تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، سوپای توركیا چیای كوڕەژارۆ و گارای بۆردومان كردوەو سەربازانی ئەو وڵاتەش تەقەیان بەڕوی ماڵانی گوندەكانی شیلادزێدا كردوە.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، كاتژمێر ١٠:٣٦ خولەکی دوێنێ شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بەچڕی بۆردومانی چیای کوڕەژارۆیان لە ناحیەی شیلادزێ لە قەزای ئامێدی کرد.
ئەوەشی خسۆتەڕو، دواتر لە کاتژمێر ٢:٢٠ خولەکدا، سەربازانی تورکیا لە بارەگا سەربازییەکانیانەوە تەقەیان بەڕوی گوندی "بیریا شیخۆ" لە دامێنی چیای کوڕەژارۆ کرد.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، یەکێک لە فیشەکەکان بەر ماڵی هاوڵاتییەکی مەدەنی بەناوی (بەختیار محەمەد ڕەسوڵ) کەوت. ناوبراو خێزاندارە و خاوەنی دو منداڵە و سەرجەمیان لە خەودابون کاتێک فیشەک لە جامی پەنجەرەکەیانەوە چوە ژورەوە.
كامەران عوسمان وتوشیەتی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، کاتژمێر ١٠:١٥ خولەک، تۆپخانەکانی تورکیا لە چیای مەتیناوە تۆپبارانی بەری نزارکێیان لە چیای گارا کرد.
ئەوەشی وتوە، هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی نەبۆتە قوربانی، بەڵام هێرش و بۆردومانەکان دڵەڕاوکێیان بۆ دانیشتوانی ناوچەکە دروستکردوە.
بۆ بینینی ڤیدیۆكە لێرە كلیك بكە