رێككەوتنی كورد و دەسەڵاتدارانی سووریا كەوتە بواری جێیەجێكردنەوە، وەك هەنگاوی یەكەم میلیشیاكان لە عەفرین كشانەوە و كوردیش لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشەرەفییەی حەلەب كشایەوە.
ئاوێنە: مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەكانی سووریای دیموكرات و ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی راگوزەری سووریا، رێككەوتنێكیان واژوو كرد، لەناو رێككەوتنەكەدا دەڵێت: هێزەكانی كورد لە گەڕەكەكانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بكشێنەوە، گرووپە چەكدارەكانی نزیكی توركیاش لە عەفرین، هەروەها ئاڵوگۆڕی گیراوەكانی هەردوولاش بكرێت.
لەم هەفتەیەدا ئەو سێ خاڵە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە و كورد هەردوو گەڕەكە مێژووییەكەی حەلەبی دایە دەست ئاسایشی حكوومەت، چەكدارانیش لە عەفرین كشانەوە و بەشێكی زۆر لە ئاوارەكان گەڕانەوە عەفرین، پرۆسەی ئاڵوگۆڕكردنی گیراوەكانی هەردوولاش دەستی پێ كرد.
دوای هەڕەشەكانی ئیسرائیل، ئەو گرووپانەی كە نزیكی توركیان و چەندان ساڵە دژی كورد لە سنووری عەفرین دەجووڵێنەوە، شارەكەیان چۆڵ كرد و دەسەڵاتی نوێی سووریا هێزێكی بەناوی ئاسایشی لە شارەكە جێگیر كرد، بەشێك لەو كوردانەی ئاوارە بووبوون، گەڕانەوە بۆ عەفرین و چاوەڕێ دەكرێت هەموو ئەوانەی ئاوارە بوون بگەڕێنەوە بۆ عەفرین.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی بەرگریی سووریا بە ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی راگەیاندووە: گرووپە چەكدارەكانی سەربە توركیا، ژمارەی خاڵەكانی پشكنینیان كەم كردووەتەوە و زۆربەی بنكەكانی ناوەندی شارەكەیان چۆڵ كردووە، تەنیا چەند گرووپێكی بچووكیان بەشێوەیەكی كاتی ماونەتەوە و ئەوانیش شارەكە جێدەهێڵن. چونكە مۆڵەتی تا 15ـی نیسان دراوەتە گرووپە چەكدارەكانی سەربە توركیا، بەتایبەتی هێزەكانی بژاردە و عەمەشات و حەمزە، بۆ چۆڵكردنی عەفرین و بەجێهێشتنی شارەكە و رادەستكردنی دۆسیەی تەناهی بە ئیدارەی ئاسایشی ناوخۆی سووریا.
ئاژانسی فرانس پرێسی دەڵێت: گواستنەوەی گرووپە چەكدارەكان لە عەفرینەوە بۆ بنكەی سەربازیی تر، بۆ دوورخستنەوەی ئەو گرووپانەیە لە مەترسی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەریان، بۆیە وەك رێكارێكی خۆپارێزی و بەشێك لە پڕۆژەی دیمەشق بۆ تێكەڵكردنی گرووپە چەكدارەكانی سوپای نیشتمانی سووریا بە وەزارەتی بەرگریی، ئەو گرووپانە لە ناوچەكە كشاونەتەوە.
ئاژانسی فرانس پرێس ئەوەشی گوت، كورد چاوی لەوەیە خۆی عەفرین بەڕێوە بەرێت و بۆ ئەمەش پڕۆژەیەكیان بە دەسەڵاتدارانی سووریا داوە كە ئیدارەی ناوچەكە، بەخەڵكی سنوورەكە بێتە سپاردن.