2020-03-09   1971     
یادگار سدیق
دوای ئەوەی بەهۆی بڵاوبەنەوەی قایرۆسی کۆڤید -١٩ ناسراو بە کۆرۆنا لە چین و پاشان بڵاوبوونەوەی بەجیهاندا و راگەیاندنی باری نائاسایی لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە ٣١/١/٢٠٢٠ راگەیاند، بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو ئابوری جیهان کەوتە قەیرانەوە، نەوت و بازاڕی نەوتیش لەسەروی هەرەمەکەوەیە و راستەوخۆ وەکو فایرۆسەکە بەخێرایی لێکرد.
لەمانگی رابوردووەوە نرخی نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو ناجێگیرە نرخ لە ٧٠$ وە بۆ ٥٥$ دۆلار لە هەڵبەزو دابەزدابو، لێدوانەکانی ئۆپیک و بەتایبەت تر سعودیە بەشێوەیەکی کاتی نرخی نەوتی راگرتبوو.
لێرەدا گرنگە ئاماژە بەوە بکرێ کە سعودیە لەجەنگی نرخەکان ساڵی ٢٠١٥ دا تووشی قەیرانی دارایی قوڵ بوو روبەڕوی گەورەترین کورتهێنانی بوجە بوو لەمێژوی سعودیە دا بە بڕی ٩٨$ ملیا دۆلار.
کاریگەری و رۆڵی ئۆپیک کەوتبوە ژێر پرسیارەوە، هەرلەوکاتانەدا سعودیە وەکو دامەزرێنەو لەهامانکاتدا گەورەترین بەرهەم هێنی نەوتی جیهان و سەرۆکی کردەیی ڕێکخراوی ئۆپیک هەوڵەکانی وەگەڕخست بۆ ئەوەی جارێکی تر بتوانن جڵەوی نرخی نەوت بگرنەوە دەست وەتا رادەیەکی باش سەرکەوتوو بوو، بەتایبەت دوای ئەوەی روسیای بەشدار پێکرد لە راوێژ و پاشان لە ڕیکەوتنەکانیان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت، تاوەکو هاوسەنگی بۆ بازاڕی نەوت بگەڕێننەوە ( ئەمە ئەو دەستەواژەیە لە بری بەرزکردنەوەی نرخی نەوت بەکاری دێنن ئێستا، لەترسی روبەروبوونەوەی یاسایی لە لایەن ئەمەریکاوە ئەگەر نرخ بەرز بکرێتەوە)، روسیاش بە ئەندازەی سعودیە پێویستی بە ڕیکەوتن بوو ئەویش بە هەمان شێوە توشی کورت هێنانی بوجە بوبوەوە. لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ رێک کەوتن و لە مانگی کانونی دووەمی ٢٠١٧ دارێکەوتنەکە چووە بواری جێ بەجێکردن و پاشان بەڕیکەوتنی ئۆپیک پلەس ناسرا.
ماوەی سێ ساڵە بەردەوامن لە هاوکاری و تاڕادەیەکی باش نرخی نەوتیان بەرز کردەوەو گەیاندیانە سەروو ٧٠$ بەڵام لە ناکاو ڤایرۆسی کۆرۆنا وەکو میوانێکی رەزاتاڵ خۆی خزاند و پشێویەکی دروست کرد کە تائێستا ئاستی زیانە مادییەکانی دیار نییە، ئاماژەکان پێمان دەڵێن قەیرانێکی هاوشێوەی ٢٠٠٨ یان خراپتر دوبارە دەبێتەوە.
هەفتەی پێشوو لە رۆزانی ٤-٦ ی ئازار لە ڤیەنا کۆبونەوەی وەزاری وڵاتانی ئۆپیک و ئۆپیک پلەس بوو، سعودیە پێشنیاری کەمکردنەوەی زیاتری بەرهەم هێنانی نەوتی کرد بە بڕ ١ ملیۆن ٥٠٠ هەزار بەرمیل، بەڵام رۆژی هەینی دوای چەندین کۆبونەوە نەگشتنە ئەنجام و وەزیری وزەی ڕوسیا ئەلێکسەندەر نۆڤاک وتی " لە کۆتایی ئەم مانگەوە هەموان سەرپشکن لە بەرهەم هێنان و هیچ پابەندییەکیان نابێت بە کەم کردنەوەی بەرهەم" ئەم لێدوانە ڕاگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی ئۆپیک پلەس بوو، پاش ئەم لێدوانە نرخی نەوت دابەزینی بەرچاوی بەخۆوە بینی بۆ ئاستی ٤١$ ، پێشتریش سەرۆکی روسیا ڤلادیمیر پۆتین رایگەیاندبوو رازین لە نرخی نەوت ،ئەوە ئاماژەبوو کە ئامادە نین بۆ رێکەوتنی زیاتر و سعودیە ئەبوایە فشاری زیاتری نەکردایە.
