بەگوێرەی ئاکسیۆس ئەمڕۆ بەڕێوەبەری دەزگای مۆسادی ئیسرائیل لە واشنتۆنە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ سەبارەت بە شەڕی ئێران وتووێژ دەکات.
ئاوێنە: سێ سەرچاوەی ئاگادار لەو بابەتە بە ئاکسیۆس-یان ڕایانگەیاند سەردانەکەی ڕۆمان گۆفمان کە یەکێکە لە کەسانی متمانەپێکراوی بنیامین ناتانیاهۆ، لە کاتێکدایە کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل فشار دەخاتە سەر ترامپ بۆ ئەوەی شەڕی دژی ئێران دەستپێبکاتەوە.
سەرچاوەکان دەڵێن، گۆفمان لەگەڵ جۆن ڕاتکلیف بەڕێوەبەری سی ئای ئەی کۆدەبێتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت گەشت بۆ میامی بکات و لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری کۆشکی سپی کۆببێتەوە.
مۆساد و سی ئای ئەی و کۆشکی سپی ڕەتیانکردەوە هیچ لێدوانێک بدەن.
ترەمپ تا ئێستا بەرەنگاری فشارەکانی نەتانیاهۆ بووەتەوە بۆ گەڕانەوە بۆ نێو جەنگ. بەپێی وتەی بەرپرسێکی ئەمەریکا، ئەو دوو کەسە لە ٥ی ئەم مانگە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا باسیان لە شەڕی ئێران کردووە.
بەڵکو ترەمپ پەیوەندی بە سعودیە و قەتەر و ئیماراتەوە کردووە لە درێژەدان بە هەڵمەتی گەمارۆی دەریایی و فشاری ئابووری دژی ئێران لە هەمان کاتدا لێکۆڵینەوە لەوە دەکات کە ئایا ڕێککەوتنێک ئەگەری هەیە یان نا.
دۆناڵد ترەمپ ڕۆژی پێنجشەممە وتی: دەتوانم دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنم. لەسەر داوای ئەو گەلانەی کە هەوڵی پاراستنیان دەدەم، ئێمە کەمێک شارستانیتر ئەو کارە دەکەین، ترەمپ وتی "سعودیە داوای لێکردم بۆ ماوەیەک شتەکان وەک خۆیان جێبهێڵم، قەتەر، کوێت، ئیمارات و بەحرەین زۆر پێیان باشترە ئەو ماوەی چاوەڕوانییە".
ئەمە لەکاتێکدایە کە نەتانیاهۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٧ی ئۆکتۆبەر لە ئیسرائیل زۆرینەی پەرلەمانی لەدەستدا.
نەیارەکەی، گاندی ئایزنکۆت، ئەرکی پێکهێنانی حکومەتێکی نوێی پێ سپێردراوە. بەڵام تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا دەتوانێت ئەو کارە بکات یان نا.
لەلایەکی دیکەوە، سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل نیگەرانن لەوەی نەتانیاهۆ هەوڵدەدات هێرش بکاتە سەر ئێران – یان ئێران وروژێنێت بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل – بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئایزنکۆت تێکبدات، سەرچاوەکان دەڵێن ئەگەر ئایزنکۆت سەرکەوتوو بێت، نەتانیاهۆ لە دەسەڵات دوور دەخرێتەوە.
ڕۆژی پێنجشەممە نەتانیاهۆ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر لەگەڵ ئایزنکۆت کۆبووەوە و کورتەیەک لە بارودۆخی ئێرانی پێدا.
سەرچاوەیەکی نزیک لەئایزنکۆت ڕایگەیاند، پێی وا نییه بارودۆخی ئێستا پێویستی به ڕێوشوێنی سەربازی خێرا لەدژی ئێران بێت.
لای خۆیەوە، هەواڵەکانی کەناڵی ١٤ی ئیسرائیل - کە چەندین جار بە پێشێلکردنی یاساکانی سانسۆری IDF تۆمەتبار کراوە - رایگەیاندووە کە "شاندێکی زۆر گرنگی ئیسرائیل" دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی ئەمریکای کردووە لەهەوڵێکدا بۆ ڕازیکردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ بۆردومانکردنی شاخی پیکاکس.