"سوركێو به (BKC) پێكرا"
  2020-02-17       3397       

   ئا: ئاسۆ سه‌راوی‌



پێش هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ له‌ماڵ له‌ڕۆژی‌ 20/2، سوركێو به‌ باوكی‌ ده‌ڵێت "باوكه‌ گیان نه‌چیته‌ ده‌ره‌وه‌، موزاهه‌ره‌یه‌، با توشی‌ شتێك نه‌بیت، منیش ئه‌گه‌ر ئیمتیحانم نه‌بوایه‌، نه‌ده‌چومه‌وه‌ بۆ مه‌كته‌ب" ئه‌وه‌، دوا قسه‌ی‌ سوركێو بوو بۆ باوكی‌، به‌ر له‌مه‌رگی‌.



سوركێو زاهیر مه‌حمود ته‌مه‌ن 17 ساڵ، ئێواره‌ی‌ رۆژی‌ یه‌كشه‌ممه‌ 20/2، له‌نزیك مزگه‌وتی‌ خانه‌قای‌ سلێمانی‌، له‌ناو خۆپیشانده‌راندا به‌"فیشه‌كێكی‌ (بی‌ كه‌ی سی‌)" ده‌پێكرێ‌.


شێخ زاهیر مه‌حمودی‌ باوكی‌، به‌ چاوی‌ پڕ له‌فرمێسكه‌وه‌ (له‌مزگه‌وتی‌ نوری‌ سلێمانی‌) له‌پرسه‌ی‌ كوڕه‌كه‌یدا به‌خێرهاتنی‌ میوانه‌كانی‌ ده‌كرد، ئه‌و كاتێك قسه‌ی‌ بۆ ئاوێنه‌ ده‌كرد، فرمێسك چاوه‌كانی‌ وشك نه‌ده‌كرده‌وه‌ "ته‌نها خه‌فه‌ت بۆ ئه‌وه‌ ده‌خۆم، ئه‌و خه‌می‌ منی‌ بوو، كه‌چی‌ خۆی‌ رۆیی‌". باوكی‌ سوركێو جه‌خت له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ هه‌رگیز به‌نیازی‌ "موزاهه‌ره‌" له‌ماڵ نه‌چۆته‌ ده‌ره‌وه‌، "هه‌تا وتی‌ ئه‌گه‌ر ئیمتیحانم نه‌بوایه‌، نه‌ده‌چومه‌ ده‌ره‌وه‌". له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئایا چ لایه‌نێك به‌ تۆمه‌تبار ده‌زانن له‌كوشتنی‌ كوڕه‌كه‌یاندا؟ وتی‌"هیچ لایه‌نێك تۆمه‌تبار ناكه‌م، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له‌ڕێگای‌ دادگاوه‌ خوێنی‌ كوڕه‌كه‌م بسێنم". ناوبراو ئه‌وه‌ش روونده‌كاته‌وه‌ كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ سه‌ر به‌ هیچ لایه‌نێك نه‌بووه‌، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش نه‌یهێشتووه‌ هیچ حیزبێك لافیته‌ی‌ پرسه‌ بۆ كوڕه‌كه‌ی‌ به‌ دیواری‌ مزگه‌وتی‌ نوردا هه‌ڵبواسێ‌، "كوڕه‌كه‌م چه‌ند بۆ دنیا هه‌وڵی‌ ده‌دا، ئه‌وه‌نده‌ش بۆ قیامه‌ت، له‌پانزه‌ ساڵییه‌وه‌ نوێژ به‌جه‌ماعه‌ت ده‌كات‌و سه‌ر به‌ هیچ حیزبێكیش نییه‌".


سوركێو قوتابی‌ چواری‌ ئاماده‌یی‌ بوو، هه‌ر بۆیه‌ له‌ڕۆژی‌ پرسه‌كه‌یدا چه‌ند قوتابییه‌كی‌ هاوڕێی‌ به‌ به‌رگی‌ ره‌ش‌و هه‌ڵواسینی‌ وێنه‌ی‌ هاوڕێكه‌یان، به‌شداری‌ پرسه‌كه‌یان كرد، مه‌حمود حه‌كیم یه‌كێك بوو له‌‌و قوتابیانه‌ كه‌ به‌ وته‌ی‌ خۆی‌ هاوڕێیه‌كی‌ زۆر نزیكی‌ سوركێو بوو، ئه‌و ده‌ڵێت "سوركێو نه‌ك له‌كه‌سوكاره‌كه‌ی‌ له‌ئێمه‌ش رۆیی‌، به‌ڕاستی‌ كوڕێكی‌ نمونه‌یی‌ بوو".


خونچه‌ قادری‌ دایكی‌ سوركێو، له‌ژێر خێمه‌یه‌كی‌ پڕ له‌ژنی‌ ره‌شپۆشدا به‌ ده‌نگێكی‌ نوساوه‌وه‌ چۆنێتی‌ رۆیشتنی‌ كوڕه‌كه‌ی‌ بۆ قوتابخانه‌، ده‌گێڕایه‌وه‌ "پێش رۆیشتنی‌ له‌ماڵ، له‌ده‌رگاكه‌وه‌ به‌سوعبه‌ته‌وه‌ وتی‌: خونچه‌ شێت ئیتر من نابینیته‌وه‌، منیش دوایكه‌وتم‌و پێم ووت: وامه‌ڵێ خه‌ونم بینیوه‌، له‌خه‌وما چێشتی‌ ته‌عه‌زێم لێناوه‌، (پاش كه‌مێك بێ‌ ده‌نگی‌)... دایكت كوێربێت خۆی‌ دڵی‌ خه‌به‌ریدابوو". خونچه‌ ده‌سته‌كانی‌ بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه‌و ده‌ڵێت "هێشتا شوكورم به‌به‌شی‌ خوا، خۆ به‌ته‌نها كوڕی‌ من نییه‌، خۆم له‌نه‌خۆشخانه‌بووم، ده‌زانم چه‌ند گه‌نج له‌خوێندا گه‌وزابوون".


له‌كۆتایی‌ قسه‌كانیدا، دایكی‌ سوركێو به‌ده‌م هاوار‌و گریانه‌وه‌ ده‌ڵێت "له‌حه‌قی‌ كوڕه‌كه‌م خۆش نابم، گه‌ر بزانم چ دڵ ره‌قێك به‌و ده‌رده‌ی‌ برد، به‌ده‌ستی‌ خۆم تۆڵه‌ی‌ لێده‌كه‌مه‌وه‌".

 

لەژمارە ٢٦٣ی رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوکراوەتەوە

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×