بە تۆمەتی "فریودان و بانگەشەكردن بۆ دراوی ئەلیكترۆنی فۆڕێكس"، ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی خاوەنی كۆمپانیای "توانا ئێف ئێكس"ی راگەیاند.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، تۆمەتبار (ت. س. ع.) خاوەنی کۆمپانیای (توانا ئێف ئێکس)مان دەستگیرکرد بە تۆمەتی فریودان و هەڵخەڵەتاندنی گەنجان و بانگەشەکردن بۆ دراوی ئەلیکترۆنی فۆڕێكس لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدیۆکانی.
ئەوەشی خستۆتەڕو، دوای ئەنجامدانی بەدواداچون لە لایەن تیمی ئابوری بەڕێوەبەرایەتیەکەیان دەرکەوتوە هیچ مۆڵەتێکی دامەزراندن و تۆمارکردنی کۆمپانیای نییە.
ئاسایش وتوشیەتی، بازرگانی کردن بە فۆڕێکس، نایاساییەو ڕێگەپێدراو نییەو بەهەدەردانی پارەو سامانی هاونیشتمانیانە.
هەروەها داواشی لە هاوڵاتیان كردوە خۆیان بەدور بگرن لەم جۆرە بازرگانی و مامەڵەکردنانە تاکو سامانیان پارێزراوبێت.