بەهۆی بوونی زانیاری و گومان لەسەر دزەکردنی سێ چەکداری ڕێکخراوی داعش بۆ ناو سنووری شارۆچکەی پردێ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق ڕێگەی سەرەکیی نێوان هەولێر و کەرکووکیان بەتەواوی داخست و ئۆپەراسیۆنێکی کێوماڵکردنیان لە ناوچەکەدا دەستپێکرد.
ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، ١٣ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان لە سنووری کەرکووک بڵاویان کردەوە، لە دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری "پیکاپ" کردووە کە سێ چەکداری تێدابووە، دەستبەجێ هێزە ئەمنییەکانیان لێ ئاگادار کردووەتەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، گومان دەکرێت ئەو سێ چەکدارە سەر بە ڕێکخراوی داعش بن و پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان بەستبێت.
لە کاردانەوەیەکی خێرادا بەرامبەر ئەو زانیارییانە، هێزێکی زۆری سوپای عێراق کە پێکهاتوون لە زیاتر لە ١٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی جۆری هەمەر، ڕەوانەی شارۆچکەی پردێ کراون. هاوکات بۆ سەرپەرشتیکردنی ڕاستەوخۆی دۆخەکە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک گەیشتووەتە ناو شارۆچکەکە و فەرمانی توندوتۆڵکردنی بازگەکان و داخستنی تەواوی دەروازەکانی هاتن و چوونی بۆ ناو پردێ دەرکردووە.
لە ئێستادا ڕێوشوێنێکی ئەمنیی توند لەسەر ڕێگەی هەولێر - کەرکووک گیراوەتەبەر و هاوشانی هێزە زەمینییەکان، هێلیکۆپتەری سەربازی بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە، بە مەبەستی چاودێریکردن و دۆزینەوەی ئۆتۆمبێلە گومانلێکراوەکە.
ئەم جموجۆڵە سەربازییە چڕە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا جموجۆڵی چەکدارانی داعش لەو ناوچانەدا زیادی کردووە و چەندین جار لەو سنوورەدا چالاکیی تیرۆریستییان ئەنجام داوە و ژمارەیەک هاووڵاتیی کوردیان ڕفاندووە، ئەمەش وایکردووە هێزە ئەمنییەکان بە هەستیارییەکی زیاترەوە مامەڵە لەگەڵ هەر زانیارییەکی هەواڵگریدا بکەن.