ئەردۆغان‌و شاندی ئیمرالی دەم پارتی کۆبوونەوە
  2025-04-10       252       

 کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ شاندی ئیمرالی کۆتاییهات، کۆبوونەوەکە نزیکەی کاتژمێرو نیوێکی خایاند، هەموو سەرنجەکان لەسەر ئەم روداوەیەو ئەنجامی کۆبوونەوەکە بەوەرچەرخانێکی گرنگ دادەنرێت لەپرۆسەی ئاشتی تورکیادا.

 

ئاوێنە: کۆبوونەوەی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شاندی دەم پارتی، لەبێشتەپە بەڕێوەچوو، ئیبراهیم کالینی سەرۆکی میتئەفکان ئالا جێگری سەرۆکی ئاکەپەش ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون.

شاندی دەم پارتی تەنیا لە"سری سورەیا ئۆندەرو پێرڤین بوڵدان" پێکهایت‌و کۆبوونەوەکە لەکۆمەڵگەی سەرۆکایەتی تورکیا بەڕێوەچوو.

دواهەیین جار کە ئەردۆغان لەگەڵ نوێنەرانی سیاسی کورد کۆبووەوە، لە١٢ی حوزەیرانی ٢٠١٢دا بوو، لەچوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی ئاشتییەی ئەوکات لەنێوان کوردو دەوڵەتی تورکیادا لەئارادا بوو، ئەردۆغان کە ئەوکات سەرۆک وەزی بوو، لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش‌و گولتان کشاناک هاوسەرۆکانی ئەوکاتی پارتی ئاشتی‌و دیموکراسی کۆبوەوە، دیداری ئەمڕۆ یەکەم پەیوەندی ڕووبەڕوو دەبێت لەگەڵ نوێنەرانی سیاسی کورد وەک سەرۆک کۆمار.

ئەمە لەکاتێکدایە کە عەبدوڵا ئۆجەلان، داوای چەک دانان‌و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کردووەو رایگەیاندووە "لەم چوارچێوەیەدا لەسەر دەوڵەتی تورکیا پێویستە زەمینەی سیاسی‌و یاسایی بۆ ئەم هەنگاوە بڕەخسێنێت".

دوابەدوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان، کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکەش بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بەشداریان لەو بانگەوازەدا کردووەو ئەوەی پێویست بێت دەیکەن. هەروەها داواکاری خۆی بۆ ئازادکردنی ئۆجالان دووپاتکردەوەو لە ١ی ئازارەوە ئاگربەستیان راگەیاندووە.

شاندی ئیمرالی دەم پارتی تا ئەمڕۆ دوو گەشتی گفتوگۆی لەگەڵ حزبە سیاسییەکانی ناو پەرلەمانی تورکیا ئەنجامداوەو چاوەڕوانی ئەم کۆبوونەوەیەی ئەمڕۆ لەگەڵ ئەردۆغان دەکرا.

وا بڕیارە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان، شاندەکە بۆ چوارەم جار سەردانی ئیمرالی بکات‌و لەگەڵ ئۆجەلان کۆببنەوە.

کۆبوونەوەی شاندی ئیمرالی دەم پارتی‌و ئەردۆغان کە لەسایەی پێشهات‌و گۆڕانکارییە گەورەکانی تورکیاو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت، پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا تورکیا دەچێتە سەردەمێکی نوێوە سەبارەت بەپرسی کورد؟

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×