مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بەجیا لەگەڵ وەفدێكی كۆنگرێس كۆبونەوە
  2025-04-13       259       

مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەفدێكی كۆنگرێسی ئەمریكا جەخت دەكەنەوە كە پێویستە كابینەی نوێی حكومەت لەنزیكترین كاتدا پێكبهێنرێت. قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانیش دەڵێت، راسته‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ خێرایی ناچێته‌ پێش، به‌ڵام هه‌نگاوی زۆر باش نراوه‌.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، پێشوازی لە وەفدێکی کۆنگرێسی ئەمەریکا کرد کە لە ئەندامانی کۆنگرێس ئادەم سمیس، مایکل باومگارتنەر، سارا جاکۆبس، وێسلی بێڵ، جۆرج وایتسایدز و وەفدی یاوەریان پێکهاتبو و لە کۆبونەوەکەدا، بیروڕا لەبارەی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچە و پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرا.

ئاماژە بەوەدراوە، لە بەشێکی كۆبونەوەكەدا، هەردولا جەختیان لە پێویستیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە زوترین کاتدا کردەوە.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، گرنگیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەروەها گۆڕانکارییەکانی سوریا و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی كۆبونەوەكەی نێوان مەسرور بارزانی و وەفدەكەی كۆنگرێس بون.

لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیران لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، هەر ئەمڕۆ، قوباد تاڵەبانی لە هەولێر پێشوازی لە هەمان وەفد كردوەو له‌ كۆبونه‌وه‌ی نێوانیاندا سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی ئاشتی له‌ توركیا و دۆخی سوریا و گفتوگۆكانی نێوان ئێران و ئه‌مریكا و دوایین په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌ ئاڵۆگۆڕی بیروڕا كرا.

له‌باره‌ی دۆخی سیاسی ناوخۆی هه‌رێم و هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمیشه‌وه‌، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران رایگه‌یاند، راسته‌ پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت به‌ خێرایی ناچێته‌ پێش، به‌ڵام هه‌نگاوی زۆر باش نراوه‌ و هه‌مو هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ن پارتی و یه‌كێتی له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی به‌هێز و كارا و یه‌كگرتو رێكبكه‌ون كه‌ هه‌م له‌ ئاستی جێبه‌جێكردنی داواكارییه‌كانی هاوڵاتییاندابێت و هه‌م بتوانێت له‌م قۆناغه‌ ئاڵۆزه‌ی ناوچه‌كه‌دا، سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌منی هه‌رێمی كوردستان به‌ باشی بپارێزێت.

سه‌باره‌ت به‌ پرسی نه‌وت و گازیش، جێگری سه‌رۆكوه‌زیران رونیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم گه‌شبینه‌ و هه‌مو هه‌وڵێكیش ده‌دات له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر نزیكدا له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌نه‌ رێككه‌وتنێك بۆ ده‌ستپێكردنی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم. له‌باره‌ی گازیشه‌وه‌، قوباد تاڵه‌بانی رایگه‌یاند، ئه‌وله‌وییه‌تی حكومه‌تی هه‌رێم له‌م قۆناغه‌دا به‌كارهێنانی گازه‌ بۆ دابینكردنی كاره‌بای 24 كاتژمێری بۆ هاوڵاتییان و هه‌روه‌ها دابینكردنی گازه‌ بۆ به‌كارهێنانی ماڵان و كارگه‌ پیشه‌سازییه‌كان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×