بە چەند قۆناغێک قەرەبووی کاسبکارانی بازاڕی دارەسوتاوەکە جێبەجێدەکرێت بەپێی ئەو خەمڵاندنەی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دیاریدەکات.
ئاوێنە: عەتا محەمەد، بەڕێوەبەریی نوسینگەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆسەی قەرەبووکردنەوەی کاسبکارانی بازاڕی دارەسوتاوەکە بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت، لەوانە: قۆناغی یەکەم، بریتییە لە پاکردنەوەی بازاڕەکە، دواتر پاشان شۆردنی بازاڕەکە، قۆناغی کۆتاییش قەرەبووکردنەوەی کاسبکارەکانە بە شێوازی نەقدی، کە خۆیان دەست بە نۆژەنکردنەوەکە دەکەن، بە سەرپەرشتیی ئەندازیارانی شارەوانیی سلێمانی.
ئاماژەی بەوەشدا، لە قۆناغی کۆتایی قەرەبووکردنەوەکەدا، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی تۆڕی کارەبایی سەرجەم بازاڕەکە نۆژەندەکاتەوە.
هاوکات، ئاوات محەمەد قایمقامی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی هەفتەیەکدا قەرەبووی خاوەن دوکانەکان دەکرێتەوە بەپێی ئەو خەمڵاندنەی کە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانییەوە دیاریدەکرێت.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، بەڵێنمان بە کاسبارانی بازاڕەکە داوە ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ کەمکردنەوەی بەشێکی ئازار و ناخۆشییەکەیان؛ ئەنجامی دەدەین.