هێڵی ئاسمانیی عێراقی بڕیاریدا لە کۆتایی ئەم مانگەدا گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو شاری دوبەی دەستپێبکاتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ کاراکردنەوەی گەشتە دەرەکییەکان و ڕەخساندنی بژاردەی زیاتر لەبەردەم گەشتیاراندا.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا پەسەندکردنی بڕیاری دەستپێکردنەوەی گەشتە ڕاستەوخۆکانی لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ شاری دوبەی خستەڕوو. کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی وەهەب حەسەنی، وەزیری گواستنەوەی عێراقدا دێت، بە مەبەستی بەگەڕخستنەوەی هێڵە نێودەوڵەتییەکان و فراوانکردنی بازنەی خزمەتگوزارییەکانی هێڵی نیشتمانیی وڵات.
بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو لە ڕاگەیەندراوەکەدا، یەکەم گەشتی ڕاستەوخۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو دوبەی لە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگەدا ئەنجام دەدرێت، هەروەها ڕۆژێک دواتر و لە ٢٧ی مانگدا، گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بۆ هەمان مەبەست دەستپێدەکەنەوە. هاوکات کۆمپانیاکە کار بۆ ڕێکخستنی خشتەی گەشتەکان و دیاریکردنی نرخێکی کێبڕکێکار بۆ بلیتەکان دەکات بە جۆرێک لەگەڵ خواستی گەشتیاراندا بگونجێت.
لەبارەی ئامادەکارییەکانەوە، مستەفا تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی عێراقی ڕایگەیاند: "گەشتە ڕاستەوخۆکان بۆ شاری دوبەی لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی دەستپێدەکەنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیا کار لەسەر ڕێکخستنی خشتەکان و دەستەبەرکردنی نرخی کێبڕکێکار دەکات، بە جۆرێک کە وەڵامدەرەوەی پێداویستییەکانی سەرجەم گەشتیاران بێت."
دەستپێکردنەوەی ئەم هێڵە ئاسمانییە لە کاتێکدایە، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گەشتە ڕاستەوخۆکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە نێوان فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی بۆ دوبەی ڕاگیرابوون. وەستانی گەشتەکان لەو کاتەدا بەهۆی پەرەسەندنی ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە و دەستپێکردنی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بوو بۆ سەر ئێران، کە بووە هۆی دەرکردنی هۆشداریی سەلامەتیی فڕۆکەوانی لە ئاسمانی کەنداو و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.