لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد
  2025-04-07       245       

لەگەڵ قەیرانی ئابووری و نەتوانینی حکوومەتی ئێران لە جێبەجێکردنی داخوازییەکانی توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەدا، خانەنشینان و کرێکاران و فەرمانبەرانی کورد و ئێران گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان دەکەن.

ئاژانسی ئێران ئینتەرناشناڵ سەبارەت بە گردبوونەوە و خۆپیشاندانی فەرمانبەران و کرێکارانی کورد و ئێران بەهۆی قەیرانی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەمجۆرە زانیارییان خستووەتەڕوو.

لە هەواڵەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ خانەنشینان و کرێکارانی کورد و ئێران لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان و لە بەردەم پارێزگای شارەکان دەستیان کرد بە خۆپیشاندان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر بارودۆخی سەختی ئابووریی و جێبەجێنەکردنی داواکارییەکانیان لەلایەن حکوومەتی مەسعوود پزیشکیانەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە خۆپیشاندانەکە چەندین درووشم دژی حکوومەتی ئێران وترایەوە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان و پێدانی مووچەکانیان كرد.

باس لەوەشکراوە، مووچەی ئێستای خانەنشینان و فەرمانبەران بەشی نیوەی خەرجی ژیانیان ناکات و پێداویستییەکانیان پڕناکاتەوە.

جێگای ئاماژەیە، لە ساڵی ڕابردووەوە خانەنشینان و کرێکاران و فەرمانبەران بەردەوام لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گردبوونەوە و ڕێپێوانیان ئەنجامداوە دژی جێبەجێ نەکردنی داواکارییەکانیان، بەجۆرێك لە ساڵی ٢٠٢٤ دا سێ هەزار و ٧٠٢ گردبوونەوە و مانگرتن لە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان و شارەكانی دیكەی ئێران ئەنجامدراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×