مەسرور بارزانی: خزمەتی زیاتری کەسوکارى ئەنفالکراوان دەکەین
  2025-04-14       118       

بەبۆنەى یادى ئەنفالەوە، سەرۆکی حکوومەت پەیامێکى بڵاوکردەوەو تیایدا دەڵێت: جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا.

ئاوێنە: هەروەها لەبەشێکى دیکەى پەیامەکەیدا داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکات بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری هەستێت و کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.

پەیامی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی ئەنفال:

لە (37)مین ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، بە ڕێزەوە یادی شەهیدان و قوربانییانی جێنۆسایدی(ئەنفال) دەکەینەوە، کە ڕژێمی پێشووی عێراق، بە دەیان هەزار خەڵكی بێتاوانی كوردستانی ڕاپێچی بیابانەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق کرد و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵ و بێسەروشوێنی كردن.

جێنۆسایدی ئەنفال، تاوانکارییەکی گەورە بوو لە دژی خاک و خەڵکی کوردستان ئەنجام درا و تا ئێستاش، دەرهاویشتە و لێکەوتەکانی ئەم کۆمەڵکوژییە هەر ماون و پێویستە حکومەتی فیدراڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و هەموو زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و هەموو ستەملێکراوانی دیکەی دەستی ڕژێمی بەعس، لە ڕووی ماددی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بکاتەوە.

لە ساڵڤەگەڕی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە شۆڤێنیەدا، حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان، یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان هەمیشە بەرز و شکۆدار بێت.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×