كۆبونەوەی نێوان وەفدی دەم پارتی و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا كۆتایی هات. سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی دەم پارتی رایگەیاند، كۆبونەوەكەمان زۆر ئەرێنی بو.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی دەم پارتی كە پێكهاتبون لە سری سورەیا ئۆندەر و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتارانی دەم پارتی لە كۆمەڵگەی سەرۆكایەتی توركیا لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆمار كۆبونەوە.
لە كۆبونەوەكەدا كە یەك سەعات و 25 خولەكی خایاند، هەریەكە لە ئیبراهیم كاڵن، سەرۆكی دەزگای میت و ئەفكان ئاڵا، جێگری سەرۆكی گشتی ئاكپارتی ئامادەبون.
لەدوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكە، سری سورەیا ئۆندەر لە لێدوانێكدا وتی، "كۆبونەوەكە زۆر ئەرێنی بو و بەباشی بەڕێوەچو. ئێمە زۆر گەشبینین. دواتر راگەیەندراوێكی نوسراو بڵاودەكرێتەوە."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەر لە كۆبونەوەكە ئۆندەر وتی، ئەوەی تاوەكو ئێستا پێی گەیشتوین لە پڕۆسەی چارەسەری دەیخەینە بەردەم ئەردۆغان، لێرە بەدواوە بۆچون و پێشنیارەكانی وەردەگرین و پێشنیارەكانی خۆیشمان دەخەینەڕو. پێمانوایە بواری سیاسەتی دیموكراتی و ئاشتی، لەمەودوا بە هەنگاوی خێراتر و كاراترەوە بەردەوام دەبن.
هەر بەر لە كۆبونەوەكە پەروین بوڵدان وتی، دەمەوێت جەخت لەوە بكەمەوە كە ئەم كۆبونەوەیە گرنگە، ئەردۆغان لەگەڵ ئێمە بۆ یەكەمجار تێڕوانینەكانی ئاڵوگۆڕ دەكات، ئەو تێڕوانینی خۆی لەبارەی پڕۆسەكەوە بە ئێمە دەڵێت، ئێمەش لە سەرجەم كۆبونەوەكانی كە كردومانن، ئاگاداری دەكەینەوە. رەنگە دوای كۆبونەوەكە راگەیەندراوێكی نوسراو بڵاوبكەینەوە.