"وه‌رن زمناكۆ له‌ته‌واریه‌كه‌یه‌"
  2020-02-17       2799       

   ئا: ئاوێنه‌

 


من رزگار عه‌بدوڵام، كارو كه‌سابه‌تم به‌ڕێوه‌بردنی‌ دوكانێكی‌ جله‌ كۆنه‌یه‌، زمناكۆ كوڕه‌ گه‌وره‌ی‌ ماڵم بوو، وا له‌ڕۆژی‌ پێنجشه‌ممه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌به‌رده‌م لقی‌ چواردا ته‌قه‌ی‌ لێكراو له‌لایه‌ن پاسه‌وانه‌كانی‌ ئه‌و باره‌گایه‌وه‌ بریندار كرا، به‌بووراوه‌یی‌ له‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌یه‌كی‌ نه‌خۆشخانه‌ی‌ فریاكه‌وتن كه‌وتووه‌. زمناكۆ ته‌مه‌نی‌ 16 ساڵه‌، خوێندكاری‌ پۆلی‌ چواره‌ له‌ئاماده‌یی‌ ئه‌زمه‌ڕ. ئه‌و رۆژه‌ (17/2) كه‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ی‌ سلێمانی‌ كرا، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌مه‌كته‌ب هاتووه‌ته‌وه‌، دایكی‌ ناردویه‌تی‌ قیمه‌ی‌ بۆ هێناوه‌ بۆ ژه‌مه‌ خواردنی‌ ئێواره‌مان. كه‌ بۆی‌ هێناوه‌، وتویه‌تی‌: برسیمه‌. دایكی‌ پێیوتووه‌: وه‌ره‌ با تۆزێك له‌و قیمه‌یه‌ت بۆ سوور بكه‌مه‌وه‌. وتویه‌تی‌: نا پاره‌م به‌رێ‌ حه‌زم له‌له‌فه‌ی‌  مریشكه‌، ئه‌چم له‌بازاڕ ئه‌یخۆم. كه‌ له‌گه‌ڵ‌ براده‌ره‌كانی‌ رۆشتووه‌، تێكه‌ڵ‌ به‌و خه‌ڵكه‌ بووه‌‌و له‌گه‌ڵ‌ خۆپیشاندانه‌كه‌دا چووه‌. ئێواره‌ بوو كه‌ هاتمه‌وه‌، وتم: كوا زمناكۆ؟ دایكی‌ وتی‌: چووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌. وامئه‌زانی‌ چووه‌ بسكیت بكڕێ‌. وتم: كه‌ی‌ چووه‌ ده‌ره‌وه‌؟ وتی‌: سه‌عات دوو. 

یه‌كسه‌ری‌ ترسم لێنیشت. ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، وه‌ڵامی‌ نه‌دامه‌وه‌، دوو سێ‌ جاریتر هه‌وڵمدا، هه‌ر وه‌ڵامی‌ نه‌دامه‌وه‌، سه‌ری‌ پێنجه‌م جار كه‌ ته‌له‌فۆنم كرد، كه‌سێك وه‌ڵامی‌ دایه‌وه‌، وتی‌: تۆ چی‌ زمناكۆیت‌؟ وتم: باوكی ئه‌وم. وتی‌: وه‌رن بۆ ته‌وارییه‌كه‌.

ئیتر له‌و رۆژه‌وه‌ زمناكۆ له‌بێهۆشیدایه‌، ئێستا به‌بووراوه‌یی‌‌و بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ئاگای‌ له‌هیچ بێت، له‌پێخه‌فدا كه‌وتووه‌. له‌و رۆژه‌وه‌ نه‌قسه‌یه‌كمان له‌م كوڕه‌ بیستووه‌و نه‌جوڵه‌یه‌كیشیمان بینیوه‌... زمناكۆ كوڕێكی‌ هه‌میشه‌ رۆحسووك‌و هه‌میشه‌ ده‌م به‌بزه‌ بوو، ئێستاش ده‌نگی‌ ئه‌و هه‌ر له‌گوێمدا ده‌زرنگێته‌وه‌ كه‌ هه‌ر بانگیان ده‌كرد به‌هێمنی‌‌و به‌"به‌ڵێ‌ گیان" وه‌ڵامی‌ ده‌دایه‌وه‌... من وه‌ك باوكی قوربانییه‌ك داواكارم له‌دادگا، هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ سزا بده‌ن كه‌ خوێنی‌ كوڕی‌ خه‌ڵك به‌مشێوه‌یه‌ ده‌ڕژن، بۆ ئه‌وه‌ی‌ هه‌موو چه‌كدارو كه‌سێك له‌وه‌ تێبگات كه‌ هه‌روا ئاسان نییه‌ په‌نجه‌ له‌سه‌ر به‌له‌پیتكه‌ی‌ تفه‌نگه‌كه‌ت دابنێی‌‌و بڕۆی‌ به‌بێ‌ لێپێچینه‌وه‌ ته‌قه‌ له‌مناڵی‌ خه‌ڵك بكه‌یت‌و خوێنی‌ بڕژیت... -به‌ده‌م هه‌نسكی‌ گریانه‌وه‌- ئاخ.. نازانم... ئاخ.. خوا ئه‌م زوڵمه‌ له‌كه‌س قبوڵ‌ نه‌كات...".

 

لەژمارە ٢٦٣ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×