ئاماژەکانی کەشناسی دەریدەخەن کە لە ئەمڕۆ هەینییەوە شەپۆلی وشکەسەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆتایی دەچێت و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
ئاوێنە: لەوبارەیەوە، پشتیوان پێنجوێنی، شارەزای بواری کەشناسی ڕایگەیاند، لە ئەمڕۆ هەینی (13ی تشرینی دووەمی 2026)ـەوە، پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان دەست بە بەرزبوونەوە دەکەن و ئەم دۆخە تاوەکو ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو (16ی مانگ) بەردەوامیی دەبێت. ئەو شارەزایەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد کە بەم گۆڕانکارییە کۆتایی بەو شەپۆلە وشکەسەرمایە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ناوچەکەی گرتبووەوە.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و تێیدا پشتڕاستی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای کردووەتەوە بەم شێوەیەی خوارەوە:
ڕەوشی کەشوهەوای ئەمڕۆ هەینی (13-11-2026):
بەگوێرەی ڕاپۆرتی کەشناسیی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان بە گشتی ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، لە هەندێک ناوچەشدا دەگۆڕێت بۆ نیمچەهەور. پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی دوێنێ بە نزیکەی (1 تا 2) پلەی سیلیزی بەرزتر دەبنەوە. سەبارەت بە خێرایی با، لەسەرخۆ دەبێت و لەنێوان (10 بۆ 15) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە ئاراستەی باکووری خۆرئاوا چالاک دەبێت، مەودای بینینیش لەنێوان (9 بۆ 10) کیلۆمەتر دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ هەینی بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 17 پلە
پیرمام: 14 پلە
سلێمانی: 16 پلە
هەڵەبجە: 18 پلە
چەمچەماڵ: 17 پلە
دهۆک: 18 پلە
زاخۆ: 18 پلە
گەرمیان: 22 پلە
حاجی ئۆمەران: 10 پلە
ڕەوشی کەشوهەوای سبەی شەممە (14-11-2026):
بۆ ڕۆژی شەممە، پێشبینی دەکرێت ئاسمانی هەرێم لەنێوان پەڵەهەور و نیمچەهەوردا بێت، لەگەڵ تۆمارکردنی بەرزبوونەوەیەکی دیکەی کەم لە پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارەکانی ئەمڕۆ هەینی. خێرایی با لەنێوان لەسەرخۆ و مامناوەنددا دەبێت بە خێرایی (10 بۆ 20) کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بە هەمان ئاراستەی باکووری خۆرئاوا، و مەودای بینین لەنێوان (8 بۆ 10) کیلۆمەتر دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی شەممە بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 18 پلە
پیرمام: 14 پلە
سلێمانی: 17 پلە
هەڵەبجە: 18 پلە
چەمچەماڵ: 19 پلە
دهۆک: 19 پلە
زاخۆ: 20 پلە
گەرمیان: 22 پلە
حاجی ئۆمەران: 11 پلە