هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا رەتیدەكاتەوە كە لە كۆبونەوەی دوێنێی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا رێككەوتن لەسەر ئەوە كرابێت كە هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق بەپێی یاسای ئێستای هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت.
ئاوێنە: عەقیل فەتلاوی، وتەبێژی فراكسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە راگەیەندراوێكدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس وتویەتی، ئەوەی دەوترێت لەبارەی ئەنجامی كۆبونەوەی دوێنێی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی هێشتنەوەی یاسای هەڵبژاردنی ئێستا و هەموارنەكردنەوەی، دورە لە راستییەوە.
بەقسەی عەقیل فەتلاوی لە كۆبونەوەكەدا رێككەوتن لەوبارەیەوە نەكراوەو بابەتەكە پەیوەستە بە بڕیاری پەرلەمانی عێراقەوە.
هاوكات حەسەن سنێد، نوێنەری دەوڵەتی یاسا لە كۆبونەوەكەی ئێوارەی دوێنێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لە كۆبونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی یاسای هەڵبژاردن و هەمواركردنی نەكراوەو بۆچونی لایەنە سیاسییەكانیش لەوبارەیەوە وەرنەگیراوە.
حەسەن سنێد وتوشیەتی، دەبێت وردی و بابەتیبون لەو جۆرە پرسە نیشتمانییە هەستیارانەدا بەكاربهێنرێت.
ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆشكی حكومەت لە بەغدا كۆبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە لەلایەن میدیای رەسمی عێراقەوە بڵاوكراوەتەوە، هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پێشوازی لە بڕیاری حكومەت كردوە بۆ دیاریكردنی وادەی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 11ی تشرینی دوەمی 2025 و لە كۆبونەوەكەشدا رێككەوتن كراوە لەسەر ئەوەی كە هەڵبژاردنەكە بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئێستاو بەبێ هیچ هەمواركردنێك، بەڕێوەبچێت.