       2196       

گۆران عوسمان- سویسرا

 


زۆرن ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌دنیادا ئه‌بنه‌ سومبولی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌ك، له‌كوردستاندا (شه‌هید عومه‌ری‌ خاوه‌ر) یه‌كێكه‌ له‌سومبوله‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد‌و بگره‌ یه‌كێك له‌ڕه‌مزه‌كانی‌ پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌هه‌موو جیهاندا، عومه‌ری‌ خاوه‌ر خۆشه‌ویستی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و یه‌كێك له‌هه‌ره‌ سیمبوله‌ دیاره‌كانی‌ كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌یه‌ كه‌ وێنه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ ویژدانی‌ مرۆڤایه‌تی‌ هه‌ژاند.


عومه‌ری‌ خاوه‌ر، ئه‌و پیاوه‌ی‌ كه‌ به‌وپه‌ڕی‌ هه‌ناسه‌ساردییه‌وه‌ له‌كاره‌ساتی‌ هه‌ڵه‌بجه‌دا جگه‌رگۆشه‌كه‌ی‌ گرتووه‌ته‌ باوه‌ش تا ژه‌هرو مه‌رگ زه‌فه‌ری‌ پێنه‌بات، كێیه‌؟


عومه‌ری‌ خاوه‌ر ناوی‌ ته‌واوی‌ عومه‌ر حه‌مه‌ ساڵح ئه‌حمه‌ده‌، به‌خۆشه‌ویستی‌ خاوه‌ری‌ دایكی‌ نازناوی‌ خاوه‌ری‌ پێدراوه‌، خێزانه‌كه‌ی‌ ناوی‌ (سامیه‌ محه‌مه‌د حه‌بیب)ه‌. عومه‌ری‌ خاوه‌ر، هه‌شت كچی‌ هه‌بوو به‌م ناوانه‌ (گه‌رمیان، ژیان، جوان، به‌یان، كوێستان، تارا، شیلان، ئه‌رمه‌ن). ئه‌و زۆر به‌ ئاواتی‌ ئه‌وه‌وه‌ بوو كه‌ كوڕێكیان ببێت، سه‌ره‌تا كوڕێكیان بوو ناویان نا (شوان)، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ نه‌خۆشی‌ بواری‌ ژیانی‌ نه‌دا، زوو كۆچی‌ كرد. خه‌مێكی‌ بۆ عومه‌ری‌ خاوه‌رو خێزانه‌كه‌ی‌ به‌جێهێشت، له‌كۆتایی‌ ساڵی‌ 1987دا جارێكی‌ دی‌ ئه‌و ئاواته‌یان هاته‌دی‌‌و ئه‌مجاره‌ له‌جیاتی‌ كوڕێك دووانیان بوو ناویاننان (ئه‌حمه‌دو محه‌مه‌د)، محه‌مه‌د ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌وێنه‌كه‌دایه‌، ئه‌م دووانه‌ زۆر دڵی‌ خۆشكردن، به‌جارێك ژیانی‌ عومه‌ری‌ خاوه‌رو خێزانه‌كه‌ی‌ گۆڕا به‌خۆشی‌ ئه‌م دوو كوڕه‌.


كاری‌ عومه‌ری‌ خاوه‌ر نانه‌وایه‌تی‌ بوو، خه‌ڵكی‌ شار ده‌زانن كه‌ له‌نانه‌واخانه‌كه‌ی‌ وه‌ستا تۆفیق ته‌نیشت مزگه‌وتی‌ خانم كاری‌ ده‌كرد، ئێواران پاسه‌وانی‌ قوتابخانه‌یه‌كی‌ سه‌ره‌تایی‌ بوو، به‌ڵێ‌ به‌م شێوه‌یه‌ بژێویی‌ خێزانه‌كه‌ی‌ دابین ده‌كرد‌و ژیانێكی‌ ساده‌ی‌ ده‌برده‌سه‌ر.


شه‌هید عومه‌ری‌ خاوه‌ر ئاره‌زووی‌ راگرتنی‌ باڵنده‌ بوو، له‌حه‌وشه‌ی‌ ماڵه‌كه‌یدا چه‌ندین جۆر كۆتری‌ نایابی‌ هه‌بوو، به‌داخه‌وه‌ هه‌روه‌ك منداڵه‌كانی‌ كۆتره‌كانیش فڕین‌و ئیتر نه‌هاتنه‌وه‌، ئه‌وه‌ی‌ پێویسته‌ بوترێت كه‌ دوواین جار شه‌هید عومه‌ری‌ خاوه‌رم بینی‌ رۆژی‌ 16/3/1988 بوو، به‌یانییه‌كه‌ی‌ هێشتا بۆردومان ده‌ستی‌پێنه‌كردبوو، ئێمه‌ كۆمه‌ڵێك خێزانی‌ نزیك كارگه‌ی‌ پاكژكردنی‌ توتن له‌هه‌ڵه‌بجه‌ پێیانئه‌وت (ته‌نقیحه‌كه‌)، ئه‌و ماڵانه‌ی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كارگه‌كه‌ ژێرزه‌مینی‌ ئه‌و كارگه‌یه‌یان به‌كارئه‌هێنا له‌كاتی‌ بۆردومانه‌كانی‌ ئێراندا، كۆمه‌ڵێك خێزانی‌ زۆر له‌وێ‌ مابووینه‌وه‌، خه‌ڵك ده‌یانزانی‌ كه‌ به‌ئاسانی‌ له‌ده‌ستی‌ رژێمی‌ فاشیستی‌ به‌عس ده‌رناچن، ئه‌و به‌یانییه‌ شه‌هید عومه‌ری‌ خاوه‌ر هاته‌ به‌رده‌م بیناكه‌و پاش ئه‌حواڵ‌ پرسین وه‌ك جاران ده‌م به‌خه‌نده‌وه‌ وتی‌: «نه‌ترسن ئازادبووین». ئه‌وه‌نده‌ نه‌مایه‌وه‌و ئیتر رۆیشت، ئه‌وه‌ دوایین بینینی‌ من بوو بۆ ئه‌و، ئیتر ئه‌وه‌بوو بۆردومان ده‌ستی‌پێكردو ئێمه‌ له‌ئێران زانیمان كه‌ ئه‌و وێنه‌یه‌ (شه‌هید عومه‌ری‌ خاوه‌ر)ه‌، ئه‌و جێگه‌یه‌ی‌ كه‌ لێیكه‌وتووه‌ به‌رده‌رگای‌ ماڵی‌ (كه‌مال جه‌لال)ه‌، دیار بوو ویستوویه‌تی‌ به‌ره‌و ئه‌وێ‌ بچێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ژه‌هری‌ كیمیایی‌ رێی‌ پێنادات‌و له‌گه‌ڵ‌ محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ ده‌بنه‌ قوربانی‌ رژێمه‌ فاشیسته‌كه‌ی‌ به‌عس، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی‌ تری‌ خێزانه‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ خه‌ڵكی‌ تر  له‌ناو تراكتۆرێكدا ده‌بن به‌نیازن ده‌رچن، به‌ڵام ئه‌وانیش هه‌ر له‌جێی‌ خۆیاندا شه‌هید ده‌بن.

لەژمارە ١١٢ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×