ترەمپ بڕیاری یەکلاکەرەوە لەبارەی ئێران دەخاتە دوای سەری ساڵ؛ فشارەکانی نەتەنیاهۆ بۆ هێرشی هاوبەش بەردەوامن
  2026-11-20     

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تاران خوازیارە لە ڕێگەی ڕێککەوتنەوە کۆتایی بە دۆخی شەڕ بهێنێت، بەڵام جەختی کردەوە کە واشنتن بەدوای «ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەوەیە» و تا سەری ساڵی نوێ پەلە لە بڕیاردان ناکات. ئەم لێدوانەی ترەمپ هاوکاتە لەگەڵ زانیارییەکان لەبارەی فشارە بەردەوامەکانی بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.

ئاوێنە: ​لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کرد کە سەرەڕای هەوڵەکانی تاران بۆ گەیشتن بە سازان، لایەنی ئێرانی ئامادە نییە سازش بۆ ئەو مەرجانە بکات کە لای واشنتن پەسەندکراون. ترەمپ گۆڕانکاری و دابەزینی نرخی جیهانیی نەوتی بە شێوازی یەکلابوونەوەی دۆسیەی ئێرانەوە گرێ دا و پێشبینی کرد نرخی سووتەمەنی زیاتریش داببەزێت. هاوکات دووپاتی کردەوە کە لە یەکلاکردنەوەی بژاردە سەربازییەکاندا هیچ پەلەیەکی نییە.

​سەبارەت بە هەڵوێستی ئیدارەکەی بەرامبەر تاران، دۆناڵد ترەمپ گوتی: «ئێرانییەکان دەیانەوێت ڕێککەوتن بکەن، بەڵام نایانەوێت بێنە سەر ئەو ڕێککەوتنەی کە بۆ من قبوڵکراو بێت؛ واشنتن بەدوای ڕێککەوتنێکی ڕاستەقینەدایە نەک ساختە، و من پەلەم نییە لە بڕیاردان و دەبینین دوای سەری ساڵ چی ڕوودەدات.»

​لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی ١٢ـی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە سەرۆکی ئەمریکا لە کاتی گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی بۆ چین، دووبارە جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەر بڕیارێکی پەیوەست بە ئێران دەخاتە دوای سەری ساڵی نوێ. لە بەرامبەردا، سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە بەردەوامی فشار دەخاتە سەر کۆشکی سپی بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازیی هاوبەش دژی تاران، ئەوەش وای کردووە ترەمپ سەرلەنوێ پێداچوونەوە بە بژاردەی هێرشە سەربازییەکاندا بکاتەوە.

​ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە ململانێی سەربازی و دیپلۆماسیی نێوان واشنتن و تاران، بەهۆی گەمارۆی دەریایی و گرژییەکانی گەرووی هورمزەوە، بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێپەڕ دەبێت. لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ پشت بە ستراتیژیی گوشاری ئابووری دەبەستێت بۆ ناچارکردنی ئێران بە گەیشتن بە ڕێککەوتن، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەردەوام هۆشداری لە پەرەپێدانی پرۆگرامی ئەتۆمیی تاران دەدات و داوای وەشاندنی گورزێکی سەربازیی بەپەلە دەکات.

زۆرترین بینراو
یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی لاهور شێخ جه‌نگی له‌ زیندانه‌وه‌
دوای ٣٥ ساڵ لە مانەوەیان لە تونس؛ عێراق دوو فڕۆکەی مێژوویی جۆری "بۆینگ ٧٤٧" دەفرۆشێت
هاوپه‌یمانی نیشتمانی: هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر بارەگای سەرەکیی حزبمان لە هەولێر
تره‌مپ: له‌ په‌یوه‌ست به‌ ئێرانه‌وه‌ تا دوای سه‌ری ساڵی نوێ چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین
له‌سه‌ر دۆسیه‌ی قاچاخچێتی له‌ جورف سه‌خر، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كۆمپانیای هێڵی بۆرییه‌‌ نه‌وتییه‌كان ده‌ستگیركرا
پاش هەنگاوەکەی جورف سەخر و پەیامەکەی عەلی زەیدی؛ فەرماندەی زێرەڤانی: هێزەکانمان لە ئامادەباشیی تەواودان بۆ پاراستنی هەرێم
ڕەشنوسی بودجەی 2027ی عێراق تەواوکرا؛ داهاتی نانەوتی دەگاتە 19٪ و دۆسیەی نەوتی هەرێم وەک بەربەستی سەرەکی دەمێنێتەوە
جرف الصخر لەسەر لێواری تەقینەوە؛ ئەمریکا بە تەلەفۆن و ئێران لە مەیداندا
یەرەکە: کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درۆن و تۆپخانە سنووری سەردەشتی بۆردوومان کرد و هیچ زیانێک بەر هێزەکانمان نەکەوتووە
ترەمپ بە ئامادەبوونی پووتین و شی جینپینگ: ڕێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×