سعودیە چی دەکات؟
ئێستا دوای ئەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدارێکەوتنی ئۆپیک پلەس هەڵدەوەشێتەوە پێ دەچێت سعودیە ئاڕاستەی یاریەکە بەشیوەیەکی تر بگۆڕێت.وە بەنیازە گەورەترین جەنگی نرخ بکات. چۆن؟!
کۆمپانیای ئارامکۆ مانگانە نرخی نەوتی بەکڕیارەکان و پاڵاوگەکان رادەگەیەنێت بەڵام رۆژی پێنجشەممە راگەیاندنەکەی دواخست بۆ دووشەممە، نرخەکان بەپێی نرخی بازار چەند سەنتێک تا ئەوپەڕی ٢$کەمتر دیاری دەکرا بەڵام ئارامکۆ رۆژی شەممە و دوای چەند کاتژمێرێک لە سەرنەگرتنی رێکەوتنەکەی ئۆپیک پلەس بەکڕیارەکانی راگەیاندووە کە داشکاندنی٦ بۆ ٨ $ یان بۆ دەکات.
بەپێی هەندێ سەرچاوە سعودیە بەنیازە شەڕی دابەزاندنی نرخ بکات بەوەی لە مانگی ئایندەوە ئاستی بەرهەم هێنانی زیاد بکات سەرەتا بگەیەنێتە ١٠ ملیۆن کە ئێستا ٧.٩ ملیۆنە، پاشان ئەگەر پێویست بکات بۆ ١٢ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە بەرزی کاتەوە. بەم کارەی ناسەقامگیری گەورە لە نرخدا دروست دەبیت و نرخ زیاتر دادەبەزێت ، وەهەروەها بە کڕیارەکانیشی لە ئەوروپاو ئاسیا و ئەمەریکا ڕاگەیانووە داشکانیان لە نرخەکان بۆ دەکات.
لە هەنگاوێکی تردا ئارامکۆ بە کریارەکانی لە باکوری رۆژئاوای ئەوروپا راگەیاندووە کەنەوتی سوکیان بە داشکانی ١٠،٢٥$ لەژێر نرخی برێنتەوە پێ دەفرۆشێت لەکاتێکدا نەوتی ئۆراڵی روسی بە ٢$ لەژێر برێنتەوە دەگاتە ئەوروپا ئەم هەنگاوەی سعودیە لێدانێکی راستەوخۆیە لە نەوتی روسی بۆ ئەوەی نەگاتە بازاڕەکانی ئەوروپا.
سعودیە بەزیادکردنی بەرهەم و داشکاندنی زۆر لە نرخی نەوتەکەی بازاڕ تووشی شۆک دەکات و چاوەڕیی دابەزینی گەورە لە بازاری نەوت دەکرێت بۆ ٣٠$ وە ئەگەر دابەزینی زیاتریش دەکرێت بۆ ٢٠$ چونکە بازاڕی نەوت خۆی کێشەی خواست و خستنە روی هەیە . بەم دوو هەنگاوە دەیەوێت روسیا ناچار بکات بێتە سەر مێزی گفتوگۆ ، تا چەند سەر کەوتوو دەبێت لە چەند هەفتەی ئایندە دا دەردەکەوێت. شایانی بیرهێنانەوەیە ساڵی ١٩٩٨ سعودیە لە گەورەترین جەنگی نرخدا نرخی نەوتی دابەزاند بۆ ٩.٥٥$.
لێرەدا پرسیارێک بەکراوەیی بۆ ئێوەی ئازیز: ئەگەر نرخی نەوت بەو ئاڕاستەیە بڕوات هەرێم روبەڕوی چی دەبێتەوە؟ لەکاتێکدا لە٢٠١٦ تەنها بۆ چەندمانگێکی کەم نرخ لە ژێر ٣٠$ بوو توشی ئەوقەیرانەبوو کەئێستاش نەهاتووەتەوە سەرخۆی و قەرزێکی زۆر و پاشەکەوت و وەستانی هەموو پرۆژەکانی بەدوای خۆیدا هێنا.