پەرلەمانى عێراق ئەمرۆ کۆدەبێتەوە و پرسی بە پارێزگابوونى هەڵەبجەى خستووەتە تەوەرى یەکەمى بەرنامەى کارییەوە، کە مەرجى فراکسیۆنە کوردییەکانە بۆ شکاندنى بایکۆتى دانیشتنەکان.
پەرلەمانى عێراق بەرنامەی كاری دانیشتی ئەمرۆی بڵاوكردەوە و بەگوێرەی بەرنامەی كارەكە، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى بە پارێزگابوونى هەڵەبجە لە تەوەرى یەکەمى دانیشتنەکەیە، کە لە پێنج تەوەر پێکهاتووە.
تەوەرەكانی دیكەی كۆبوونەوەكە بریتین لە هەمووارکردنەوەی یاسای هاوتابوونی بڕوانامە و بڕوانامەی ئەکادیمی، خوێندنەوەی دووەمی یاسای پێشنیارکراوی پاراستن و باشترکردنی ژینگە، خوێندنەوەی دووەمی ڕەشنووسی یاسای پەیوەستبوونی کۆماری عێراق بەو ڕێککەوتنەی، کە لە ٢٨ـی تەمووزی ١٩٩٤ واژۆ کرا لەگەڵ هەموواری پێشنیارکراوی ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی یاسای ژمارە ١٣.
جێگای ئاماژەیە، فراكسیۆنە كوردییەكانی پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاند، بایكۆتی دانیشتنەكانی پەرلەمان دەكەن و هەنگاوی دیكە دەگرنەبەر، ئەگەر دەنگ لەسەر بە پارێزگابوونی هەڵەبجە نەدرێت.