لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان عێراق و ئێران، دۆسیەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قۆناغێکی نوێی گفتوگۆی بەخۆیەوە بینیوە. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا دانوستاندنێکی چڕ و بەردەوام لەنێوان هەولێر، بەغدا و تاراندا هەیە بۆ دیاریکردنی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە لەناو خاکی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێن.
ئاوێنە: بەپێی لێدوانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق، گفتوگۆکان تەنیا لایەنی ئەمنی ناگرنەوە، بەڵکو چەند بژاردەیەکی سیاسی و یاساییش لەسەر مێزی دانوستاندنن. یەکێک لە دیارترین ئەو بژاردانەی کە تاوتوێ دەکرێت، دەرکردنی بڕیاری لێبووردنە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، بە مەبەستی ڕەخساندنی زەمینەی گەڕانەوەی ئەندام و پێشمەرگەی ئەو حیزبانە بۆ زێدی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم هەنگاوە دوای زنجیرەیەک ڕێککەوتنی ئەمنی دێت لەنێوان بەغدا و تاران بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە تێیدا چەکداماڵین و گواستنەوەی بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە سنوورەکانەوە بۆ کەمپە دیاریکراوەکان جێبەجێ کرا، وەک هەنگاوێک بۆ دوورخستنەوەی هەرێمی کوردستان لە هێرش و گرژییە سەربازییەکان.